جیاوازی پارتی و ئەوانی دیكه‌

16

عارف روشدی
دەنگدان بەگشتی، مافە و هەڵبژاردنی لیست و پاڵێوراوی ڕاستگۆ و دەستپاك و دڵسۆز ئەركە، ئەركە چونكە ئاییندەی بڕیاردان لەبارەی پرسە سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابووری و هەموو سێكتەرەكانی دیكە، دەكەوێتە دەست ئەو لیست و پاڵێوراوانەی دواجار نوێنەرایەتیی گەل و نەتەوە دەكەن.

لەم هەڵبژاردنەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا كە بڕیارە لە 11-11-2025 ئەنجام بدرێت، هەر کەسێک دەنگ بە لیستی ئەو حزبانە بدات كە بەردەوام لە بەغداوە شەڕی خەڵک و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن و ڕاوێژ بە دەسەڵاتدارانی شۆڤێنی دەدەن و گرفت بۆ بودجە و قووت و مووچەی مامۆستا و فەرمانبەرانی کوردستان دروست دەکەن و لە کوردستانیش تەنیا کاریان بریتییە لە لەمپەر دروستکردن بۆ پێکهێنانی دەیەمین کابینەی حکوومەت و پەخشکردنی تۆوی دووبەرەکی و دڵەڕاوکێ و ڕێگری لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانی حکوومەت دەكەن، بە واتای ئەوە دێت ڕێگری لە ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی و پێشكەوتن دەكەن.

بەڵێ، ئەوانەی دژایەتیی هەرێمی كوردستان دەكەن، بەشێكن لەو پڕۆژە شۆڤینییەی هەندێك لایەنی عێراقی كاری لەسەر دەكەن، بەڵام بەو هزرە نەخۆشەیان بەرەو نوشوستی ئاراستە دەگرن و خەڵک و حکوومەتی کوردستانیش بەرەو ژیان دۆستی هەنگاو دەنێت. بۆیە دەبێت زۆرینەی هەرە زۆری دەنگدەران لە هەموو ناوچەکانی کوردستان و ناوچە دابڕێنراوەکان، دەنگی ویژدانیان ببەخشنە لیستی پاکی و سەرفرازی و کوردایەتی، لیستی خەمخۆری و خزمەتگوزاری، لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان ژمارە 275.

جیاوازی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ لایەنەکانی دیکە لەوەدایە، پارتی خاوەنی ڕابردوویەكی پاك و سەدان سەروەری و چیرۆکە ڕاستەقینەكانی خەباتی شۆڕشگێڕانەیە، ئێستایش توانیویەتی لەگەڵ ڕەوتی پێشکەوتنەكانی ژیان و گوزەرانی سەردەمییانە هاوتەریب بێت و خاوەنی دروشمی بەکرداریکراوی خواستەکانی ئێستا و داهاتووی جەماوەر بێت، بۆیەش (هاوبەشی، هاوسەنگی و سازان)ی بۆ داهاتوو بە بنەما گرتووە و كاری بۆ دەكات، كەواتە ڕەوایەتی ئەم دروشمە لە شوێنی خۆیدایە و پێویستیشە بە زیندوویی لە هەستی خەڵکی کوردستاندا بمێنێتەوە و هەمووان بە یەك دەنگ بڵێن:
پێشڕەوی کورد پارتییە، سەرۆکمان بارزانییە