خەبات: بەرهەم شێخ عزەدین:- لە دەستپێكی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ خولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە مەراسیمێكی شایستەدا مەكتەبی ڕێكخستنی پارێزگای سلێمانی –هەڵەبجە- ڕاپەڕین، بەئامادەبوونی (عەلی حوسێن) ئەندامی مە كتەبی سیاسی و بەرپرسی مەكتەبی ڕێكخستنی پارێزگای سلێمانی هەڵەبجە –ڕاپەڕین و یاریدەداران و بەرپرسی لقەكان و كاندیدانی بازنەی سلێمانی و جەماوەرێكی بەرچاو لە هۆڵی بۆنەكانی مەكتەب ئاهەنگێكی جەماوەری بۆ ناساندنی كاندیدەكانی ڕێكخست:

پارتی ڕەگ و ڕیشەی لەم شارەدایە و هەرگیز پارتی لەم ناوچەیە دانەبڕاوە
عەلی حوسێن بەرپرسی مەكتەبی ڕێكخستن لە سەرەتای قسەكانی گوتی: ئەمڕۆ لە شاری هەڵمەت و قوربانی، شاری ڕۆشنبیری دەست بەبانگەشەی هەڵبژاردن دەكەین، ئەو شارەی لە شۆڕش پێشەنگ بووە و پارتی ڕەگ و ڕیشەی لەم شارەدایە و هەرگیز پارتی لەم ناوچەیە دانەبڕاوە، پارتی دەیەوێت خزمەتی زیاتری ئەم ناوچە تێكۆشەر و قوربانیدەرە بكات، خەڵكی بە ویژدانی ئەم سنوورە باش دەزانن و چاوكراوەن و دەزانن كێ داكۆكیكاری سەرسەختی مافە دەستووری و ڕەواكانی گەلی كوردستانە، بۆیە ئێمە دڵنیاین دەنگ دەدەن بە لیستی 275 پارتی دیموكراتی كوردستان.

بەشێوەیەكی دیموكراسی و هێمنانە بانگەشە بكەن
لە بەشێكی دیكه‌ی قسەكانیدا، عەلی حوسێن گوتی: پارتی ئامانجیەتی بانگەشەیەكی هێمنانە و دوور لە تەشهیر و ناوزڕاندن بەڕێوە بچێت و داوامان لە كاندیدانی خۆمان ئەوەیە كە بە شێوەیەكی دیموكراسی و هێمنانە بانگەشە بكەن و ژینگەی شار و شارۆچكە و گوندەكان پاك ڕابگرن و بیپارێزن.

دەنگ بە لیستی 275 بدەن
عه‌لی حوسێن لە بەشێكی دیكه‌ی قسەكانیدا باسی لەوەكرد كە پارتی دیموكراتی كوردستان هەمیشە لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی و میللەتی كورد قوربانی داوە و وازی لە مافی خۆی هێناوە. بۆیە داوا لە خەڵكی خۆشەویستی سلێمانی، گەرمیان، هەڵه‌بجە، ڕاپەڕین، دەكەین بچنە سەر سندوقی دەنگدان و دەنگ بدەن بە لیستی 275 پارتی دیموكراتی كوردستان بدەن، چوونكە ئەو لیستە لیستی شەهیدان و لیستی پێشمەرگە و لیستی داكۆكیكاری سەرسەختی مافەكانی خەڵكە، ئێمە لامان ڕوونە هاووڵاتییان بەرچاو ڕوون و وشیارن دەزانن لەعێراق ئەوەی كە زیاتر و ڕشت و دڵسۆترە بۆیان پارتی دیموكراتی كوردستان و سەرۆك بارزانییە، بۆیە دەنگ بەو لیستە دەدەن.

نوێنەری خەڵك بن
لە دوا بەشی قسەكانیدا عەلی حوسێن گوتی: داوا لە كاندیدانی پارتی دیموكراتی كوردستان و لایەنەكانی دیكەش دەكەم كە نوێنەری خەڵك بن، داكۆكی لە مافەڕەواكانی خەڵك بكەن و بەگیانی كوردستانییانە كاربكەن.

داكۆكیكاری مافی هاووڵاتییان دەبین
لە دوا بەشی مەراسیمەكەدا، دكتۆرە ئەشواق جاف سەرۆكی لیستی پارتی پەیامی لیستی 275ی پارتی لە بازنەی سلێمانی خوێندەوە و لە بەشێكیدا گوتی: وەك لە ڕابردوو نوێنەرانی پارتیمان داكۆكیكاری سەرسەختی ماف و داوا ڕەواكانی خەڵكی كوردستان بوون، ئێمەش سوور دەبین و درێژەپێدەری ئەو ڕێبازە دەبین بۆ داكۆكی لە مافە دەستووری و یاساییەكانی گەلی كوردستان. لەبەشێكی دیكه‌ی قسەكانیدا خاتوو ئه‌شواق گوتی: بەرنامەی پارتی خزمەتی زیاتری خەڵكی ئەم سنوورەیە، بۆیە پێویستە نوێنەری پارتی لەم سنوورە زۆر بچنە پەرلەمانی عێراق بۆ ئەوەی لەوێوە داكۆكی لە مافەكانیان بكەین.