
خەبات – بەرهەم شێخ عزەدین
د. محەمەد خورشید، بەرپرسی لقی12ی پارتی دیموكراتی كوردستان سهبارهت به كار و پڕۆژەی پارتی بۆ شاری هەڵەبجە و گرنگی بههێزتربوونی پێگهی پارتی له بهغدا بۆ بهرگریكردن له پرسی كورد و مافهكانی، بۆ ڕۆژنامهی خهبات دهڵێت: بۆ ئەوەی دەنگی كورد بەهێز بێت، پێویستە زۆرترین نوێنهرمان بچێتە ئهنجوومهنی نوێنهرانی عێراق و گوتیشی: بههێزی پارتی لە بەغدا زامنی پارێزگاریكردنە لە كیان و قەوارەی دەستووریی هەرێمی كوردستان. گوتیشی: سەرۆك بارزانی لە هەموو قۆناغەكاندا پشتیوانێكی گەورەی داخوازیی خەڵكی هەڵەبجە بووە.
د. محەمەد خورشید، بهرپرسی لقی12ی پارتی سهبارهت به ڕۆڵی سهرۆك بارزانی و پارتی له بهپارێزگهبوونی ههڵهبجه گوتی: دەبێت ئەوە بزانین پرسی بەپارێزگهبوونی هەڵەبجە، خەونێكی مێژوویی و داخوازییەكی ڕەوای خەڵكی خۆڕاگر و قوربانیدەری هەڵەبجە بووە كە بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو كاری بۆ كراوە، لەم پرۆسەیەدا ڕۆڵی سەرۆك بارزانی، وهكوو ڕابەر و خەمخۆریی گەلەكەمان، ڕۆڵێكی یەكلاكەرەوە و بنەڕەتی بوو، سەرۆك بارزانی لە هەموو قۆناغەكانی ئەم پڕۆسەیەدا، پشتیوانێكی گەورەی داخوازیی خەڵكی هەڵەبجە بووە و بەردەوام جەختی لەسەر گرنگیی بەپارێزگابوونی ئەم شارە كردووەتەوە وەك وەفایەك بۆ قوربانیدانەكانیان، پارتی دیموكراتی كوردستان وەك هەمیشە پێشەنگی پارێزگاریكردن بووە لە ماف و دەسكەوتەكانی گەلی كوردستان لە بەغدا، ئێمە باوەڕمان وایە بۆ ئەوەی دەنگی كورد بەهێز بێت و بتوانین داخوازییە ڕەواكانمان بەدی بهێنین، پێویستە پارتی ببێتەوە بە براوەی یەكەم و زۆرترین نوێنەرمان بچێتە پەرلەمانی عێراق.
پارتی خاوەنی پێگەیەكی بەهێزە لەسەر ئاستی عێراق
لە وەڵامی پرسیاری ئهوهی ئەگەر سەنگی پارتی لە عێراق بههێز بێت، كاریگهری لهسهر بهرگریكردن له مافی خهڵكی كوردستان چی دهبێت؟ بەرپرسی لقی 12ی پارتی دهڵێت: پارتی خاوەنی ئەزموونێكی دەوڵەمەندە لە مامەڵەكردن لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان و بەدەستهێنانی مافە دەستوورییەكانمان. نوێنەرەكانی پارتی لە بەغدا بە شارەزایی و لێهاتوویییەوە كار بۆ جێگیركردنی مافەكانی گەلی كوردستان دەكەن، پارتی خاوەنی پێگەیەكی بەهێزە لەسەر ئاستی عێراق و نێودەوڵەتیش. نوێنەرایەتییەكی بەهێزی پارتی لە بەغدا، ئەو پێگەیە بەهێزتر دەكات و دەرفەتی زیاتر دەڕەخسێنێت بۆ بەرژەوەندییەكانی گەلی كوردستان. لەم قۆناغە هەستیارەدا كە هەوڵی جۆراوجۆر هەبووە بۆ لاوازكردنی قەوارەی هەرێمی كوردستان، بوونی نوێنەرێكی زۆری پارتی لە بەغدا زامنی پارێزگاریكردنە لە كیان و قەوارەی دەستووریی هەرێمی كوردستان، زۆرێك لە ماددە دەستوورییەكان كە تایبەتن بە مافەكانی گەلی كوردستان، وەك ماددەی ١٤٠ و دابەشكردنی سامانی گشتی، بەشێوەیەكی یەكسان، هێشتا جێبەجێ نەكراون. پارتی بەردەوام گوشاری بۆ جێبەجێكردنیان هێناوە، پێویستە دەنگی پارتی یەكەم بێت بۆ ئەوەی سەنگی پارتی، ئەم پرۆسەیە سست نەبێت و بەشێكی زۆر لەو مافه بەدەست نەهێنراوانە بەدەست بهێنین، زیادبوونی مەترسیی لەسەر ناوچە كێشەلەسەرەكان، ئەو ناوچانەی كە بە ماددەی ١٤٠ ناسراون، هەمیشە لەژێر هەڕەشە و مەترسیدان. پارتی ڕۆڵێكی كاریگەری لە پاراستنی ئەو ناوچانە و دانیشتووانەكەیان ههبووه. دیسان دەیڵێمەوە پارتی بەهێز بێت دەرفەت ناداتە ئەو لایەنانەی كە دەیانەوێت دۆخی ئەو ناوچانە بگۆڕن و زیانی گەورە بە پێكهاتەی دیمۆگرافی و ژیانی هاووڵاتییان بگەیەنن، بێگومان پارتی داكۆكیكاری سەرسەخت دەبێتەوە.
هەمیشە هەڵەبجەمان لە پێشینەی كارەكانماندا بووە
د. محەمەد خورشید، لهبارهی ڕۆڵی ئهو نوێنهرانهی پارتی كه دهچنه بهغدا و كاركردنیان بۆ ههڵهبجه دهڵێت: خەڵكی خۆڕاگر و قوربانیدەری هەڵەبجە، هەمیشە لە دڵماندان و خۆمان بە خزمەتكاری ئەم شارە مەزنەی كوردستان دەزانین. خەڵكی هەڵەبجە هێمای خۆڕاگری و قوربانیدانن بۆ گەلەكەمان. ئێمە وەك پارتی دیموكراتی كوردستان و نوێنەرەكانمان لە پەرلەمانی عێراق و هەرێمی كوردستان، هەمیشە هەڵەبجە لە پێشینەی كارەكانماندا بووە و ئەمجارەش بە پلان و بەرنامەیەكی تۆكمەوە كار بۆ خزمەتكردنی زیاتری ئەم شارە قارەمانە دەكەین. دەمەوێت ئەوەش باس بكەم كه 5ی تەممووزی 2025، سەرۆك مەسعود بارزانی، پێشوازی لە ئەندامانی ئەنجوومەنی پشتیوانیی پارێزگهی هەڵەبجە كرد و لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی باسی لەوە كرد كە ئەركی دامەزراوەكانی هەرێمە ئەوەی لە توانایاندا بێت بۆ خزمەتگوزاریی هەڵەبجە ئەنجامی بدەن. لە ڕوانگەیەوە 6ی ئۆكتۆبەری 2025 بە بڕیاری ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، بە گوژمەی 25 ملیار دینار، پڕۆژە لە هەڵەبجە ئەنجام دەدرێت، هەروەها كار لەسەر ئەوە كراوە ژێرخانی كارگێڕی بۆ پارێزگهی هەڵەبجە فەراهەم بكرێت، لەسەر فەرمانی سەرۆكی حكوومەت 500 كەس بۆ پارێزگاكە دامەزرا، دواتر 52 كەسی دیكەش دامەزرا، هەروەها بڕیاری داوە 250 كەسی دیكە بۆ پارێزگهكە دابمەزرێنێت، ئەمەش نیشانەی خەمخۆری و جدییەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە لە خزمەتكردنی پارێزگهی هەڵەبجە، كار بۆ دابینكردنی بودجەی پێویست دەكەین لە بەغدا و هەرێمی كوردستان بۆ تەواوكردنی پڕۆژە ڕاگیراوەكان و دەستپێكردنی پڕۆژەی نوێی خزمەتگوزاری لە شارەكەدا، بەتایبەتی لە بوارەكانی ئاو، كارەبا، ڕێگاوبان و پاكوخاوێنی. قەرەبووكردنەوەی، تەئكید دەكەینەوە پێویستە هەڵەبجە ئاوڕی جدیتری لێ بدرێتەوە، قوربانیانی چەكی كیمیایی قەرەبوو بكرێنەوە و گرنگی زیاتر بە بە بواری پەروەردە و خوێندنی باڵا بدرێت و هەروەها پێویستە پشتیوانیكردن لە پڕۆژەی وەبەرهێنان و گەشتیاریی زیاتر بكرێت و هەڵەبجە بێبەش نەكرێت.