چیا هەرکی
بەشداریکردن لە هەڵبژاردن هەر تەنیا چوونە سەر سندووقی دەنگدان نییە، بەڵکوو پێش ئەوە، هۆشیاریی دەنگدانە. بەوپێیەی پرۆسەکە دیاریکردن و سەرخستنی نوێنەرێکە، کە دەبێت لە ئاست بەرپرسیارێتیی ئامانج و چاوەڕوانییەکانی بەرنامەی کاری حیزبەکەی و داخوازییەکانی دەنگدەرەکەیدا بێت.
لەم ڕوانگەیەوە، بەشداریکردنی چالاکانەی ئەندام و لایەنگرانی هەر حیزبێک لەم پرۆسەیەدا، یەکێکە لە بنەماکانی دیموکراسی و سەرکەوتنی حیزبە سیاسییەکان. بۆیە ئەگەر ئەمە جارێک بۆ لایەنەکانی تر ئەرک بێت، ئەوا بۆ پارتیمان کە خاوەنی ڕاستەقینەی دۆزی ڕەوای نەتەوەیی و نیشتمانی و داکۆکیکاری سەرسەختی مافەکانی گەلی کوردستانە، دووجار ئەرک و بەرپرسیارێتییە.
دیارە ئەم بەشداریکردنەمان لە پرۆسەکەدا سنووردار نییە و تەنها لە دەنگداندا کورت نابێتەوە م، بەڵکوو کارێکی فراوانە و چەندین ئەرکمان دەخاتە سەر شان و ئەگەر وەک پێویست لە ئاستی ڕاپەڕاندنیاندا بین، ئەواکە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن و سەرخستنی پارتەکەمان و بەرنامەی کار و بەربژێرەکانی دەبێت.
دەکرێ ئەرکە سەرەکییەکانی هەر یەکێکمان، هەر لە ئەندامێکی سادەوە بگرە تا دەگاتە کادیر و ئەندامی سەرکردایەتی، لەم چەند خاڵەدا کورت و پوخت بکەینەوە:
١- کارکردن بۆ هێنانی دەنگدەران بۆسەر سندووقی دەنگدان: ئەمە یەکێکە لە گرنگترین ئەرکەکان. بۆیە دەبێ هەموو هەوڵێک بدەین بۆ ئەوەی خەڵک ڕازی بکەین کە بەشداری هەڵبژاردن بکەن و دەنگ بە لیستی حیزبەکەمان بدەن. بۆ ئەمەش پێویستیمان بە تێگەیشتنێکی قووڵی بەرنامەی کاری حیزبەکەمان بۆ هەڵبژاردن و توانای قسەکردن و باوەڕهێنان بە هاووڵاتییانە.
٢- بڵاوکردنەوەی پەیامی سیاسیی پارتیمان: گەیاندنی پەیام و ئامانجەکانی پارتیمان لەم هەڵبژاردنەدا بە چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگا، ئەرکێکی تری پارتایەتیمانە. واتە دەبێت لەبەر ڕۆشنایی دروشمەکان و بەرنامەی کاری هەڵبژاردنی پارتیماندا، بتوانین بە شێوەیەکی سادە و لێکدراو، ویستە سیاسییەکانی حیزبەکەمان و چارەسەرەکانی بۆ کێشەکانی کۆمەڵگه، ڕوون بکەینەوە.
٣- چاودێریکردنی پرۆسەی دەنگدان: بایەخی ئەم ئەرکە لەوە دایە، کە دەنگدەرانمان لە شەفافیەت و دادپەروەریی پرۆسەکە دڵنیا ببنەوە. ئەم ئەرکەش بە ئامادەبوونی ئەندامان و لایەنگرانمان وەک چاودێر لەسەر سندووقەکانی بنکەکانی دەنگدان، دەکرێت. ئەرکێک کە دڵنیایی بداتە جەماوەری پارتیمان، بەوەی پرۆسەکە بە شەفافی بەڕێوە بچێت و هیچ ساختەکاریێک ڕوو نەدات.
دیارە وەک پارتی، لەناو ئەو پرۆسەیەدا و لە سنووری چالاکیی خۆمان، هەموومان ئەرک و بەرپرسیارێتیمان دەکەوێتە ئەستۆ. بۆ بەشداریکردنی کارامان لە هەڵبژاردن و ڕاپەڕاندنی سەرکەوتووانەی بەرپرسیارێتی و ئەرکەکانی سەر شانیشمان لەو پرۆسەیەدا، هەریەکەمان و بە گوێرەی شوێنی کار و پلە و پۆستە حیزبی و ڕێکخراوەییەکەی، چەندین ڕێگا و شێواز و ئامرازی جیاوازمان لەبەردەم و دەست دان، لەوانە: (بەڕێوەبردنی کەمپەینی هەڵبژاردن، ئامادەکردنی چالاکییە جەماوەرییەکان، بەشداریکردن لە کۆبوونەوە و سیمینارەکان، بەکارهێنانی پلاتفۆڕمەکانی سۆشیال میدیا بۆ بڵاوکردنەوەی پەیامەکانی حیزب، و دابینکردنی هاوکاریی دارایی و مرۆیی بۆ کەمپەین).
لە کۆتاییدا، دەبێ ئەمە وەبیر خۆمان بهێنینەوە، کە بەشداریکردنی چالاکانەمان وەک ئەندام و کادیر و سەرکردایەتیی پارتی لە پرۆسەی هەڵبژاردندا چ لە ماوەی هەڵمەتەکانی بانگەشەکردن یان لە ڕۆژی دەنگدان، دەبێتە هۆکاری بەرزبوونەوەی زیاتری ئاستی هەستی بەرپرسیارێتیی هاووڵاتیان و هاندانیان بۆ بەشداریکردنی کارا. چونکە بەبێ ئەم بەشداریکردنە، حیزبی سیاسی ناتوانێت بە باشی ڕۆڵی خۆی لە خزمەتکردنی گشتی بگێڕێت و نوێنەرایەتیی دەنگی ڕاستەقینەی خەڵک بکات.