فازڵ میرانی
لە ژیانی ئاسایی و لە کاریشدا، ئەزموون و متمانە، هەردووكیان هەن و ونیش دەبن، هەبوونێكی داواكراو و پێویست، ونبوونێكیش كە ڕەنگە هۆكاری خۆی هەبێت و یاخود نا، پەیوەندییەكەی نێوانیان لەیەكتر جیاناكرێتەوە و ناشتوانرێت لە یەكتر داببڕێندرێن، چونكە هەر یەكێكیان پەیوەست و تەواوكەری ئەویدیكەیانە، هەردووكیشیان تەنیا ئەو کەسانە دەگرێتەوە، کە مەرجەکانی شایستەییبوونیان تیادایە، ئینجا مرۆیی بێت یان كەسایەتییەكی مەعنەوی، لە ڕووی ڕەفتار، خزمەتكردن، یان بەرهەم.
لە ڕووی یاساییەوە، كەسانی شایستە و شارەزا لە ئەداكردن، ئەوە پێشكەشی هاوشێوەكانیان و هەر ئەوەیش پێشكەشی ئەو كەسانە دەكەن، كە شایستەی وەرگرتنن، جیاوازیی نێوان ئەم دوو شارەزاییەش ئەوەیە، یەکەمیان پەیوەستە بە عەقڵ و تێگەیشتن و توانای ئەنجامدانی ئەرکەکان، بەڵام دووەمیان (شایستەیی وەرگرتن) بریتییە لە شایستەیی بۆ بەدەستهێنانی مافەکان.
سرووشتی کۆمەڵگاکان و کەڵەکەبوونی تێگەیشتنیان بۆ ژیان ئەوەیە، کە ئاماژەیەك لە نێوان ئەزموون و متمانە دروست دەکات، ئایا ئەزموون و متمانە بەیەكەوە گرێ دەدرێن یان لێک جیا دەکرێنەوە؟ تا جیابوونەوەكەش گەورەتر بێت، وێرانکاریی زیاتر دەبیندرێت و ڕەنگە زیانیشت پێ بگەیەنێت، متمانە و شارەزایی لە ماڵەوە دەست پێ دەكات، لە پێشەنگیی خێزانەوە دەست پێ دەکات، بەشێوەیەك، نە متمانە خیانەتی لێ بکرێت و نە شارەزاییش لەناو دەبرێت، ئینجا نۆرەی مامۆستا و پزیشک دێت، بەکورتی هەموو ئەوەی بەرپرسێک پێشکەشی ئەوانەی دەکات، کە لەژێر بەرپرسیارێتیی ئەودان.
بەرپرسیارێتی گشتگیرترە لە چەمکی سنوورداركراوی پلەو پۆستە فەرمییەكان، بەڵام لە بنەماكانی حوكمڕانییەوە، چ لە ڕووی دروستکردن و چ لە ڕووی جێبەجێکردنەوە، بەهۆی زیندوویی پەیوەندییەکە، هیچ جیابوونەوەیەک لەنێوان ئەو دووانەیەدا نییە، وەزیرێکی بێ ئەزموون ناتوانرێت متمانەی پێ بکرێت و بە پێچەوانەشەوە هەر ڕاستە.
جیاکردنەوەی ئەو دووانە لە یەکتر، گومان دروست دەکات، کەسێک کە تەنیا متمانەی پێ دەکرێت، شوێنەكەی پارێزراوە، بەڵام نابێت دەسەڵاتی بڕیارێکی پێ بسپێردرێت کە ئەزموونی تیادا نییە، هەروەها كەسێكی خاوەن ئەزموون ڕەنگە ستەمی لێ بکرێت، ئەگەر بەبێ هیچ تاوانێک، كەسێكی دیكەی بەپێش بخرێت.
بارودۆخێك هەیە کە متمانە بەخۆبوون دروست دەکات، بەتایبەتی لە پەیوەندیی نێوان پزیشک و نەخۆشدا، پزیشکەکە پابەندبوون حوكمی بەسەردا دەكات، کە لەڕووی یاساییەوە پێی دەگوترێت (ئەرکی چاودێریكردن)، واتا هەموو هەوڵێک بۆ سەرکەوتنی چارەسەریی نەخۆشەكە دەدات، بەڵام پەیوەندیی یاسایی ئامانجەكە بریتییە لە بەدەستهێنانی ئەو دەرئەنجامەی لەسەری ڕێکک ەوتوون، هاوشێوەی ئەو پەیوەندییەی لەنێوان نێوان فرۆشیار و كڕیاردا هەیە.
جگە لەو کەس و لایەنانەی کە بە ئەنقەست، یان لە بێ ئاگایی خۆیاندا، خەریکی کردەوە گەلێکن کە متمانە تێکدەدەن، بێ ئاگا لە ڕادەی لەدەستدانی خۆیان و کەسانی دیکە، بەهۆی ئەم لەدەستدانی ئەم متمانەیە، دروست نییە کە دامەزراوە گەورەکە (دەسەڵات) بە ئەنقەست هەوڵەکانی خۆی بەفیڕۆ بدات بە دوورخستنەوەی کەسێکی بە شارەزا و ئەزموون بۆ بەرژەوەندی کەسێکی متمانەپێکراو، کە هیچ ئەزموونێكی نییە. زیانەكانی ئەم کار زۆر خێرا و ڕوونە.
لەڕاستیدا ئاراستەیەكی ڕەشبین لە ڕۆژهەڵاتدا هەیە، کە پانتایی متمانە فراوانتر دەکات بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی ئەزموون، بەمەش چەمکی پشكداریی لە دابەشکردنی پۆستەکان و لە چوارچێوەی دەسەڵاتدا، دەشێوێنێت، هەندێك ناو هەن، پاڵیان پێوەنراوە بۆ پلە و پۆستانەی، مەرجی سەرەکییان ئەزموون و شارەزاییە، ئەویش بە بڕوانامەی ئەکادیمی و پراکتیکی سەلمێندراو، ئەنجامەکەشی ئەوە بووە کە کۆمەڵگە سامان و دەستکەوتێكی زۆری لەدەست داوە و خزمخزمێنە و لایەنگریش بووەتە پەردەپۆشکەر و ڕێگر لەبەردەم لێپرسینەوە.
کەسانی خاوەن ئەزموون جێگەی متمانەن، مەگەر كەسێكیان بە ویستی خۆی لە ڕەفتارەكانی لایدابێت، لە یاساشدا تۆمەتبار بێتاوانە، تا تاوانەكەی بەسەردا ساغ دەبێتەوە، ئەگەریش بەپێچەوانەوە تاوانەكەی نەسەلمێنرێت، ئەوا هیچ تاوانێك سزای لەسەر نییە، تا دەقێكی یاسایی نەبێت، کەواتە ڕاستییەکە ئەوەیە، ئەگەر ئەزموون و متمانە لە یەکتر جیا بکرێنەوە و (كە ئەمەش ڕاست نییە)، ئەوا ئەزموون لە پێش متمانەدایە، چونکە هیچ ڕێککەوتنێکی نووسراو لەسەر پێوەرەکانی متمانە نییە، کە تاک دەبێت پێیەوە پابەند بێت، لە بەرانبەریشدا ئەزموون و شارەزایی پێوەرەكانی زانستین و بەردەستیشن.
دەوڵەت بوونەوەرێکی زیندووە و بیرکردنەوە لە داهاتوویەکی باشتر بۆ دەوڵەت، پێویستی بە بیرکردنەوەی زانستی هەیە، لەکاتێکدا زانین خۆی ئەزموونە و دوای تێگەیشتن و لێکۆڵینەوەی قووڵ و پسپۆرییەوە دروست دەبێت، لە ڕوونی و پاکییەکی دانهڕێژراوهوه سەرچاوە دەگرێت و خۆی لە گومانەکان دەپارێزێت کە لەسەر بنەمای وەهم، نەزانی، یان چەواشەکاری بە ئەنقەست دامەزراوە. لە بەرامبەردا تێگەیشتن مەرجێکی بەردەوامە.
هەڵەیەکی قورسە ئەگەر باوەڕ بەو وتەیە بکەین، کە دەڵێت: (ئەزموون، بەرهەمی بڕیارە هەڵەکانە)، چونکە بوارەكانی تێستكردن بۆ فێربوون، لەسەر قومارکردن بە چارەنووسی كارەكتەرەكە دانەمەزراوە، خەڵکیش کێڵگەی تاقیکردنەوە نین، بەڵام متمانە، ڕەفتاری گەشەپێدان و ئاڵوگۆڕی کۆمەڵایەتییە لە چوارچێوەی هێڵەكانی بازنەی تاكدا، كە سەرچاوە لە پاكی و بێگەردییەوە دەگرێت و خۆی لەو گومانە دەپارێزێت لەسەر بنەمای خەیاڵ و نەزانی، یان بە ئەنقەست دروست كرابێت، بەڵام زیرەکیی و وریایی، داواکارییەکی بەردەوامە.
بهرپرسی دهستهی كارگێڕیی مهكتهبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان
و: لە عەرەبییەوە: سەردار حوسێن