بۆ دەنگی من بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان بێت؟

143

د.سامان سۆرانی
لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکانی عێراق لە 11ی تشرینی دووەمی 2025 گرینگە ئەو ئاستەنگ و دەرفەتانە لەبەرچاو بگیرێت، کە هەر لایەنێکی سیاسی پێشکەشی کۆمەڵگەی کوردستانی دەکات، لەنێو حزبە کوردستانییەکاندا، پارتی دیموکراتی کوردستان یەکێکە لە دیارترین هێزە سیاسییەکان، کە بە درێژایی چەندین دەیەیە پابەندبوونێکی نەگۆڕی بە دیموکراسی و پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان نیشانداوە.

پارتی دیموکراتی کوردستان هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە لە ساڵی 1946 ڕۆڵی سەرەکی هەبووە لە خەباتی گەلی کوردستان لەپێناو مافە سیاسی و کولتوورییەکانیان و بۆ سەربەخۆییی کوردستان و پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان لە سەرتاسەری عێراق خەباتی کردووە و یەکێك بووە لە هێزە هەرە سەرەکییەکانی ڕزگارکردنی گەلی کوردستان لە کۆت و بەندی ڕژێمی دیکتاتۆری.

پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتیی ڕابەری ڕۆحی و سەرکردەی مێژوویی مستەفا بارزانی و کاکە ئیدریسی هەمیشە زیندوو و جەنابی سەرۆك مەسعود بارزانی بناغەی ناسنامەی نەتەوەییی کوردستانی دانا و گەلی کوردستانی بەرەو سەربەخۆییی سیاسی و ئابووری و ئیداری برد و هەرێمی کوردستانی وەکوو قەوارەیەکی سیاسی سەربەخۆ دامەزراند، کە ئەمرۆ خاوەن مافە دانپێدانراوەکانییەتی لەناو دەستووری عێراقی فیدڕاڵدا، لە ئێستادا پارتی دیموکراتی کوردستان، سەرەڕای ئالنگاری و هەڕەشە دەرەکییەکان، تاکە هێزی سیاسییە، کە سەقامگیری و ناسنامەی هەرێمی کوردستان دەپارێزێت.

سەرۆك مەسعود بارزانی، کە لە قۆناغێکی هەستیاردا سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گرتەئەستۆ، مۆدێلێکی بێهاوتای سەرکردایەتیی ژیرانەی پێشکەش بە کۆمەڵگەی کوردستانی کرد، خواستی نەتەوەیی و ژیریی سیاسی تێکەڵ کرد، سەرۆك بارزانی نە تەنیا سەرۆکی پارتییە، بەڵکوو وەکوو مەرجەع بە سیمبولی خەباتی سیاسی و ڕزگاریخوازیی کورد لەسەر ئاستی عێراق و هەموو ناوچەکە دادەنرێت.

پارتی دیموکراتی کوردستان لەو کاتەوەی دەسەڵاتی سیاسی لە هەرێم گرتووەتە دەست، کاری بۆ بەهێزکردنی ستراکچەری دیموکراسییەت لە کوردستان کردووە، زامنی ئەوە بووە هەڵبژاردنی ئازاد و بێگەرد ئەنجام بدرێت و دامەزراوە یاسایی و دادوەرییەکان پەرەیان پێ بدرێت و پێکەوەژیانی ئاشتییانە جێی شانازیمان بێت، یەکێك لە گەورەترین دەستکەوتەکانی حکوومەت به سەرۆکایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان سەقامگیریی ئاسایشییە له هەرێم، که لە ڕێگەی بنیاتنانی هێزی پێشمەرگە و بەهێزکردنی توانای بەرگریکردنیان بەدەست هێنراوە، بەو شێوەیە هەرێم توانی خۆی لە هەڕەشە ناوچەیی و جیهانییەکان بپارێزێت، ڕۆڵی سەرۆک بارزانی زۆر گرنگ بوو لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە ئاسایشییەکان، بەتایبەتی لەکاتی هێرشەکانی داعش بۆ سەر هەرێمی کوردستان لە ٢٠١٤.

لەژێر سەرکردایەتیی سەرۆك بارزانی توانرا ئەفسانەی داعش تێکبشکێنرێت و بۆ جیهانی ئازاد بسەلمێنرێت، کە هێزی پێشمەرگە بەرگری لە سەرجەم مرۆڤایەتی دەکات، بە پەیڕەوکردنی ئەو سیاسەتە حەکیمانەی جەنابی سەرۆك هەرێمی کوردستان پێشکەوتنی بەرچاوی له بواری ژێرخانی ئابووری به خۆوه بینیوە، کوالیتی ڕێگاوبان و پردەکان باشتر کراوە و پڕۆژەی گەورە لەبوارەکانی پیشەسازی و کشتوکاڵ و پەروەردە و تەندروستی دروستکراوە، دابینکردنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری و ئاوی بەردەوام و پاراستنی ژینگە بەرهەمی حوکمڕانی پارتی و سەرۆکی حکوومەت “مەسرور بارزانی”یە.

بەکارهێنانی سەرچاوەکانی هەرێم لە بوارەکانی وزە و نەوت یارمەتیدەر بووە لە دامەزراندنی بنکەیەکی ئابووریی بەهێز، سەرەڕای ئەو قەیرانە ئابوورییانەی، کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا بەهۆی سیاسەتی بەغدا و بارودۆخی سیاسیی عێراق سەریانهەڵدا، لە ڕووی سیاسییەوە حکوومەتی هەرێم بە سەرۆکایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان پەرۆشە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە بەهێزەکان لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بەتایبەتی لەگەڵ وڵاتانی گەورەی وەک ئەمریکا و یەکێتیی ئەوروپا و وڵاتانی دۆست.

سەرۆک مەسعود بارزانی بەوە ناسراوە، کە بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندییە باڵاکانی هەرێم توانای دروستکردنی هاوپەیمانێتیی دیپلۆماسی هەیە، بەو هۆکارە پێگەی کوردستانی لەسەر شانۆی نێودەوڵەتی بەهێز کرد، لە هەڵبژاردنەکانی 11ی تشرینی دووەمی 2025 گرنگە ئەوەمان لەبیر نەچێت، کە پشتیوانیکردن لە پارتی دیموکراتی کوردستان، تەنیا پشتیوانیکردن نییە لە تاکی سەرکردەکانی پارتی، بەڵکوو پشتیوانیکردنە لە دیدێکی ڕوون بۆ ئاییندەی هەرێمی کوردستان، هەڵبژاردنەکانی داهاتوو ساتەوەختێکی گرنگە لە مێژووی کوردستاندا و پێویستە بەردەوام بین لەسەر ئەم ڕێچکەی سەقامگیری و پێشکەوتنە.

بەدەنگدانمان بە پارتی دەرفەت بۆ پاراستنی یەکڕیزی و سەقامگیریی هەرێم دەڕەخسێنین و دڵنیایی دەدەین، کە مافەکانی گەلی کوردستان لەدەستێکی پارێزراودا دەمێنێتەوە، کە کار بۆ باشترکردنی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییان و پاراستنی ئاییندەیان دەکات، پشتگیریکردن لە پارتی مانای پشتیوانیکردنی ئەو بەهایانەیە، کە پارتی لەسەری دامەزراوە: ئازادی، دیموکراسی و دادپەروەری، با هەموومان لە 11ی تشرینی دووەمی 2025دا بەشێك بین لەم گەشتە مێژوویییە و پێکەوە دەنگ بە پارتی دیموکراتی کوردستان بدەین بۆ ئاییندەیەکی گەش و پرشنگدار.
بژی کورد، بژی کوردستان