خەبات: تریفە ئازاد:- دوێنێ سێشەممە 14ی تشرینی یەکەمی 2025، بە ئامادەبوونی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و بە بەشداریی جەماوەرێكی فراوانی لقەكانی «2، 16، 23، 24» ناساندنی كاندیدانی بازنەی هەولێر و پشتیوانی لە لیستی (275)ی پارتی بەڕێوەچوو، د. پشتیوان سادق بەرپرسی مەكتەبی ڕێكخستنی پارێزگای هەولێری پارتی دیموكراتی كوردستان لە وتارێكدا بە كادیرانی پارتی ڕاگەیاند: كادیرانی پارتی شەونخوونی و هیممەتی زۆرتان كردووە، ئێوەی كادیر ڕەمز و هێما و نیشانەی سەركەوتنی گەورەی پارتین لە سنووری پارێزگای هەولێر، بۆیە جێگای دەستخۆشین، پارتی تەنیا قەوارەی سیاسی نییە، پارتی مەشخەڵێكە بۆ نیشتمان و كوردستان، پارتی دیموكراتی كوردستان لە دروستبوونییەوە تا دەگاتە ئەمڕۆ دەنگ و ڕەنگی كورد بووە لە بەغدا و لە هەموو دنیاشدا كوردی ناساندووە، پارتی موزایەدە و ژاوەژاو نییە، پارتی كردارە بۆ خزمەتكردنی خەڵكی كوردستان، پارتی و هەولێر هەرگیز لە یەكتر جیا ناكرێنەوە و پارتی هەزاران شەهیدی لە سنووری پارێزگای هەولێر و سەرجەم كوردستانیش داوە بۆ ئەوەی خەڵكی كوردستان بە ئەمڕۆ بگەن.
بەرپرسی مەكتەبی ڕێكخستنی هەولێری پارتی گوتیشی: هەولێر قەڵای شارستانییەتە و مێژووە، هەولێر شاری پێكەوەژیانە، پارتی و هەولێر شانازی بە یەكتر و بە خەڵكی خۆشەویستی هەولێر دەكەن، دانیشتووانی هەولێر باش دەزانن كە پارتی متمانەیە بۆیان، پارتی ئارامی و ئاوەدانییە، پارتی سەقامگیرییە، پارتی دڵەڕاوكێ نییە، لە سایەی حوكمڕانی پارتیدا دوێنی كاك نێچیرڤان و ئەمڕۆ كاك مهسرور، بە ڕابەرایەتیی جەنابی سەرۆك بارزانی، هەولێریان كردووهتە ناوەندێكی گرینگی سیاسی و ئابووری سەنگین، هەر كوردێك لە هەر پارچەیەك بێت شانازی بە هەولێر دەكات، ئێمەی هەولێرییەكان شانازی دەكەین كە هەولێرینە و پارتینە. پشتیوان سادق ڕاشیگەیاند: لاوان دواڕۆژی ئەم گەلەن و پارتی لە پێناو ئاییندەی لاوان تێدەكۆشێت، بۆیە داوا دەكەم لاوانی هەولێر دەنگ بە پارتی بدەن، چونكە پارتی هیوا و حەز و ئارەزووی ئێوەی لاوانە، كەس هێندەی پارتی كاریگەر نییە لە ناوەندە جیهانییەكان، بۆیە پارتی پێویستی بە دەنگی هەولێرە بۆ ئەوەی كاری زیاتر بكات و زیاتر خزمەتی هەولێرییەكان بكات، ئەوانەی دەڵێن ئێمە لە بەغدا كاریگەرین و دەنگمان پێ بدەن بۆ ئەوەی بە كاریگەریی بمێننەوە لە بەرانبەر پارتیدا، ئێمەش پێیاندەڵێین كەس لە پارتی كاریگەرتر نییە، ئەوەی ئێوە دەیكەن لە بەغدا بۆ لاوازكردنی هەرێمی كوردستان، شەهیدە قارەمانەكانی خۆتان و تێكۆشەرەكانیشتان لێتان ڕازی نینە، بۆیە كادیر و بەرپرسانی پارتی لە هەموو گەڕەكەكانی شاری هەولێر دەرگا بە دەرگا بڕۆن و پێیانبڵێن، تەنیا پارتی دەتوانێ خزمەتتان بكات، چونكە پارتی ڕابردوو و ئاییندەیە.