سهرهتا وتار «نیشتمان و سەربەخۆیی و ناسنامە» بۆچی وڵاتەکەم بە جوانترین شێوە دەبینم...
هەورامان عەلی تۆفیق
نیشتمان یەکێکە لە چەمکە گرنگەکانی ژیانی مرۆڤ، لە سەرەتای مێژووەوە بەستراوەتەوە بە شوناس و سەربەخۆییەوە، تەنیا پەیوەندی بەو چوارچێوەی جوگرافیەوە نییە مرۆڤ تێیدا دەژی ، بەڵکو چوارچێوەیەکی شارستانی و کولتووری و دەروونییە ویژدانی تاکەکان لە قاڵب دەدات و کەسایەتییان پێناسە دەکات ، زۆرێک لە بیرمەندان و نووسەران بەشێوەیەکی ناوەندگەرایی نیشتمانیان لە ژیانی مرۆڤدا نیشانداوە ، وەک جیبران خەلیل جیبران دەڵێت «نیشتمان ئەو شوێنە نییە کە تۆ لەدایک بوویت، بەڵکو ئەو شوێنەیە کە خۆت ئازاد دەبینیتەوە». سەرەڕای پێشکەوتنی شارەکان و گەشەسەندنی کولتووری لە وڵاتانی جۆراوجۆری جیهاندا، نیشتمان وەک جوانترین و بەنرخترین شوێن بۆ گەلەکەی دەمێنێتەوە ، بەو مانا دروستەی هەیەتی بەراورد بەسەروەت وسامانی دونیا ناکرێت.
لە ڕەهەندی سۆزداری و سەربەخۆییەوە هەمیشە نیشتمان یەکەم شوێنە کە مرۆڤ تێیدا فێری ژیان دەبێت ، ئەو شوێنەیە یەکەم پەیوەندی خۆی پێکدەهێنێت و زمان و کولتووری خۆی دەناسێت و پێی ئاشنادەبێت ، ئەم پەیوەندییە سۆزدارییە وا لە تاکێک دەکات لە چاوی جیاوازەوە سەیری زێدی خۆی بکات لەوەی کە سەیری هەر وڵاتێکی دیکە بکات ، توێژینەوەکانی دەروونناسی کۆمەڵایەتی دەریان خستووە، هەستکردن بە سەربەخۆیی، دڵخۆشی و لە خۆڕازیبوون زیاد دەکات، ئەمەش ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە ، بۆچی نیشتمان وەک سەرچاوەی جوانی ڕۆحی و ئەخلاقی بۆ مرۆڤ دەمێنێتەوە ، تەنانەت ئەگەر جوانییە ماددیەکانیشی نەبێت.
ناسنامەی کولتووری و نەتەوەیی ڕەهەندێکی بەهێزە لە پەیوەندی نێوان مرۆڤ بە نیشتمانەکەیەوە ، دابونەریت و زمان و بۆنە نەتەوەییەکان هەموویان تێکەڵەیەکی کولتووری ناوازە پێکدەهێنن بەجۆرێک لە هیچ وڵاتێکی دیکەدا نادۆزرێتەوە ، سەردانکردن و ژیان لە وڵاتانی تر لەوانەیە دەرفەتێک بۆ فێربوونی کولتوورە نوێ و جیاوازەکان بڕەخسێنێت ، بەڵام ناتوانێت هەمان هەستی وابەستەبوون بەنیشتمانەوە لای مرۆڤ دروست بکات ، وەک بیرمەند (بینێدکت ئەندەرسۆن) لە کتێبی کۆمەڵگە خەیاڵکراوەکانیدا جەختی لەسەر دەکاتەوە، نەتەوە بنیاتێکی کۆمەڵایەتییە کە لە ڕێگەی یادەوەری هاوبەش و هێما کولتوورییەکانەوە پێکهاتووە، ئەمەش ئەو شوێنە تایبەتە ڕوون دەکاتەوە کە نیشتمان لە دڵی خەڵکەکەیدا هەڵیگرتووە.
ڕەهەندە سیاسیەکانی نیشتمان تەنیا چوارچێوەیەکی کولتووری یان سۆزداریدا نییە ، بەڵکو هێمای سەروەری و ئازادییە ، بوونی دەوڵەتێک توانای پاراستنی هاووڵاتییانی هەبێت ، هەستی ئارمی و ئاسایش و کەرامەت بە تاک دەبەخشێت کە بە جوانی سروشت و خۆشگوزەرانی ژیان و لایەنی ماددی وڵاتێکی دیکە قەرەبوو ناکرێتەوە ، بۆیە قوربانیدانی مرۆڤ بۆ زێدی خۆی بەهایەکی قووڵی ڕەگ داکوتاوە لە زۆربەی کولتوورە جۆراوجۆرەکاندا بوونی هەیە ، وەک ماڵێکی یەکگرتوو سەیر دەکرێت کە هەمووان دەپارێزێت.
لەمانەی سەرەوە دەتوانین بڵێین نیشتمان لە چاوی خەڵکەکەیدا بە جوانترین شێوە دەمێنێتەوە، تەنانەت ئەگەر وڵاتانی دیکەش پێشکەوتووتر بن یان لە ڕووی ماددییەوە جوانتر و باشتر بن ، ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە جوانی نیشتمان تەنها لە سروشتدا نییە، بەڵکو لە سەربەخۆیی و ناسنامە و یادەوەری و هێماسازیشدایە ، نیشتمان ئەوەیە کە مانا بە مرۆڤەکان دەبەخشێت بە بوونیان و بە پەیوەندییەکی ڕۆحی دانەبڕاوە پێوەی پەیوەست دەمێننەوە.
لێرەدا دۆخی کورد لە ناوچەکە وەک نەتەوەیەکی گەورەیی بێ دەوڵەت لەسەر خاکی خۆی ، هەرێمی کوردستان تاکە دەسەڵاتێکی هەرێمی دەستوری بەشێک لە سنووری کوردستان فەرمانڕەوای دەکات و وەک دەوڵەت ڕێکارە ئیداری و سیاسی و ئابووریەکانی لە چواچێوەی دەسەڵاتی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا بەڕێوە دەبات ، ئەرک و کارەکانی لە کارەبای ٢٤ کاتژمێری و دروستکردنی شەقامە مۆدێرنەکان و چارەسەرکردنی کێشەی ئاو ودروستکردنی پشتێنەی سەوزایی و گرنگیدان بەسەوزکردنی کوردستان وکارکردن لەسەر دروستکردنی چەندین بەنداو و خستنەکاری سیستەمی بانکی و پێدانی زەوی بە هەموو فەرمانبەران و بەرزکردنەوەی ڕێژەی وەبەرهێنان و پەرەپێدان بە سیستەمی کشتوکاڵی سیستەمی خۆراکی و بەگەڕخستنی دەستی کاری ناوخۆیی وبەرقەراکردنی ئارامی و ئاسایش و کارکردن لەسەر ڕاکێشانی وەبرهێنەرانی بیانی بۆ کوردستان و گرنگیدان بەکەرتی گەشتیاری و بیناسازی بەرفراوان و بەردەوام و جوانکردنی سیمای شارەکانی کوردستان و ڕێگاوبان و زۆر بواری تر ، سەرەڕای هەموو ئەو ئاستەنگیانەی حکوومەتی عێراق بۆ هەرێمی کوردستانی دروست دەکات لە نەناردنی موچەو بودجەی هەرێمی کوردستان و کۆسپە بەردەوامەکان بۆ کەرتەکانی نەوت وگازو کشتوکاڵ و بازرگانیەکان ، بەڵام ئیرادەی کوردستان بە هێزێکی پۆڵاینەوە بەردەوامە بەرەوپێش بۆ ئەوەی هەمیشە شانازی بەکوردستان و جوانییەکانی کوردستانەوە بکەین ، بۆ ئەوەی هەمیشە کوردستان بەجوانترین ببینین و شانازی بەنیشتمان و ناسنامەی کورد بوونمانەوە بکەین تادەگەینە کۆتا هیوای سەربەخۆیی.