سەرۆكی لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پارێزگای هەولێر روونی دەكاتەوە كە پارتی لە ڕێگەی درووشمی خۆیەوە كە (هاوبەشی، هاوسەنگی و سازان)ە، فەلسەفەی حومڕانیی عێراقی خستووەتە ڕوو.
رێبوار هادی، بەربژێری ژمارە ١ی لیستی ٢٧٥ی پارتی لە هەولێر، لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) نووسینێكی بە ناونیشانی (هاوبەشى، هاوسەنگى و سازان بۆ؟) بڵاو كردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە داوە: ”ئەوەى سەرەوە دروشمی سەرەکیی پارتیمانە لەم هەڵبژاردنەى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق. فەلسەفەى پشت ئەم دروشمە، هەڵێنجراوى هەلومەرج و واقیعى سیاسیى کۆمەڵگەى عێراق و جۆرى پێوەندیى حکوومەتی هەرێمی كوردستان و حکوومەتى فیدرالییە. پارتی لە سێ وشەدا، بە وردبینییەکى زۆرەوە، هەم بنەماى شکڵگرتنى عێراقى نوێى خستووەتە ڕوو، هەم فەلسەفەى حکومڕانیی ئەم عێراقە نوێیە و هەم رێگاى پێکەوەبوونى پێکهاتە جیاوازەکانی.“
هەروەك ڕوونی كردووەتەوە: ”تێگەیشتنە سەرەکییەکە ئەوەیە لەم عێراقە نوێیەدا کە تەوافوقییە، پێویستە رێز لە ئیرادەى پێکهاتە جیاوازەکان بگیرێ و بەو شێوەیەی کە مافیان لە دەستووردا چەسپێنراوە، شوێنیان بۆ دابنرێ. ئەمە دەبێتە بنەماى هاوبەشیى لە حکومڕانیدا. لەم هاوبەشییە راستەقینەیەدا، ئێمە بە هاوسەنگى دەگەین، کاتێک هاوبەشیی راستەقینە و هاوسەنگى هەبوو، ئەوکاتە پێکهاتەکان دەتوانن پێکەوە بسازێن و هەلومەرجى خزمەتی راستەقینە بەدی بهێنن. لێرەوە سازان دەبێتە بابەتێكی نیشتمانى، گشتگیر و دیموکراسییانە کە تێیدا کەس هەست بە دۆڕان ناکات.“
لە كۆتاییشدا جەختی كردووەتەوە: ”ئەمە بۆچوونی سەرەکیی ئێمەیە وەک پارتی و بنەمایەکی گرنگیش دەخاتە ڕوو، ئەوەى کە بە پێچەوانەى زۆرێک لەو ئیڕهابە فکرییەى لە دژمان دەکرێ، ئێمە حەزمان لە کێشە نییە، بەڵکوو بە دواى چارەسەرەوەین، بەڵام لەم چارەسەرەدا پێویستە رێز لە ئیرادەمان بگیرێ، کاتێک کە رێز لە ئیرادەت گیرا، هاوسەنگیی هێز دێتە کایەوە، کە هاوسەنگیی هێز هەبوو، گفتوگۆ و سازان دەبێ. بەڵام ئەگەر بە پێچەوانەوە بێ، ئەوە زوڵمە و لەم حاڵەتەدا رازیبوون دەبێتە جۆرێك لە خۆتەسلیمكردن کە ئەمەش وەک سەرۆک بارزانی بەردەوام جەختی لەسەر کردووەتەوە، بۆ ئێمە قابیلی قەبووڵ نییە.“