سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، بەپێی ڕێككەوتنە سێقۆڵییەكە، بڕیارە كاتژمێر 6:00ـی بەیانی ڕۆژی شەممە 27ـی ئەیلوولی 2025، نەوتی هەرێمی كوردستان لەڕێگەی بۆڕی نەوتی هەرێم-جەیهان جارێكی دیكە بگاتەوە بازاڕی جیهانی و لەلایەن كۆمپانیا سۆمۆ بەبازاڕ بكرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەرۆکوەزیرانی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی عێراق، هاوکات وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی نەوتی عێراق لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان ڕاگەیێنراویان بڵاوکردەوە.
د.ئامانج ڕەحیم، سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، “وا بڕیارە کاتژمێری 6:00ـی بەیانیی ڕۆژی شەممە، 27ـی ئەیلوولی 2025، نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگای بۆریی نەوتی هەرێم – جەیهان، جارێکی دیکە بگاتەوە بازاڕی جیهانیی و لە لایەن کۆمپانیای سۆمۆوە بەبازاڕ بکرێت و داهاتەکەی بگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی فیدڕاڵیی، سەرەڕای پێدانی مانگانەی بەشی گەنجینەی فیدڕاڵیی لە داهاتە نانەوتییەکانی هەرێم، بەم جۆرەش هەرێم بەشدار دەبێت لە زیادکردنی داهاتی گەنجینەی فیدڕاڵیی عێراق و جارێکی دیکە لە بوودجەی گشتی عێراقەوە تەرخان دەکرێتەوە بۆ دابینکردنی مووچە و شایستەکانی هەرێم”.