بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، ئه‌مڕۆ هه‌ینی 10ى 10ى 2025 بڵاویكرده‌وه‌، سێ‌ تۆمەتبار لەسەر ڕووداوەكەی شەوی ڕابردووی نەخۆشخانەی شار لەلایەن مەفرەزەکانی بەشی پۆلیسی فریاکەوتنی بەڕێوەبەرایەتییان و بنکەی پۆلیسی نەخۆشخانەوە دەستگیر کران.
له‌ ڕاگه‌یاندراوه‌كه‌دا، ئاماژه‌ به‌وه‌ دراوه‌ كه‌ شەوی ڕابردوو پاش کاتژمێر ١٢ ی نیوەی شەو سێ‌ كەس بەمەبەستی سەردانیکردن دەچنە نەخۆشخانەی شار. هه‌روه‌ها هاتووه‌: “بەهۆكاری ئەوەی سەردانیكردن بەپێی یاسا و ڕێنماییە بەركارەكان لەو کاتەدا ڕێگە پێدراو نییە، کارمەندی پاسەوانی بنکەی پۆلیسی نەخۆشخانە ڕێکاری گونجاو دەگرێتە بەرو ڕێگرییان لێدەكات، لەگەڵ ئەوەدا کە دەستگیرکراوان یەکێکیان دوور لەڕاستی، خۆی بە پزیشکی نەخۆشخانە دەناسێنێت و یەکێکیشیان لەژێر کاریگەری مەی نۆشیدایە، گرژی و ئاڵۆزی دەخوڵقێنن و هێرش دەكەنە سەر کارمەندەکەمان و یەكێكیان چەكی كارمەندەکە دەڕفێنێت و تەقە دەكات و هەڵدێت”.
ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو كه‌ دەستبەجێ‌ لەلایەن بنکەی پۆلیسی نەخۆشخانەوە دووان لە تۆمەتبارەكان دەستگیر کران و لەماوەیەكی زۆر كەمیشدا تۆمەتباری سێیەم لە لایەن مەفرەزەكانی بەشی پۆلیسی فریاكەوتنی بەڕێوەبەرایەتییانەوە لە گەڕەكی كوردسات دەستگیر كرا.
لە ئێستادا هەریەك لەتۆمەتباران :
س ، س لەدایكبووی 1969
ب ، س ، س لە دایكبووی 2006
ب، س، س لەدایكبووی 2004
بەبڕیاری بەڕێز دادوەر بەپێی ماددەی (٣١/٤٠٥) لەیاسای سزاکانی عێراقی ڕاگیراون و لێكۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە .