خەبات: عەبدولقەهار هەولێری:- هەرکە گوزەرێک بەناو بازاڕی کۆنی شاری زاخۆ بکەیت، بەهۆی جوانیی دیزاین و شوێنەوارە مێژووییەکەیەوە کۆمەڵێک دیمەنی سەرنجڕاکێش دەتبەنە نێو بیرکردنەوە و ئەندێشەیەکی قوڵەوە و لە ناخەوە هەست بە ئارامی و پشووی جەستەیی دەکەیت.
کاتی سەردانیکردنم بۆ ئەو بازاڕە، ئەوەی زۆر سەرەنجی ڕاکێشام، دوکانی وێنەگرێکی کۆنی زاخۆ بوو، بەناوی (وێنەگر ئەمین) کە جیاوازبوو لەهەموو وێنەگرانی دیکە، ئەو وێنەی بەشی هەرە زۆری ئەو کەسایەتی و خاوەنکار و خاوەن پیشانەی ساڵانی زوو لە شارەکە ژیاون ئێستا لە ژیان نەماون، هەڵواسیوە و دوکانەکەی کردووە بە ئەلبوومێکی پڕ لە یادگاری، بۆیە حەزم کرد لەنزیکەوە خاوەن دوکانەکە لەبارەی ئەو وێنانەی کۆی کردوونەتەوە قسەم بۆ بکات.
عادل محەمەد عومەر بەنستانی، کە خاوەن دوکانی ئەو وێنەگرەیە بۆمان دوا و گوتی: ئەم دوكانی وێنەگرییە بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1945 لەلایەن باپیرمەوە کراوەتەوە و بۆ 80 ساڵ دەچێت کاری وێنەگری دەکەین، منیش تا ئێستا بەردەوامم و ئەم شوێنە یەکێک لە وێنەگرە کۆنەکانی ئەم شارەیە تا ئێستا ماوە. جاران تەنیا ئەم وێنەگرە هەبووە لەتەواوی دهۆک و ئامێدی و زاخۆ، هەرکەس بۆ مامەڵە و فهرمانگهكان وێنەی بوویستایە دەهات بۆ ئێرە وێنەی دەگرت، بەشی زۆری وێنە و فیلمە کۆنەکانیش وەک ئەرشیف لێرە پارێزراون، دواتر ئازووم کرد و بیرمکردەوە وێنەی کۆچکرووەکان و ئەو کەسایەتییانەی ڕۆژانێک لەم شارە ژیاون هەڵبوواسم و وەک یادگارییەک بەزیندوویی بمێننەوە لەمێژووی ئەم شارەدا. جیا لەوەش ئەوانەی وێنایەن نەمابوو لە خاوەنەکانیان داوامکردووە ئەگەر وێنەیان ماوە بۆم بهێنن و لێرە هەڵیانبوواسم، وەک دەبینن دیواری دوکانەکەم کردووە بە ئەلبوومی وێنەی کۆچکردووەکان.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد بیرۆکەی ئەوەی هەیە ئەگەر بۆی بکرێت دوکانەکەی گەورەتر بکات بۆ ئەوەی بتوانێت جوانتر وێنەکان لە دیوارەکەدا هەڵبوواسێت، هەروەها گوتیشی: پێشتر خۆم لەدوای خەڵک دەگەڕام تاکو وێنەی کۆچکردووەکانیان بهێنن، بەڵام ئێستا خەڵکێکی زۆر خۆیان وێنەی کۆچکردووەکانیان دەهێنن بۆ ئەوەی بۆیان دابنێم بەتایبەتی کەسانی تایبەت و ناودار.
گوتیشی: دەتوانم بڵێم تاکو ئێستا زۆربەی وێنەی کۆچکردووانی شاری زاخۆم له لایە، ئەگەر ماشبێت کەسانێکی کەم ماون لێرە وێنەیان نەبێت، ئەویش هۆکار ئەوەیە وێنەیان نییە یان هێشتا بەدەستم نەگەیشتووە، ئەم وێنەگرە گوتیشی، زۆری وێنەکان وێنەی کۆن و ڕەش و سپین، بەڵام خۆم کاریان لەسەر دەکەم و وێنەکان چاک دەکەم و دەیانکەم بە ڕەنگاوڕەنگ.