ئەندازیار سارا ستار كاندیدی ژمارە (٧)ـی بازنەی کەرکوک،لە لیستی (٢٧٥)ـی پارتی دیموکراتی کوردستان: ئەركی هەموو كوردێك بەگشتی و كەركووكییەكانە بەتایبەتی، كە دەنگ بە لیستی ژمارە 275ـی پارتی و كاندیدەكانی بدەن

160

خەبات: پەری محەمەد:- ئەندازیار سارا ستار، کچی نووسەر و ئەدیب ستار شێخانی و خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە لە بواری ئەندازیاری نەوت، لە ساڵانی ڕابردوودا بە شێوەیەکی چالاک سەرۆکی (دەزگای پاراو بۆ گەشەپێدان و مافی مرۆڤ) بووە. خاوەنی چەندین بڕوانامە لە(TOT) و چەندین پڕۆژەی گەشەپێدانی بۆ گەنجان، ئافرەتان و منداڵان کردووە، شارەزایی لە زمانەکانی عەرەبی، ئینگلیزی، تورکمانی و فارسی هەیە و لە ئێستادا كاندیدی ژمارە (٧)ـی بازنەی کەرکووکە، لەسەر لیستی (٢٧٥)ی پارتی دیموکراتی کوردستان.

ئەندازیار سارا ستار تایبەت بە خەبات دەڵێت: باوەڕی تەواوم هەیە بە گرنگی و گەشەپێدانی کەسایەتی و چالاککردنی یاسای مافی مرۆڤ، دڵنیام کە یەکگرتوویی هەموو ئەندامانی کۆمەڵگە بنەمای دروستکردنی داهاتوویەکی باشترە بۆ هەمووان. دروشمەکانی ئێمە دیارە: هاوبەشی، هاوسەنگی و سازان، ئەمانەش، نیشانەی بەرەوپێشچوون و یەکدەنگییە لە بنیاتنانی نەتەوەیەکی دیموکراتی و دادپەروەرانە. لەسەرەتای دروستبونی ئێراقی نوێوەوە، ماوەیەکی زۆرە کە گوتومانە بە هاوبەشی و هاوکاری، ئێمە دەتوانین ئەم ئاستە بەرزتر بكەینەوە و بەردەوامی پێ بدەین، بە بەرزراگرتنی سەروەری یاسا و بەهێزکردنی بنەماکانی مافی مرۆڤ.

كاندیدی ژمارە (٧)ـی بازنەی کەرکووک، لەسەر لیستی (٢٧٥)ی پارتی دیموکراتی کوردستان راشیگەیاند: ئەگەر بڕیارە عێراق دەوڵەتی هەمووان بێت، دەبێت هاوبەش بین، نەوەکو ئەرکمان هەبێت و مافمان نەبێت، ئێمە وەکوو نەتەوەی کورد، وەکو یەکێک لە بنچینەکانی دامەزراندنی عێراقی نوێ، دەبێت هاوسەنگییەکی ڕاستەقینە بۆ هەموو نەتەوەو و ئایین و ئایینزاكان هەبێت لە هەموو دامەزراوە فەرمییەکاندا. لە ڕاستیدا، ئێستا ئێمە کورد تەنیا بەشدارین لە بەشێكی یەكجار كەمی داهاتە نەوتییەكانی كەركوك، كە ڕێژەكەی كەمترە لە (٢%)، ئەمەش لەکاتێکدایە کە زۆربەی هاوڵاتیانی کورد فەرمانبەری حکوومەتن. ئەگەر سەیری ناو وەزارەت و دامەزراوەکانی حکوومەتی فیدراڵی بکەین، دەبینین کە هاوسەنگی بە شێوەیەکی دیار و ئاشکرا پێشێلكراوە و كورد لەم هاوسەنگییە بی بەش كراوە.

ئەندازیار سارا ستار، كاندیدی ژمارە (٧)ـی بازنەی کەرکوک، لە لیستی (٢٧٥)ـی پارتی دیموکراتی کوردستان دەشڵێت: بۆ دروستکردنی عێراقێکی بێ کێشە، ئازاد و مۆدێرن، هیچ ڕێگایەک بەهێزتر نییە لە کارکردن و بە بنەما وەرگرتنی ئەم دروشمانەیەی پارتی: هاوبەشی، هاوسەنگی، بەشداریی ڕاستەقینە، ئێمە دەڵێین: ئەگەر عێراق بەراستی دەوڵەتی هەمووانە، دەبێت هەموو نەتەوەکان بە یەکسانی بەشداربن لە دامەزراندن و بەرێوەبردنی وڵات، نە تەنیا بە ئەرک، بەڵکوو بە مافیش.

دەشڵێت: نابێ ڕووداوەکانی پردی و سحێلا لەبیر بکرێت، کە پێشمەرگە خۆی کردە قوربانی بۆ پاراستنی سنووری ناوچەکەو هەموو جیهانیش شایەدی ئەوە دەدەن كە چۆن پارتی بەرگری لە تەواوی خاكی كوردستان كردووە و بە یەك چاو سەیری هەموو كوردستان و ناوچە دابڕێندراوەكانیش دەكات، بۆیە ئەركی هەموو كوردێك بەگشتی و كەركووكییەكانە بەتایبەتی، كە دەنگ بە لیستی ژمارە 275ـی پارتی دیموكراتی كوردستان و كاندیدەكانی بدەن.