سهرهتا وتار بۆچی گرنگە گەلی کوردستان بەشداری بکات لە هەڵبژاردنەکانی عێراق دا؟
دکتۆر سامان سۆرانی
لە سایەی ئەو فرەیی سیاسی و نەتەوەیی و ئایینییەی، کە عێراق پێی تایبەتمەندە پرۆسەی دەنگدان بۆ پەرلەمانی فیدڕاڵی وەکوو بابەتێکی سەرەکی بۆ گەلی کوردستان دەمێنێتەوە.
لەم چوارچێوەیەشدا زۆرێک لە هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان دەپرسن، بۆچی دەبێت لە هەڵبژاردنەکانی ١١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ دەنگ بە پەرلەمانی عێراقی فیدڕاڵ بدەن، لەکاتێکدا هەرێمی کوردستان پەرلەمان و حکوومەتی تایبەت بە خۆی هەیە، ڕەنگە ئەم پرسیارە لەڕووی پڕەنسیپییەوە ڕەوا بێت، بەڵام لە ناخیدا ڕەهەندی سیاسی و ستراتیژیی قووڵ لەخۆ دەگرێت، سەبارەت بە ئاییندەی عێراق وەکوو دەوڵەتێکی فیدڕاڵ و مافەکانی گەلی کوردستان وەکوو هاوبەشێکی سەرەکی لەناو ئەم سیستەمەی، کە دوای ٢٠٠٣ دامەزراوە.
بەپێی دەستووری ساڵی ٢٠٠٥ قەوارەی گەلی کوردستان لەگەڵ پێکهاتەکانی دیکەی عێراق بەشێکه له پێکهاتەی نیشتمانیی عێراق، بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی فیدڕاڵی دەرفەتێك دەڕەخسێنێت بۆ کاریگەری لەسەر بڕیاردانی نیشتمانی، کە تیایدا یاسا و سیاسەتەکانی کاریگەری لەسەر هەموو هاووڵاتییان تاوتوێ دەکرێت.
لەغیابی بەشداریکردنی نوێنەرانی قەوارەی هەرێمی کوردستان ڕەنگە گەلی کوردستان دەنگی خۆی لەدەست بدات لە بابەتەکانی پەیوەست بە بودجە و ئاسایش و سیاسەتی دەرەوە و پڕۆژەکانی گەشەپێدان، کە بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ یان ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر هەرێمی کوردستان هەیە.
بەشداریکردنی گەلی کوردستان لە دەنگدان بۆ هەڵبژاردنەکانی فیدڕاڵ پشتیوانی کوردستانییانە لەسەر بنەمای دەستووری عێراق بۆ پڕەنسیپی فیدڕاڵیزم وەکوو میکانیزمێکی هاوچەرخ بۆ ڕێکخستنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمەکان لەناو دەوڵەتی فیدڕاڵ. ئەم سیستەمە ڕێگە دەدات بە هەرێم و پارێزگاکان، بە هەرێمی کوردستانیشەوە، لە زۆر بابەتی ناوخۆییشدا حوکمڕانی سەربەخۆیان هەبێت، گەلی کوردستان بە پشتیوانیی پەرلەمانی فیدڕاڵی دەتوانێت لە چوارچێوەی ئەم سیستەمەدا مافەکانی خۆی بپارێزێت و دڵنیایی بدات لەوەی ئەو ئیمتیازاتانەی دەستوور بۆی دەستەبەر کردووە پێشێل نەکرێت.
هەروەها هەڵبژاردنەکانی فیدڕاڵی دەرفەتێک دەڕەخسێنێ بۆ مسۆگەرکردنی بەردەوامیی مافه یاسایی و دەستوورییەکانی گەلی کوردستان. بۆ نموونە بودجەی فیدڕاڵیی عێراق، کە پشکی هەرێمی کوردستان لە سەرچاوە داراییەکان لەخۆ دەگرێت، لە ڕێگەی پەرلەمانی عێراقی فیدڕاڵی دیاری دەکرێت، بەشداریکردن لەم هەڵبژاردنانەدا دڵنیایی دەدات، کە گەلی کوردستان لەم پەرلەمانەدا نوێنەرانی کارای هەبێت، کە پەرۆش بن بۆ جێبەجێکردنی ئەو مافانەی، کە دەستوور دەستەبەری دەکات، لەوانەش دەستەبەرکردنی بەشێکی دادپەروەرانە لە دابەشکردنی داهاتی نەوت و گاز.
لە ڕێگەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنە فیدڕاڵییەکان، گەلی کوردستان ئامادەییی خۆی نیشان دەدات بۆ کارکردن لەگەڵ هەموو پێکهاتەکانی عێراق بۆ دامەزراندنی سەقامگیریی سیاسی و گەشەپێدانی بەردەوام.
هەروەها پەرلەمانی عێراقی فیدڕاڵ ئەگەر سەروەر بێت، ئەو گۆڕەپانەیە، کە دەتوانرێت لەناویدا ناکۆکییەکان چارەسەر بکرێن و لەسەر پرسەکانی پەیوەست بە گەشەپێدان و ئاشتەواییی نیشتمانی بگەنە ڕێککەوتن.
مێژووی سیاسیی عێراق، بەتایبەتی لە ڕووی پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی فیدڕاڵیی بەغدا و حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە، چەندین گرژی بەخۆیەوە بینیوە، لەگەڵ ئەوەشدا، بەشدارییەکی کاریگەر لە هەڵبژاردنە فیدڕاڵییەکان یارمەتیدەر دەبێت بۆ بنیاتنانی متمانەی هاوبەش لە نێوان لایەنە جیاوازەکان.
لە ڕێگەی نوێنەرایەتیی چالاکانەی گەلی کوردستان و یەکگرتووییی نوێنەران لە پەرلەمانی عێراق دەتوانرێت جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەکانی نێوان بەغدا و هەولێر مسۆگەر بکرێت و ببێتە هۆی کەمکردنەوەی ناکۆکییەکان و چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی وەکوو جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ و دەرکردنی یاسای نەوت و گاز و ڕێکخستنی بەشە بودجەی هەڕێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی فیدڕاڵ و بابەتی تر.
ئەگەرچی هەرێمی کوردستان دەوڵەت ئاسا لە زۆر ڕووەوە سەربەخۆیە و مافی بڕیاردانی هەیە، بەڵام چەندین بڕیاری گرنگ لەسەر ئاییندەی هەرێم لە پەرلەمانی عێراقی فیدڕاڵ دەدرێت، بۆیە بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی فیدڕاڵ نوێنەرایەتییەکی ڕاستەقینە بە گەلی کوردستان دەبەخشێت لە پرۆسەی بڕیاردان لەسەر ئاستی فیدڕاڵ و بەرژەوەندییەکانی هەرێم لە بوارە جیاجیاکانی وەکوو ئاسایش و سیاسەتی دەرەوە و، گەشەپێدانی ئابووری مسۆگەر دەکات.
لە ڕێگەی ئامادەبوونی کارا لەناو پەرلەمانی فیدڕاڵ کوردستانییان دەتوانن گوشار بخەنە سەر گۆڕانکاری و چاکسازی لەو بوارانەی، کە پەیوەندییان بە هەرێمەوە هەیە، لەوانەش پەرەپێدانی میکانیزمەکانی دابەشکردنی سامان لەنێوان حکوومەتی فیدڕاڵ و هەرێمەکان یان دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی تەواوی بڕگەکانی دەستووری عێراقی پەیوەست بە هەرێم لەخۆ بگرێت.
پەرلەمانی فیدڕاڵی ئامرازێکی یاسایییە، کە دەتوانرێت بۆ بەدیهێنانی ئەم گۆڕانکارییانە بەکار بهێنرێت.
جەنابی سەرۆك مەسعود بارزانی، سەبارەت بە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ عێراقی فیدڕاڵ، بەردەوام جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە، کە چارەسەری بنەڕەتیی گرژی و کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا گەڕانەوەیە بۆ سێ پڕەنسیپ (هاوبەشی، هاوسەنگی و سازان)، کە ئەم جارە بووە بە دروشمی لیستی ژمارە ٢٧٥ی پارتی دیموکراتی کوردستان، هەروەها پابەندبوونە بە دەستوور.
لە کۆتاییدا، دەنگدان بۆ پەرلەمانی عێراقی فیدڕاڵ تەنیا کردارێکی هەڵبژاردن نییە. هەنگاوێکی ستراتیژییە، کە ڕەنگدانەوەی خواستی گەلی کوردستانە بۆ پاراستنی مافەکانی لەناو سیستەمی عێراقی فیدڕاڵ و بەرەوپێشبردنی بەرژەوەندییەکانی گەلی کوردستان لە پرۆسەی بڕیاردانی فیدڕاڵیدا دەرفەتێکە بۆ مسۆگەرکردنی سەقامگیریی هەرێم و عێراقێکی دیموکرات، کە مافی پێکهاتەکانی دەستەبەر بکات.
دواجار سەرکەوتن هەر بۆ گەلی کوردستانە.