خانمە بەربژێرێكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بازنەی هەولێر، باس لە گرنگیی دەنگدان بە پارتی دەكات و رایدەگەیەنێت كە پارتی تاكە حزبە كە هەمیشە بە سیاسەتێكی حەكیمانە، گرێیەكان دەكاتەوە.
ئاڤێستا مام یەحیا، بەربژێری ژمارە ٢ی لیستی ٢٧٥ی پارتی لە هەولێر، لە نووسینێكدا بە ناونیشانی (خەڵک متمانە بە کردار دەکات)، ئاماژەی بەوە داوە: ”خەڵکی کوردستان چاوکراوە و لێزان و بەهەستن، ڕابردوویان لەبەرچاوە و باش دەزانن کێ لە خەمیاندایە و کێش تەنها خەمیان پێ دەدات.“
ڕوونیشی كردەوە: ”کێشە یەک لە دوای یەکەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراقی فیدڕاڵ، سەرجەمییان کێشەی سیاسین و گرێدراون بە لایەنی یاسایی و تەکنیکییەوە، هەمیشەش هەر پارتی بە سیاسەتە حەکیمەکانی گرێیەکان دەکاتەوە و کۆڵنەدەرانە مافەکانی خەڵکی کوردستان دەگەڕێنێتەوە.“
خانمە بەربژێرەكەی پارتی جەختیشی كردووەتەوە: ”ئەوەی شەوی خستووەتە سەر ڕۆژ و ڕۆژی گرێ داوەتەوە بە شەوەوە لەپێناو بەدەستهێنانی مووچە و بودجەی خەڵکی کوردستان، پارتییە، چونکە بڕوای بە مافەکانمان هەیە و دڵنیاین سازشمان پێوە ناکات.“
لە كۆتاییشدا دەڵێت: ”دەنگی تۆ بۆ ئێمەی بەربژێرانی لیستی ٢٧٥، دڵنیاییدانە بەوەی مافتان پارێزراو دەبێت لە عێراقدا.“