خەبات: ساسان دەروێش
یاریزانانی کورد لە تاراوگە بوونەتە بەشێک لە وەرگری خەڵاتەکان لە مەیدانە جیاوازەکانی وەرزش، ئەمەش دەرفەت و دەروازەیەکە بۆ ناساندنی شووناسی کورد کە یاریزانان بەبەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان، کوردبوونی خۆیان دەسەلمێنن، ڕەوەندی کوردستانیان بۆ پشتیوانیان، شاندێکی لقی 6ی ئەورووپای پارتی دیموکراتی کوردستان بەسەرپەرشتی سەرهەد غەفووری بەرپرسی لقی 6 و هەڤاڵانی لیژنەی ناوچەی دوسڵدۆرفی پارتی و بەشێکی بەرچاو لە ڕەوەندی کوردستانی، ئامادەی پاڵەوانێتییەکی بۆکسێن بوون لە ئەڵمانیا بۆ پاڵپشتی دوو یاریزانی کورد بادین حەسۆ و سەرهەد نەوزاد، هەردوو پاڵەوانی کورد سەرکەوتن بەرانبەر ڕکابەرەکانیان و لە مەیداندا ئاڵای پیرۆزی کوردستانیان بەرزکردەوە هاندەرانیان بە جۆش و خرۆشەوە ئاهەنگیان گێڕا بە دەهۆڵ و زۆڕناو شایی کوردی پیرۆزباییان لێکرد .
بادین حەسۆ، کوردێکی ئێزدییە لە شاری ئۆبەرهاوسنی ئەڵمانیا بە ئاڵای کوردستان و سروودی ئەی ڕەقیب چووە سەرستەیج و بووە پاڵەوان، كاتێك بەرامبەر یاسر ئەحمەد مالیکی یاریزانی پاکستانی یاریکرد لە کێشی 79,5 کیلۆگرام، ناسناوێکی گەورەی لە یاریی بۆکسێندا بردەوە و بووە پاڵەوان و بە دەستهێنانی خەڵاتی ( WBC)، بادین ئیدریس حەسۆ زۆزانی تەمەنی 31 ساڵ و لە شێخان لە كوردستان لە دایکبووە، ئەمە نۆیەم بردنەوەیەتی لە پاڵەوانێتییەکاندا.
لە کۆتاییشدا سەرهەد غەفووری بۆ لاپەڕەی وەرزشی ڕۆژنامەی خەبات گوتی: شانازی بە ڕۆڵەکانی کوردستانی دەکەین کە خۆیان دۆزیوەتەوە لە بوارەکاندا لە تاراوگە کە جێگەی شانازیی هەموو کوردن و دەستخۆشی و پیرۆزبایی خۆمان بە ناوی لقی 6 ی ئەورووپای پارتی گەیاندە هەردوویاریزانی کورد، لەگەڵیان بەشدار و بینەری یارییەکانیان بووین و دڵخۆشیان کردین بەبردنەوەی خەڵاتەکە و ئەوانیش خەڵاتەکەیان پێشکەشی سەرۆک بارزانی و کوردستانیان کرد، هیوادارم نموونەیان زیاد بێت بۆ زیاتر ناساندنی شووناسی کورد و ناساندنی دۆزی کورد بە دنیا لە ڕێگەی وەرزش و ونەرو زانست و زانیاری لە تاراوگە.