خەبات: ڕەنجبەر بەرزنجی:- هاوشێوەی سەرجەم چین وتوێژەکانی دیکە، قوتابیان ولاوانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆڕانیش بڕیاریانداوە بۆ خولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگ بە لیستی ژمارە (٢٧٥)ی پارتی دیموکراتی کوردستان بدەن ولای خۆیانەوە پارتی دیموکراتی کوردستان بە زامنی پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و بەرگریکارێکی سەرسەختی مافەکانی گەلی کورد لەقەلەم دەدەن.
*سەرەتا (محەممەد نەسروڵڵا) کارگێری لقی سۆرانی یەکێتی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستان باسی لەو هۆکارانە کرد کە وایکردووە پاڵپشتی وپشتگیری لە لیستی ژمارە (275)ی پارتی دیموکراتی کوردستان بکات و ڕایگەیاند: دەنگ دەدەم بە لیستی ژمارە (٢٧٥)، چونکە بەڵێنەکان دەکاتە کردار و خەیاڵەکان دەکاتە ڕاستی، دەنگ دەدەم بە لیستی ژمارە (٢٧٥)، چونکە زامنی مافەکانی کورد دەکات لە بەغدا، دەنگ دەدەم بە لیستی ژمارە (٢٧٥)، چونکە نوێنەری ڕاستەقینەی کوردە لە بەغدا لیستی ژمارە (٢٧٥) هەڵدەبژێرم، چونکە دەزانم لە ئاست متمانەی دەنگدەری خۆی دەبێت و دەبنە پردیك لە نێوان خەڵک و دەسەڵات بۆ گەیاندنی داواکاری وپێشنیارەکان،ئەوەی روونە لە پاش رووخانی رژێمی بەعس لە عێراق پارتی دیموکراتی کوردستان روڵی هەرە بەهێزی هەبووە بۆ بەدەستهێنانی مافی رەوای گەلی کوردستان بەبێ جیاوازی و جەنابی سەرۆک (مەسعود بارزانی ) ڕۆڵێکی حەکیمانەی هەبووە لە یەکرێزیی نێوان لایەنەکان، بۆیە ڕۆژی ١١ / ١١ دەنگ دەدەم بە لیستی (٢٧٥) لیستی شەهیدان و لیستی راستەقینەی خەڵکی کوردستان و لیستی مەرجەع و سەرۆکمان جەنابی سەرۆک بارزانی.
*پاشان (کەنارسەباح برادۆستی) وەک قوتابییەکی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران گوتی : وەک تاکێک دەنگ دەدەم بە لیستی ژمارە (٢٧٥) کە لیستی حزبێکی دیموکراتی جەماوەریی پێشکەوتنخوازە و نوێنەرایەتیی نەتەوەی کورد و گەلی كورد لە هەرێمی کوردستان دەکات، پارتی دیموکراتی کوردستان بە پشتبەستن بە ڕێبازی بارزانیی نەمرو بڕوابوون بە مافی چارەنووس، لە پێناو مافە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان و گەنجان ولاوان تێدەکۆشێت، بۆیە لەم هەڵبژاردنەش دەنگی ئێمەی قوتابیان ولاوان هەر بۆ لیستی ژمارە (٢٧٥) ی پارتی دیموکراتی کوردستانە.
لە لایەکی دیکەوە (سیڤان جەبار رواندزی) یەکێکی دیکەیە لەو کەسانەی کە دەیەوێت دەنگ بە لیستی ژمارە (٢٧٥)ی پارتی دیموکراتی کوردستان بدات وبەمشێوەیە بۆ خەبات دووا: دەنگ دەدەم بە لیستی ژمارە (٢٧٥)، چونکە هەڵگری درووشمی (هاوبەشی،هاوسەنگی، سازان )ـە، پارتی دیموکراتی کوردستان لە پێناو پارێزگاریکردن لە مافە یاسایی و دەستورییەکانی گەلی کوردو فەراهەمکردنی ئارامی و ئاوەدانی ودیموکراسیەت و بەروەوپێشچوونی رۆڵی ئافرەت لە کۆمەڵگا تێدەکۆشێت، هەر پارتی دیموکراتی کوردستانە کە دەتوانێت زامنی داهاتوویەکی گەش بۆ گەنجان و قوتابییەکانی کوردستان بێت، بۆیە بە دڵنیاییەوە دەنگ بە لیستی ژمارە (٢٧٥)ی پارتی دیموکراتی کوردستان و کاندیدەکانی دەدەین.
هەروەها (ئارام فوئاد) وەک قوتابییەکی زانکۆی سۆران باسی لە گفتوگۆی خۆی و گەنجانی هاوشێوەی خۆی تایبەت بە پرسی هەڵبژاردن کرد وگوتی: بێگومان لەناو ئێمەی گەنجان لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن، زۆرجار گەنگەشەی باشترین لیست و هاوپەیمانی دەکرێت، هەموو جارێکیش باشترین لیست کە بە هۆکاری سەقامگیریی، ئارامی و ئاوەدانی کوردستان و خاوەن قەزیەی میللەتەکەمان لە گەنگەشەکاندا براوە دەبێت، لیستی پارتی دیموکراتی کوردستانە، بۆیە بێگومان لە ڕۆژی هەڵبژاردندا دەنگمان بۆ لیستی پارتیمان لیستی ژمارە (٢٧٥)ی پارتی دیموکراتی کوردستان وکاندیدەکانی دەبێت.
*هەروەها هیمداد رەفعەت دێلزی یەکێکی دیکەیە لەو گەنجانەی کە بڕیاریداوە دەنگ بە لیستی ژمارە (٢٧٥)ی پارتی دیموکراتی کوردستان بدات و بە خەباتی ڕاگەیاند: من وەک لاوێک، کە هەموو شارەکانی کوردستان وبەشێکی شارەکانی عێراق گەڕاوم، پێم سەیرە پارتی بەراورد بکرێت بە حزب و پارتە سیاسییەکانی تری کوردستان و عێراق، چونکە پارتی تاکە هێزی سیاسییە خەمی هەموو گەلی کوردییەتی، لە باشوور و باکوور و رۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، لە کوردستانی باشوور، یان باشترە بڵێم هەرێمی کوردستان، بەوپەڕی ئەمانەتەوە خزمەتی هاووڵاتیانی دەکات، ئەگەر سەیری پڕۆژەکانی حکومەتی هەرێم بکەین لەو سنوورەی کە دەسەڵاتی بەسەردا هەیە دەبینین چەند جیاوازە لە شارەکانی تری هەرێمی کوردستان و عێراق، ئەگەر بەراوردی پارێزگای هەولێر و دهۆک بکەین لەگەڵ پارێزگاکانی تری هەرێمی کوردستان، هەولێر یەکێکە لە جوانترین شارەکانی کوردستان و عێراق، ئەگەر سەیری ئیدارە سەربەخۆکانی سۆران و زاخۆ بکەین و بەراوردی بکەین بە ئیدارەکانی تری کوردستان و عێراق ئەوا پێویست ناکات دوودڵ بین لە بڕیاردان بۆ ئەوەی دەنگ بە کام حزب بدەین؟! پێویستە لەسەر هەموومان بەوپەڕی گڕوتینەوە لە ڕۆژی هەڵبژاردن بچینە سەر سندووقەکانی دەنگدان و دەنگ بدەین بە لیستی ژمارە (٢٧٥)ی پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ پاراستنی کورد و خزمەتی زیاتر و جوانترکردنی شارەکانی كوردستان دڵنیابوونەوە لە سەروەت و سامانمان و ئاسایشی ماڵ و منداڵ و خێزانەکانمان.
لە کۆتاییشدا محەممەد عیماد بەمشێوەیە پشتگیری خۆی بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان دووپاتکردەوەو بۆ خەبات گوتی: ئەوەندەی چاودێری پرۆسەی بانگەشەم کردبێت دەبینم هەموو بەربژێر و لیست و قەوارەکان بەشێوازی جیاواز هەوڵ دەدەن سۆز و دەنگی خەڵکی کوردستان بۆ لای خۆیان ڕابکێشن، حزبەکان، ململانێ بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین کورسی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەکەن و بەشێکیان گوتاری توند و عاتفی و کۆمەڵێک پرسی گرنگی نەتەوەیی و ئایینی دەوروژێنن، لەکاتێکدا کە قسە وگوفتارەکانیان لەگەڵ ڕاستی و دۆخەکە ناگونجێن، بەڵام جیاواز لە هەموو لایەنێک لیستی ژمارە (٢٧٥)ی پارتی دیموکراتی کوردستان دەبینین کە سەڕەڕای هەموو گرفت و کێشەکان، بەوپەڕی بڕوا بەخۆبوونەوە شەڕ دەکات لەپێناو خەڵکی کوردستان، بۆیە دەنگ دەدەم بە لیستی ژمارە (٢٧٥)،چونکە دەزانم هەر ئەو پارێزگاری لە قەوارەی هەرێمی کوردستان دەکات و بانگەشە بە قسەی باق و بریق ناکات و قسە و گوفتارەکان بەڕاستی دەکات.










