خزمەتکردنی هەڵەبجە لە ڕوانگەی پارتی دیموکراتی کوردستان

145

د.محەمەد خورشید*
هەڵەبجە، سیمبولی خۆڕاگری و قوربانیدان، هەردەم جێگەی بایەخ و شارە خۆشەویستەکەی کوردستان بووە، بەپارێزگابوونی ئەم شارە، داخوازییەکی ڕەوا بوو کە بە درێژایی چەندین ساڵی ڕابردوو کاری بۆ کراوە و لەم پرۆسەیەدا، ڕۆڵی سەرۆک مەسعود بارزانی وەک ڕابەر و خەمخۆری گەلەکەمان، یەکلاکەرەوە و بنەڕەتی بوو. سەرۆک بارزانی لە هەموو قۆناغەکانی ئەم پڕۆسەیەدا، پشتیوانێکی گەورەی داخوازی خەڵکی هەڵەبجە بووە و بەردەوام جەختی لەسەر گرنگی بەپارێزگابوونی ئەم شارە کردووەتەوە وەک وەفایەک بۆ قوربانیدانەکانیان. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئێستا، هەڵەبجە وەک پارێزگایەک، پێویستی بە پشتیوانی بەردەوام هەیە بۆ گەشەکردن و ئاوەدانکردنەوەی.

خزمەتکردنی هەڵەبجە ستراتیژییەتی پارتییە
پارتی دیموکراتی کوردستان، وەک هەمیشە، پێشەنگی پارێزگاریکردن بووە لە ماف و دەستکەوتەکانی گەلی کوردستان لە بەغدا. ئێمە باوەڕمان وایە، بۆ ئەوەی دەنگی کورد بەهێز بێت و بتوانین داخوازییە ڕەواکانمان بەدی بهێنین، پێویستە پارتی ببێتەوە بە براوەی یەکەم و زۆرترین نوێنەرمان بچێتە پەرلەمانی عێراق، پارتی خاوەنی ئەزموونێکی دەوڵەمەندە لە مامەڵەکردن لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان و بەدەستهێنانی مافە دەستوورییەکانمان. نوێنەرەکانی پارتی لە بەغدا بە شارەزایی و لێهاتووییەوە کار بۆ جێگیرکردنی مافەکانی گەلی کوردستان دەکەن، پارتی خاوەنی پێگەیەکی بەهێزە لەسەر ئاستی عێراق و نێودەوڵەتیش. نوێنەرایەتییەکی بەهێزی پارتی لە بەغدا، ئەو پێگەیە بەهێزتر دەکات و دەرفەتی زیاتر دەڕەخسێنێت بۆ بەرژەوەندییەکانی گەلی کوردستان.

زۆرێک لە ماددە دەستوورییەکان کە تایبەتن بە مافەکانی گەلی کوردستان، وەک ماددەی ١٤٠ و دابەشکردنی سامانی گشتی بەشێوەیەکی یەکسان، هێشتا جێبەجێ نەکراون. پارتی بەردەوام فشاری بۆ جێبەجێکردنیان هێناوە. پێویستە دەنگی پارتی یەکەم بێت بۆ ئەوەی سەنگی پارتی، ئەم پرۆسەیە سست نەبێت و بەشێکی زۆر لەو مافە بەدەست نەهێنراوانە بەدەست بهێنین. لە ماددەی ١١٥ی دەستووری عێراق باس لە دابەشکردنی دەسەڵاتەکان دەکات لە نێوان حکومەتی ئیتیحادی و حکومەتە خۆجێیەکانی هەرێم و پارێزگاکان. بە شێوەیەکی گشتی، پێویستە بە کردەیی دابەشکردنی دەسەڵات لە عێراقدا هەبێت، هەڵەبجە هێمای خۆڕاگری و قوربانیدانن بۆ گەلەکەمان. ئێمە، وەک پارتی دیموکراتی کوردستان و نوێنەرەکانمان لە پەرلەمانی عێراق و هەرێم، هەمیشە هەڵەبجەمان لە پێشینەی کارەکانماندا بووە و ئەمجارەش بە پلان و بەرنامەیەکی تۆکمەوە کار بۆ خزمەتکردنی زیاتری ئەم شارە قارەمانە دەکەین.

پڕۆژەکانی پارتی بۆ هەڵەبجە
لەم چوارچێوەیەدا، دەمەوێت ئاماژە بە چەند هەنگاوێکی گرنگ بدەم کە لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە نراون. لە ٥ـی تەممووزی ٢٠٢٥، سەرۆک مەسعود بارزانی، پێشوازیی لە ئەندامانی ئەنجوومەنی پشتیوانیی پارێزگای هەڵەبجە کرد و لەو دیدارەدا سەرۆک بارزانی باسی لەوە کرد کە ئەرکی دامەزراوەکانی هەرێمە ئەوەی لە توانایاندا بێت بۆ خزمەتگوزاریی هەڵەبجە ئەنجامی بدەن. لەو ڕوانگەیەوە، لە ٦ـی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥ بە بڕیاری ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە گوژمەی ٢٥ ملیار دینار پرۆژە لە هەڵەبجە ئەنجام دەدرێ. هەروەها، کار لەسەر ئەوە کراوە کە ژێرخانی کارگێڕی بۆ پارێزگای هەڵەبجە فەراهەم بکرێت، و لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکوومەت ٥٠٠ کەس بۆ پارێزگاکە دامەزرا، دواتر ٥٢ کەسی دیکەش دامەزرا، هەروەها بڕیاری داوە ٢٥٠ کەسی دیکە بۆ پارێزگاکە دابمەزرێنێت. ئەمەش نیشانەی خەمخۆریی و جدییەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە لە خزمەتکردنی پارێزگای هەڵەبجە.

تەئکید دەکەینەوە کە پێویستە هەڵەبجە ئاوڕی جدیتری لێ بدرێتەوە و قوربانیانی چەکی کیمیایی قەرەبوو بکرێنەوە و مافەکانیان بە تەواوی بۆ بگەڕێندرێتەوە، هەروەها، گرنگی زیاتر بە بواری پەروەردە و خوێندنی باڵا بدرێ، بە کردنەوەی دامەزراوەی نوێی پەروەردەیی و بەهێزکردنی ئاستی زانستی لە شارەکەدا.

پشتیوانیکردن لە پڕۆژەی وەبەرهێنان و گەشتیاری زیاتر دەبێت، بۆ ئەوەی هەڵەبجە وەک ناوەندێکی گرنگی گەشتیاری و ئابووری گەشە بکات و بێبەش نەکرێت لە سوودوەرگرتن لە سەرچاوە سروشتی و پۆتانسێلەکانی، پێویستە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو دەرفەتێک بێت بۆ نوێکردنەوەی متمانە بە پارتی، چونکە بەهێزیی نوێنەرایەتی پارتی لە بەغدا، زامنی بەدیهێنانی داخوازییە ڕەواکانی گەلی کوردستانە، لەوانەش تەواوکردنی پڕۆژەکانی هەڵەبجە و پاراستنی ناوچە کێشەلەسەرەکان و جێبەجێکردنی ماددە دەستوورییەکان.

* بەرپرسی لقی ١٢ی هەڵەبجە