سهرهتا وتار لە ئەمەریكاوە … غافڵكوژیی سیاسی لە ئەمەریكا، بازنەیەكی كراوەی بێ كۆتایی
غازی حەسەن
پێشەكی و داتا
ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا مێژووێكی سەخت و ئاشكرا و پڕ لە ڕووداوی لە بارەی تووندوتیژی هەیە، لە هەندێك بواردا تووندوتیژیییەكە سیاسییە و گرووپ و كارەكتەرە سیاسییەكانیش دەگرێتەوە. بەپێی زانیارییە فەرمییەكان 893 هێرش و كردەی تووندوتیژی لە ساڵەكانی 1994 تا 2020 ڕوویداوە. ئاماژە بەوە لە 57% ی هێرش و كردەكان لەلایەن ڕاستڕەوەكانەوە ئەنجام دراوە،25% یشی لەلایەن تووندڕەوە چەپەكان ئەنجام دراوە.
لە 15% یشی تووندڕەوە ئاینییەكان كردوویانە و لە 3%یشی نەتەوەپەرستەكان و 0.7% لەلایەن تووندڕەوانەو قەوماوە، كە هاندەری دیكەیان لەپشت بووە.ژمارە و داتاكان لە ماوەی چەند ساڵێك لەمەوبەر ئەوەمان بۆ دەردەخەن كە لە ساڵەكانی 1994 تا 1999 زۆربەی هێرش و كردەی كوشتن لەلایەن ڕاستڕەوەكانەوە ئەنجام دراوە و لە ساڵی 2008هێرش و پیلانی ڕاستڕەوەكان لە ساڵی 1994 تا 1999 زاڵ بوون و زیاتر لە نیوەی هەمو ڕووداوەكان خراونەتە پاڵ ئەم گرووپە و لە نەوەدەكاندا هێرشیان كردە سەر نەخۆشخانەی لەباربردنی كۆرپە. بەشێكی زۆری هێرشەكانیان لەسەر ئاستی تاك بووە. زۆربەی هێرشەكانی ڕاستڕەوەكان لە ساڵانی نەوەدەكاندا كلینیكەكانی لەباربردنی منداڵیان كردە ئامانج.
لە ڕووی چەندایەتییەوە ڕووداوەكان قەوماون، لە ساڵی 1995، 43 كردەی تووندڕەویی، تەنیا تەقینەوەكەی ئۆكلاهۆما سیتی لە 19 ی نیسانی 1995 بەدووەم كوشندەترین هێرشی تووندڕەوی دادەنرێت. لە ساڵەكانی 2017 و 2018 و 2019 ژمارەی كردە تووندڕەوییەكان یەكسان، یان پتر بوون لە ڕووداوەكانی 1995. لە ساڵی 2018 لە چاو ساڵێك لەوەپێشتر كە 53 ڕووداو بووە، كەمبوونەوەیەكی دیار بەرچاو دەكەوێت و كەم بۆتەوە بۆ 29 ڕووداو. لە 2019 جارێكی دیكە رێژەكە زیادی كردۆتەوە بۆ 44 ڕووداو.
بۆچی غافڵكوژی؟
بەپێی زانیارییەكان و ئاماری DHS پاڵنەری سەرەكی ئەم رووداوانە بریتی بووە لە:
یەكەم: ڕەگەزپەرستی یان نەتەوەپەرستی .
دووەم: توندوتیژییەكان دژی حكوومەت یان دەسەڵات..
سێیەم: هەندێك لە ڕووداوەكان پەیوەندییان بە تووندڕەوانی بواری مافی ئاژەڵ و لەباربردنی كۆرپە هەبووە.
نوێترین تیرۆری سیاسی
لە 10ی سپتێمبەری 2025 ( چارلی كیرك 31 ساڵ) شرۆڤەكار كە بە كۆنەپارێز و ڕاستڕەو ناوی دەهێنن و هاوكار و یەكێك لە سەرسەختەكانی داكۆكیكار لە دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمەریكایە و لە كردەیەكی تیرۆرستی گیانی لەدەست دا. ئەمە بووە هۆی جاریكی دیكە بە ئاگاهاتنەوەی ڕاگەیاندن. ڕووداوەكە لە نێو زانكۆی یوتا قەوما. ڕاگەیاندنەكان وای ئاماژە پێ دەكەن كە ئەمە پەیوەندی بە زنجیرەیەك كردەی دیاری ئەم دواییەی تووندوتیژییەوە هەیە، كە بە ترسناك ناوی دەبەن، ئاماژەشن بۆ زیادبوونی گرژییە سیاسی و ئایدیۆلۆژییەكانی نێوخۆی ئەمەریكا. ناوبراو دامەزرێنەری ڕێكخراوی گەنجانی ڕاستڕەوی (تۆرنینگ پوینت یو ئێس ئەی) و هاوپەیمانی سەرۆكی وڵات بوو.بەشێك لە لایەنگرانی قوربانییەكە ئاماژە بەوە دەكەن ئەوەی ڕوویداوە پەیوەندی بە چەپڕەوە تووندڕەوەكانەوە هەیە. (كیرك) پێش هەنووكە ئاماژەی بە دەركەوتنی “كەلتووری تیرۆركردن” كردبوو، پەنجەی تۆمەتیشی بۆ چەپەكان درێژ كردبوو.
چەپەكان و تیرۆری سیاسی
كیرك لە بەرنامەی ئێكسدا نووسیویەتی: “چەپی سیاسی توندوتیژیی ئاسایی دەكاتەوە – و تەنانەت تیرۆری سیاسیش – وەك ئامرازێكی شەرعی بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانی.”
گەنجێك دەبێتە قوربانی
دوای ئەم ڕووداوە، ئیدانەكردن فراوان بووە، لایەنگرانی قوربانییەكە ئاماژە بەوە دەكەن كە كردەی تووندوتیژی هیچی كەمتر نییە لە ڕووداوە مێژووییەكان كە پەیوەندیان بە تووندوتیژییەوە هەیە. هەر ئەوانە ئەوەمان بیر دەهێننەوە كە ویستیان دۆناڵد ترامپیش بەر لە ئێستا غافڵكوژ بكەن، ئاماژە بەوە دەكەن كوشتنی ئەم گەنجە “غافڵكوژی سیاسییە” و واش وەسفی دەكەن كە ئەمە “شەهیدی هەقیقەت و ئازادییە” و گوایە چەپە ڕادیكاڵەكان ئەمەیان كردووە.
هەندێك كردەی غافڵكوژی
13ی حوزەیرانی 2024 ترامپ لە كردەیەكی غافڵكوی دەربازی بوو. ئەمە لە شاری باتلەر و ویلایەتی پەنسلڤانیا ڕوویدا و گوللەیەك بەر گوێی كەوت. لە 15ی ئەیلوولی 2024 ناچاربوو یاریگای گۆڵفی فلۆریدا بەجێ بهێڵێت، ترسی كوشتنی هەبوو.
هاوسەری نانسی پیلۆسی
ساڵی 2022 هاوسەری نانسی پیلۆسی سەرۆكی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەران لە ماڵەكەیان لە ویلایەتی كالیفۆرنیا لەلایەن كەسێكی چەقۆكێشەوە بە سەختی بریندار كرا.
ستیڤ سكالیس
لە ساڵی 2017دا، ستیڤ سكالیسی سەرۆكی زۆرینەی ئەنجوومەنی نوێنەران، كۆماریخوازێكی ویلایەتی لویزیانا، لەگەڵ سێ كەسی دیكە تەقەیان لێكرا و كوژران.
جۆش شاپیرۆ
پارێزگاری دیموكراتەكانی ویلایەتی پێنسیلڤانیا سەرەتای ئەمساڵ لەگەڵ خێزانەكەی لە ماڵەكەی خۆی كوژران.
گرێچن ویتمر
پارێزگاری دیموكراتەكانی میشیگان لە هەوڵێكی شكستخواردووی ڕفاندن لەلایەن توندڕەوە ڕاستڕەوەكانەوە ڕزگاری بوو.
گابرێل گیفۆردز
نوێنەری پێشووی ئەمەریكا كە دیموكراتە، لە ساڵی 2011 لەكاتی كۆبوونەوەی لەگەڵ دەنگدەرانی لە مۆڵێكی بازرگانی لە ناوچەی ئەریزۆنا لە تەقەكردنێكدا تووشی برینداربوونی سەختی مێشكی بووە.
چارلی كیرك
كیركی تەمەن 31 ساڵەی لایەنگری ترامپ و ئیسرائیل و داكۆكیكار لە چەك، ملیۆنان فۆڵۆوەری سۆشیاڵمیدیای هەیە، 6.9 ملیۆن سەبسكرایبی لە ئینستاگرام و 3.8 ملیۆن سەبسكرایبی لە یوتیوب هەیە، ئەو بە شێوازە كاریگەرییەكەی یارمەتی دۆناڵد ترامپی داوە بۆ ئەوەی سەرنجی گەنجانی ئەمەریكا بەلای خۆیدا ڕابكێشێت.
كۆمپانیای تێرنینگ پۆینت لە ساڵی 2012 لە شاری شیكاگۆی پەراوێزخراو لەلایەن كیرك و ویلیام مۆنتگۆمێریەوە دامەزراوە كە ئەوكات تەمەنی 18ساڵ بوو و لە بزووتنەوەی پارتی چادا چالاك بوو، بەڵام جۆش و خرۆشی كیرك بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی لیبڕاڵەكان لە بواری ئەكادیمیادا وایكرد پشتیوانی گرووپێكی كاریگەر لە پارەدارە كۆنەپەرستەكانی بەدەست بهێنێت. ئەمانە ڕەنگە هۆكار بووبن بۆ تیرۆركردنی.
ترامپ: باشترین سەرۆكی ئەمەریكا
ترامپ لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیال گیانلەدەستدانی كێركی ڕاگەیاند و گوتی: “كەس لە چارڵی باشتر لە دڵی گەنجانی ئەمەریكا تێ نەدەگەیشت، یان نەبوو”.
مەترسی پشێویی پتر دەكرێت
مایك جێنسن، توێژەر لە زانكۆی مێریلاندی ئەمەریكا كە لە ساڵی 1970وە چاودێریی ئەو جۆرە تووندوتیژییانە و تیرۆری سیاسیی كردووە، لەبارەی ئەو ڕووداوە دەڵێت “ئەم ڕووداوە سامناكە، دڵەڕاوكێی زیاتر بڵاو دەكاتەوە”.جێنسن ئاماژە بەوە دەكات لە 6مانگی یەكەمی ئەم ساڵدا، نزیكەی 150 هێرشی سیاسی لە ئەمەریكا ڕوویانداوە، ئەمەش نزیكەی دوو ئەوەندەی هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو بووە. ئەو توێژەرە دەشڵێت:پێموایە ئێستا لەپێگەیەكی زۆر مەترسیدارداین و ئەگەری هەیە دۆخەكە زۆر بە ئاسانیی پەرەبسێنێت بۆ پشێوییەكی بەرفراوانتر، ئەگەر نەتوانین كۆنترۆڵی هەڵومەرجەكە و ڕووداوەكان بكەین. ئەم ڕووداوە مەترسیی ئەوەی هەیە ئاگر لە دۆخەكە بەربدات”.
هۆكارە هەنووكەییەكانی توندوتیژی
بێگومان هەندێك بابەت و ڕووداو بنەمایەكی مێژوویی هەیە، سیاسەت یەكێكە لەو هۆكارانەی بەردەوام پەنا وەبەر تووندوتیژی دەبرێت، سەبارەت بە دۆخی هەنووكەی ئەمەریكا شارەزایانی تیرۆری ناوەخۆیی ئاماژە بە كۆبوونەوەی چەند فاكتەرێك دەكەن سەبارەت بە زیادبوونی تووندوتیژی لە ئەمەریكا: ناسەقامگیری ئابووریی، نیگەرانی لەسەر گۆڕینی دیمۆگرافیای ڕەگەزیی، نەتەوەیی و تووندبوونی زیاتری گوتاری سیاسی لەنێو كۆمەڵگەی ئەمەریكادا.
بازنەیەكی كراوە
من وەكو نووسەری ئەم بابەتە، ناوم لەم كردەوە و ڕەفتارە تووندانە ناوە “بازنەیەكی كراوە” چونكە پێ ناچێت دەسەڵات و پۆلیس و هێزەكانی پاراستنی تەناهی بتوانن ئەم دیاردە مەترسیدارە كۆتایی پێ بهێنن، بۆیە بازنە مەترسیدارەكە بە كراوەیی دەمێنێتەوە. ترامپ خۆی ساڵی ڕابردوو دووجار هەوڵی تیرۆركردنی درا. لە یەكێكیاندا، بە سووكی بریندار بوو. تەقەكارەكە چەند چركەیەك دوای هێرشەكە لەلایەن پۆلیسەوە كوژرا.
لە هێرشی دووەمدا، پیاوێك بە چەكێكی قەناس و تیلسكۆپ لە نزیك یانەیەكی گۆڵف لە نزیك كۆشكەكەی ترامپ لە ناوچەی پاڵم بیچ لە مەیامی دەستگیركرا، لەو كاتەی ترامپ یاری دەكرد، دادگاییكردنی ئەم كەسە لە ناوەڕاستی ئەیلوول دەستی پێكرد. ئەمە جگە لەوەی لە مانگی حوزەیراندا، كەسێكی ناسیۆنالیستی كریستیان، ئەندامێكی كۆنگرێسی دیموكراتەكان و هاوژینەكەی لە مینیسۆتا كوشت و كەسێكی دیكەشی بریندار كرد.لە مانگی كانوونی دووەمەوە، لانیكەم 21 كەس لە ڕووداوی تووندوتیژی سیاسی كوژراون، 14 كەسیان لە هێرشێكدا لە شاری نیوئۆرلیەنز لەلایەن كەسێكی توندڕۆوە كوژران. لە مانگی ئایاریشدا، چالاكڤانێكی لایەنگری فەلەستین دوو كارمەندی باڵیۆزخانەی ئیسرائیلی لە واشنتن كوشت و دوای دەستگیركردنیشی بە پۆلیسی ڕاگەیاندبوو، “من ئەو كارەم لەپێناو غەززە كرد.” سەرۆكی ئەمەریكا بیرۆكەی بەكارهێنانی هێزی سوپای نیشتمانی بۆ گێڕانەوەی ئارامی و كۆتایی پێهێنانی تووندوتیژی بەكارهێنا، دوور نییە ئەم بازنەیە خراپتر بكات و چەپە تووندەكان و دیموكراتەكان و لیبرالەكان ئەمە بە مەترسی بۆ سەر فراوانبوونی تووندوتیژی دەزانن، لە ڕاستیشدا بە هەنگاوێكی دژەخۆیانی حیساب دەكەن.مایك جێنسن لەو بارەوە دەڵێت، “ئەمە ئیدارەیەكە، لە گەڵی بیت یان نا، گۆڕانكاری گەورەی لە ماوەی 8مانگی دەسەڵاتیدا كردووە.” و “هەندێك كەس خۆشیان دەوێت، هەندێك كەس ڕقیان لێیەتی. ئەو كەسانەی ڕقیان لێیە دەستیان كردووە بە كاردانەوە. ئەو كەسانەشی خۆشیان دەوێت دژی ئەو كەسانە كاردانەوەیان هەیە و ئەمەش بووەتە خولگەیەكی بێبەزەییانە، كە ئەگەری هەیە بمانخاتە ناو بازنەیەكی مەترسیدارەوە.”
سەركردەكانی ئەمەریكا داوای یەكدەنگی دەكەن
كوشتنی چارڵی كێرك، كاردانەوەیەكی گەورەی لەسەر ئاستی سەرۆكەكانی پێشووی “ئەمەریكا لێ كەوتەوە. جۆ بایدن ڕایگەیاند، ئەو و جیلی هاوژینی، نزا بۆ خێزان و خۆشەویستانی كێرك دەكەن. ئەو جۆرە تووندوتیژییانە لە ئەمەریكا جێگەی نابێتەوە.باراك ئۆباما قسەكانی بایدنی دووپاتكردەوە و ئەو هێرشەی وەك “تووندوتیژییەكی قێزەون” وەسف كرد و گوتی، “ئەو تاوانە جێگەی لە دیموكراسییەتەكەماندا نابێتەوە.” جۆرج دەبلیو بوش رایگەیاند، كێرك “بە خەم ساردییەوە كوژرا” لە كەمپێكی كۆلێژدا.
تاوانبارەكە گیرا
سەرچاوە فەرمییەكان ئاشكرایان كرد، تاوانبارەكە ناوی تایلەر ڕۆبنسونی تەمەن 22 ساڵییە، دانیشتووی ویلایەتی یۆتایە. تاوانبار بە باوكی ڕاگەیاندووە ئەو كێركی كوشتووە لە نێو زانكۆی یۆتا ڤالی، دوای ئەوە باوكی پەیوەندی بە دەسەڵاتی فیدرالی دەكات و كوڕەكەی ڕادەستی دادگا دەكات. دادوەری ویلایەتەكە سبنسەر كۆكس لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسی لەگەڵ بەڕێوەبەری ئێف بی ئای ڕایگەیاند: “ویلایەتەكەیان ئامادەیە بۆ جێبەجێكردنی سزای لە سێدارەدان”.
دیماهی و كۆتاییەكی بێ كۆتایی
یەكەم: ئیدارەی سەرۆكی ئەمەریكا لەبەردەم قۆناغێكی ئاڵۆز و مەترسیدارە، لەكاتێكدا بڕیاری بەكارهێنانی سوپای بۆ چارەسەری ئاژاوە و تووندوتیژی و تاوانی نێوەخۆیی داوە. ئەمە دوور نییە بیرۆكەی كاردانەوە فراوانتر بكات.
دووەم: لایەنگرانی كیرك و ترامپ ئاماژە بە چەپڕەوە تووندەكان دەكەن، كە ئەم تاوانەیان ئەنجام دابێت، لەكاتێكدا داتاكان بە ڕوونی نایشارنەوە زۆربەی تاوانەكانی تووندوتیژی لەلایەن ڕاستڕەوەكان دەكرێت.
سێیەم: ژمارەیەك هۆكار لەپشت كردەی تووندوتیژییە، لەوانە رەگەزپەرستی، دەمارگیری نەتەوەیی، ئایینی چەپڕەو، ڕاستڕەو، ئابووری و ململانێی سیاسی. تاد.
چوارەم: زۆر لە سەرچاوەكان و توێژینەوەكان ئاماژە بە مەترسی فراوانبوونی ململانێ سیاسی و كاردانەوەی تووند و ڕق دەكەن، هەندێك پێیان وایە ئەمە دەبێتە بازنەیەكی مەترسیدار.
پێنجەم: ئەم دیاردەیە دەمێكە لەنێو ئەمەریكا هەیە، چارەسەریشی بەمانای بنبڕكردنی نایەت، هۆكاری سیاسی، دەبێتە بەرهەمهێنانی تووندوتیژی سیاسی، گوتاری هەنووكەی سیاسی لەنێو ئەمەریكا بە شێوەیەك لە شێوەكان بازنەی تووندوتیژی كراوە و فراوانتر كردووە.
شەشەم: ترامپ داوای گەڕاندنەوەی سزای لەسێدرەدانی لە واشنتن دی سی كرد، چەند ویلایەتێك ئەم سزایە جێبەجێ دەكەن. دوور نییە ئەمە ببێتە هۆكارێكی بەهێز بۆ گێڕانەوەی سزای لەسێدارەدان لە زۆر ویلایەتی ئەمەریكا.
سەرچاوەكان:
بۆ زانیاری ورد و داتا سەیری هەردوو بەرگی لە ئەمەریكاوە بكە، كە لە نووسینی غازی حەسەنە، دەتوانی لەم لینكە هەردوو بەرگی كتێبەكە بەدەست بهێنن:
https://www.kurdipedia.org/default.aspx?q=20241122084342609598&lng=1
https://www.newsweek.com/charlie-kirk-assassinated-america-blisters-hate-violence-2127940
https://www.newsweek.com/charlie-kirk-republican-shot-utah-valley-live-updates-2127895
https://www.csis.org/analysis/escalating-terrorism-problem-united-states
https://www.gao.gov/blog/rising-threat-domestic-terrorism-u.s.-and-federal-efforts-combat-it