ڕەوەند محەمەد جەمیل
هونەرمەندی بە توانا مامۆستا (سلێمان شاکر) ئەستێرەیەکی پڕشنگداری هونەری شێوەکارییە لە کوردستان، نزیکەی زیاتر لە شەست ساڵ خزمەتی پەروەردە و هونەرێکی ئاستبەرزی جددی کرد، کەسایەتییەکی بە هەڵوێست بوو و کاریگەری جوانییەکانی سرووشتی وڵاتی بەسەرەوە بوو.. ڕەنگە زۆرێک لە هونەرمەندانیش کاریان لەسەر سرووشتەوە کردبێت و هەمان کاریگەریی سرووشتییان بەشێوه‌یەک لە شێوەکان بەسەرەوە بووبێت، بەڵام بینین و دەربڕینی پیری هونەرمەندان جیاوازبوو! بەشێوەیەک کەوا تەکنیکێکی جیاواز و پاکی و زەقییەکی ماتی ڕەنگەکان و دەستپیاهێنانێکی نەرم فۆڕمی کارە هونەرییەکانی پیری هونەرمەندانی کوردستان (سلێمان شاکر) بوو، لە سەرووی هەموو ئەمانەشەوە زۆر بە وریاییەوە پابەندبوو بە تەواوی تووخمەکانی هونەری شێوەکاری، بۆیە شێخ یاخود پیری هونەرمەندان ئەم نازناوەیە کە پڕ بە پێستی ئەم کەڵە هونەرمەندە دەبینم!
زیاتر لە شەست ساڵ ئەزموون لە هونەر و کارکردن لەسەر ڕیفۆڕمی کۆمەڵایەتی لەنێو ژینگەیەکی کۆمەڵایەتی ناهونەری ئەو کات، ئەرکێکی زەحمەت بوو! بەڵام مامۆستا (سلێمان شاکر) زۆر بەرپرسانە و بەهیمنی چەندین نەوەی هونەری پێگەیاند و یەک لەم پایە ڕۆشنبیریانە بوو کاریگەری بەسەر تەواوی نەوەکانی ئەم شوینانە هەبووە کە خزمەتی پەروەردەیی تێداکردووە. ڕۆژگارێک بە پێویست زانرا کە مامۆستا (سلێمان شاکر) وەک کەسایەتییەکی پایەدار و بەتەمەن و بە ئەزموون لەپاڵ کۆمەڵێک مامۆستای گەنج بکرێتە مامۆستا لە پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی هەولێر و بەمەش پەیمانگە بووە تەلارێکی تەواوی هونەری، ئەمە لە سەردەمێکی زۆر سەختی باری ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی شاری هەولێردا بوو، شێخی هونەرمەندان هات و قوتابیانی فێری پڕەنسیپی هونەری و ڕەوشت بەرزی و بەها جوانەکانی کۆمەڵایەتی کرد، ڕەنگە زۆرجارانیش بە قسە نەیگوتبێت، بەڵام لە هەڵسوکەوت و شێوەی قسەکردن و کارکردن و دڵسۆزی و جدییەتی ڕەنگی دەدایەوە. بۆیە پێشتریش بەرلەوەی هونەرمەند (سلێمان شاکر) وەک مامۆستا بێت بۆ پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی هەولێر، لە هەر شوێنێک مامۆستا بووایە، ئیتر ئەو قوتابیانەی حەزیان لە هونەر بووایە و بیانویستبایە لە داهاتوویاندا ببن بە هونەرمەند یان شتێک لە هونەر بزانن ئەوا دەچوون بۆ ئەو قوتابخانەیەی کە مامۆستا (سلێمان شاکر) تیایدا مامۆستا بوو.
هونەرمەند یان پیری هونەرمەندان (سلێمان شاکر) لە ساڵی ١٩٣٥ لە ناحیەی گوێڕ لە دایک بووە، لە ساڵی ١٩٥٢ش وەک یەکەم کەس لە کوردستان دەبێتە قوتابی لە پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی بەغدا و ٣٥ ساڵیش وەک مامۆستا وانەی هونەری گوتووەتەوە، بۆ ئەزموون وەرگرتن سەردانی زۆرێک لە وڵاتانی کردووە، لە ژیانی هونەریدا بەسەدان کاری هونەری ئەنجامداوە، ستایلێکی تایبەت بەخوودی هونەرمەند خۆیەتی، کۆمەڵێک لە کارە هونەرییەکانیشی وەک شاکارێک لە هونەری شێوەکاری کوردستانی سەیر دەکرێن، وەک ئەم تابلۆ مەزنەی بارزانیی نەمر کە لە هۆڵی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دانراوە، لەگەڵ کۆمەڵێک لەو تابلۆیانەی کە سرووشتی کوردستان پێشان دەدات لەگەڵ دوا تابلۆی کە پردی قەندیل بوو، شیاوی باسە هونەرمەند (سلێمان شاکر) لەسەر ئەرکی خۆی و لە تەنیشت ماڵەکەیدا لە ساڵی ٢٠٠٧ گەلەرییەکی تایبەت بۆ کارە هونەرییەکانی کردۆتەوە، لەم گالێرییەش زۆربەی کارەکانی هەڵواسراون، ڕۆژانەی تیایدا کاری هونەری ئەنجامداوە و پێشوازی لە هونەردۆستان و میوانانی کردووە، تا دواجار لە ٣٠/٩/٢٠٢٥ لە تەمەنی ٩٠ ساڵی دەچێتە بەر دلۆڤانی خوا و دەبێتە سیمبولێکی جوانی کارکردنی جیدی و بەهای بەرزی مرۆڤایەتی بۆ هونەرمەندانی کوردستان.