گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە کابینەی نۆیەمدا، بە گوژمەی زیاتر لە 3.5 تریلیۆن دینار، 5400 کیلۆمەتر ڕێگه‌ی نوێ دروست کراون و نۆژەن کراونەتەوە.

ئەمڕۆ شەممە، 20ـی ئەیلوولی 2025، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، کابینەی نۆیەم، ژمارەیەکی بەرچاو پڕۆژەی ڕێگه‌وبانی جێبەجێ کردووە، بەتایبەتی لە بواری نۆژەنکردنەوە و دروستکردنی ڕێگه‌وبانەکان.

– ڕێگه‌کانی دەرەوە (سەرەکی):

لە ڕێگه‌کانی دەرەوە، بە درێژایی 2681 کیلۆمەتر، ڕێگه‌ی نوێ دروستکراوە یان نۆژەنکراوەتەوە، قیڕتاو کراوە.

تێچووی گشتی ئەم پڕۆژانە گەیشتووەتە 1 تریلیۆن و 32 ملیار و 834 ملیۆن دینار.

– ڕێگه‌ی گوندەکان:

 318 پڕۆژەی تایبەت بە ڕێگه‌ی گوندەکان ئەنجامدراون.

کۆی درێژی ئەم ڕێگه‌یانە 317 کیلۆمەتر بووە.

– ڕێگه‌وبانی ناو شارەکان:

لە ناوخۆی شارەکانی هەرێمی کوردستان، 2168 پڕۆژەی ڕێگه‌وبان جێبەجێ کراون.

گوژمەی تەرخانکراو بۆ ئەم پڕۆژانە زیاتر لە 2 تریلیۆن و 40 ملیار دینار بووە.

– کردنەوەی پڕۆژەی نوێ:

ئەمڕۆ، سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی ڕێگه‌یەکی دیکەی ستراتیژی و گرینگ دەکاتەوە، کە ڕێگەی دووسایدی شێخان – لالشە. ئەم ڕێگه‌یە بە ماوەیەکی کورت و خێرا بە کوالێتی و ستانداردێکی جیهانی تەواو کراوە.