حکوومەتی عێراق و دەوڵەتی قووڵ

201

شەنگە هاوار کاکەیی
هەرچەندە دەستەواژەی دەوڵەتی قووڵ (الدولة العميقة)Deep state زاراوەیەکی تازەیە هاتووەتە ناو ئەدەبیاتی سیاسی، دیارە ئەم چەمکە بۆ وەسفکردنی دەستەی حوکمڕانی هەڵنەبژێردراو لە وڵات هەڵدێڕاوە، بەڵام لە بەرێوەبردنی دەسەڵاتدا پەیپەرێکی تازە نییە و بگرە ! ڕەگ و ریشەی قووڵی مێژوویی هەیە، بە تێپەربوونی قۆناغ و زەمەنە جیاوازەکاندا بەشێک لە دەوڵەتان ئەو جۆرە مەدرەکسازییە لە حوکمداری، لەناو دەسەڵاتیاندا هەبووە کە پشت بە کاراکتەری هێزی پشت پەردە دەبەستن لە هەڵسوڕان و ئیدارەدانی سیاسیی وڵاتدا. بەڵام ئەوەی بەرچاو ڕوونییەکی تازەیە و جێگای مشتومڕی سیاسەتوانانی ئەم سەردەمەی هەڵگرتووە؛ پراکتیزەیی ئەم چەشنە مەحکومییەتەیە لە سەردەمی جیهانگیری و عەولەمە کە بە سەدەی هەڵبژادن و دیموکراسییەت و جێبەجێکردنی یاسا گەردونییەکانی جیهانی لە عەولەمە و بەندەکانی مافی مرۆڤ ناسراوە. بەتایبەت ئەم مۆدێلە لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا هاوشێوەی وڵاتە تازە پێشکەوتووەکان بوونیان هەیە و دیفاکتۆن لە بونیادنانەوەی بواری سیاسیی وڵاتاندا کە ئەویشیان هەڵگری پرسیارە. چوونکە چەمکەکە ئاماژە بە هێزی تۆڕێکی نادیار دەکات، لە هەڵسووراندنی مەحکومییەتدا ئەو تۆڕانە بە بەرنامە ئاراستەی سەرجەم جومگە هەستیارەکانی ناو دەسەڵات دەکەن، بەڵام لە سێبەر لەناو هەمان دەوڵەت، بۆیە لە وەسفکردندا پێناساندنی جیاوازی پێدەدرێت لەوانە: حکوومەتێک لە سێبەر، دەوڵەتی قووڵ، دەوڵەتی هاوتەریب، دەوڵەت لەناو دەوڵەت، سیاسەتی قووڵ و دەوڵەتی دووفاقی و هتد.
بەو پێیەی ئەو تۆڕانە لە ڕێگای بیرۆکراتییەتێکی سیاسی؛ داخیلی ناو جومگەکانی دەسەڵات دەبن، لە سێبەر کارەکانیان بەئەنجام دەگەیەنن، لەو باوەڕەی ئامانجەکانیانیش هاوشێوەی کارەکانیان لە سێبەر نەشونمایان گەییوە، هەنگاوەکانیان مەترسیدارە بەو پێیەی ناوەرۆکی ئەرک سپاردنیان دوورە لە شەفافییەت بە پاڵپشتیی هێزی نادیار و دەرەکیی ئەو هەڵدەسووڕێن جا یان ئامانجێکی کۆدەتایی لەپشتە، یان ئامانجی داگیرکاریی بەرژەوەندیخوازی کە زۆر جار کاراکتەرەکان بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان تەنانەت دەبنە چاوساغی دەوڵەتانی دراوسێ، کە بوونیان دیفاکتۆیە و مەترسیدارە، چوونکە ئەو تۆڕانە بەبێ تێپەڕین بە پرۆسەی دیموکراسی و هەڵبژاردن، بەبێ پێگەیشتن بەو فلتەرە هەر سێ دەسەڵاتی تەنفیزی و تەشریعی و قەزائی و بە دەسەڵاتی چوارەمیشیان مۆنۆپۆل کردووە؛ کە میدیا و ڕاگەیاندنەکان دەگرێتەوە، سەرباری کۆنتڕۆڵکردنی هێزی سەربازی و کارگیڕی و یاسایی و لە فەرمانگە فەرمییەکانی وڵات بە واتا: سێبەری حکوومەتێکی شاراوە لە ناخی دەوڵەتی فەرمی دروست دەبێت، لەو حاڵەتەدا دەکرێت بوونی ئەو تۆڕانە بە مەترسی و هەڕەشەیەکی گەورە بێتە خەمڵاندن.
ئەوەی جێگای ئاماژەپێدانە؛ نکۆڵی لەو ڕاستییە ناکرێت کەوا نموونەی دەوڵەتی قووڵ لەم سەدەیەدا، نەوەک تەنیا لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا بگرە لە لووتکەی دیموکراتییەتدا بوونی هەیە، بۆ نموونە سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا (دۆناڵد ترەمپ ) لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا بەڵێنی لەناوبردنی دەوڵەتی قووڵی بە گەلی ئەمریکا دا؛ پێی ڕاگەیاندن ئەگەر هاتوو لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتوو بوو، ئەوە ئیش بۆ ئەوە دەکات دەوڵەتی قووڵ لە ئەمریکا برووخێنێ، یانیش دەبێت ئەمریکا خۆی دەوڵەتی قووڵ بروخێنێ. چوونکە ئەو فۆرمە بێزارکەرە هەڕەشەیە لەسەر پرۆسەی دیموکراسی.
هەروەها بە هەمان ئاراستە نووسەر و زانای کۆمەڵناسی بەناوبانگی ئەمریکی (چارڵس ڕایت میلز ) لە ساڵی 1956 کتێبێکی بڵاوکردەوە بەناوی (دەستەی بەهێز )، تیایدا باسی لە ڕەگەزەکانی دەوڵەتی قووڵ کردوە بەتایبەت لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە پەرتووکەکەیدا ئاماژەی بە پایەکانی ئەو دەوڵەتە تەماوییە کردووە کە هەڵگری سێ پایەی سەرەکین، پێیوایە لەدوای نیوەی دووەمی سەدەی بیستەم سێ کەرت وەکوو دەوڵەتی قووڵ بەدەردەکەون لە هەناوی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا، ئەوانەیش خۆی لە کەرتی پیشەسازی و، سەربازی و کەرتی داراییی ووڵ ستریت پنتاگۆن دەگرێتەوە.
ئەم فۆرمە(دەوڵەتی قووڵ) لە چەندین وڵات دەکەوێتە بەرچاو و سیاسەتە ئامانجدارەکەی بەرکارە لە سێبەر، وەکوو تورکیا لە سەردەمی ئەتاتورک، لەئیران، لە بەریتانیا و وڵاتی سووریای پێشوو و ئێستا، هەروەها میسر، جەزائیر و هتد.
ئەوەی جێگای سەرنجە ئەو دەستەبژێرەی وڵاتان لە پێناساندنی دەوڵەتی قووڵ ئەگەر چی لەژێر یەک چەتردا پۆلێن و پێناسەیان بۆ دەکرێت کە دەوڵەتی سێبەرە؛ بەڵام ئامانجی کارابوونیان و سێبەرنشینیان لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێک جیاوازە. بە واتایەک ئامانجەکانیان یەکانگیر نییە و فرەڕەهەندن، واتا یەک ئامانج لەژێر یەک چەتر کۆیان ناکاتەوە.
لە وڵاتی عێراق و حکوومەتەکەی هەمان دەوڵەتی قووڵ بەدی دەکرێت لە کاریگەرییە نەرێنییەکانی سەبارەت بە نەتەوەی کورد هەڕەشەی دوو جەمسەر؛ لەلایەک لەسەر پرۆسەی دیموکراسی بوونی کۆمەڵگای عێراقی بە پێکهاتە جیاوازەکانی، لە لایەکی دیکە هەڕەشەیە لەسەر کورد دۆزی کورد بوون. لە کوردستانی باشوور چوونکە عێراق حەوشەی پشتەوەی ئێرانە؛ هەموو ئەو بڕیارانەی لە حکوومەتی سێبەرەوە ئاراستەی گەلی کورد دەکرێن، بریاری دەرەکین کە ئەو گرفتە لە پاش ڕووخانی ڕژێمی بەعس و دامەزراندنی حکوومەتی فیدڕاڵ سەریهەڵدا. بەتایبەت لەگەڵ گرتنە دەسەڵاتی حوکم لە عێراق لەلایەن (حزبە مەزهەبییەکانەوە)، سەرەتا گۆڕەپانەکە بۆ دوو حزبی دیاریکراو بوو؛ کە دەتوانین بڵێین ئەوان (بە پاڵپشتیی ئەجندای دەرەکی) بنەمای دەوڵەتی قووڵیان لە عێراقدا دامەزران، دواتر بە خوڵقاندنی (حەشدی شەعبی) و خزاندنی کادیری حزبە مەزهەبییەکان بۆ نێو جومگە هەستیارەکانی دەسەڵاتی تەنفیزی و تەشریعی و قەزائی و ڕاگەیاندن؛ ئینجا چەواشەکارانە کەوتنە ئەنجامدانی بەرنامەکانیان لە ڕێگای وەزارەتە هەستیارەکان بەتایبەت وەزارەتی ناوخۆی عێراق و کەوتنە وێزەی فەرمانگە فەرمییەکانی ئەو وەزارەتە لە ڕەگەزنامە و نشینگە و پاسپۆرت و فرۆکەخانە بۆ گۆڕینی دیموگرافیای سیاسی و ئەتنی عێراق. پاشان دەستیانکرد بە دروستکردنی گرفت بۆ خەڵک و حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بڕینی بەشە بوودجەی هەرێمی کوردستان و پێشێلکردنی دستوور (بەتایبەت ماددەی 140 و پەیوەستەکانی) و پشتگوێ خستنی هێزی پێشمەرگە و داگیرکردنی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و جێبەجێنەکردی ڕێککەوتنی شنگال تا گەیشتن بە بڕینی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان. ئەمەش لە ڕێگای حکوومەتی سێبەر و تەواوی دەسەڵاتەکانی دەوڵەتی قووڵ لە عێراق دروست بوو، تاکو کار گەیشتە ئەم دۆخەی کە ئیستا هەیە.
هەڵبەت ئەو تۆڕانەی حکوومەتی قووڵ کە سەوز بوونە لە هەناوی عێراق لەناو دامەزراوە فەرمییەکاندا بەدیدەکرێن؛ بەڵێ هێزن، کاریگەرن، بە دەسەڵاتن، پاڵپشتیی سیاسی و یاسایی دەکرێن، تەنانەت لە بواری کڕینی چەک (صفقات سلاح ) لە نێوان عێراق و دەوڵەتان (ئەوان) بڕیاردەرن. بۆیە دوای هەڵبژاردنی تازەی عێراق کە بڕیارە لە 11ی نۆڤەمبەر دەست پێبکات، هیچ گەشبینییەک لە ئارادا نییە کە حکوومەتی نوێی عێراق بتوانێ (دەوڵەتی قووڵ) ڕیشەکێش بکات و چەکی نایاسایی بخاتە ژێر دەستی خۆی.