١١ی ئەیلوول لە مێژووی نەتەوەیی كوردا ڕۆژێكی پڕشنگدارە

173

شێخ ستار عەواڵانی*
بە دەستپێكی شۆڕشێكی سەرتاسەری تۆماركراوە ١١ی ئەیلوولی ساڵی ١٩٦١، ڕۆژێك بوو كە سەركردەی كورد مستەفا بارزانی نەمر ڕایگەیاند و فەرمووی كوردبەردەوام دەبێت لە بەرگریكردن، لە پێناو بە دەستهێنانی مافەڕەواكانی
شۆڕشی ١١ی ئەیلوول سەرەتایەك بۆ ئازادی
لەو ڕۆژەدا لە چیاكانی كوردستانەوە، دەنگی تفەنگی دەستی پێشمەرگە بەرزبووەوە، بەڵام ئەم دەنگانە تەنها دەنگی جەنگ نەبوون، بەڵكو دەنگی بەئومێدبوونەوەی نەتەوەیەك بوو كە دەیویست ماف و ئازادییەكانی خۆی بپارێزێت. بارزانیی نەمر، ئەو پیاوە مەزنە و ڕابەرە نەمرەی نەتەوەمان، وەك سەردارێكی دانا و بەئیرادە، گەلەكەی بانگهێشت كرد بۆ ڕاپەڕین و بەشداری لەشۆڕش دژی ستەم و زۆرداری.
بارزانی نەمر نەك تەنها سەركردەیەكی سەربازی بوو، بەڵكو بینینەوەیەكی گەورەی هەبوو بۆ ئایندەی كوردستان. لەگەڵ دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ساڵی ١٩٤٦دا، ئەو بناغەی سیاسی و فكری دانا بۆ خەباتی نەتەوەیی كە تا ئەمڕۆش بەردەوامە.
ئەم شۆڕشە تەنها شۆڕشێكی سەربازی نەبوو، بەڵكو بزووتنەوەیەك بوو بۆ پاراستنی ناسنامەی كورد، زمانی كوردی، كلتووری كورد، و مافی كورد لەسەر خاكی باوباپیرانیان،لە ئازایەتی و قوربانیدانیدا.
لە ماوەی ئەو ساڵانەی شۆڕشدا، بە هەزارەها گەنجی كورد خۆیان كردە قۆچی قوربانی لە پێناو ئازادی و كەرامەتی نەتەوەكەیاندا گیانی خۆیان بەخت كرد لە هەموو گۆشە و كوچەیەكدا، دایك و باوكان كوڕ و كچەكانیان هان دەدا كە بەشداری لە شۆڕشدا بكەن نەك بە مەبەستی تۆڵەسەندنەوە، بەڵكو بە مەبەستی گەیشتن بە مافە ڕەواكانی كوردو هەنگاو نان بۆ ئایندەیەكی گەشاوە بۆ نەوەكانی داهاتوو. میراتی بارزانی نەمر و پارتی دیموكراتی كوردستان كە خۆشەویستیی و فیداكارییە بۆ خاك و نەتەوە.
بارزانی نەمر نەك تەنها ڕابەری شۆڕشێك بوو، بەڵكو دامەزرێنەری بیركردنەوەیەكی نوێ بو بۆ كوردان . پارتی دیموكراتی كوردستان لە سەر دەستی ئەو دامەزرا، بووە هێزێكی سەرەكی لە بەدیهێنانی ئەو ئاوات و ئامانجانەی كە لە شۆرشی ١١ی ئەیلوولدا دەستی پێكرد،
لە ساڵانی دوای شۆڕشەوە هەتا ئەمڕۆ، پارتی دیموكراتی كوردستان بەردەوام بووە لە سەرخستنی ئەو نەخشە ڕێگایەی كە ڕەنگڕێژی كردبوو بۆ داهاتووی كوردستان،لە دیدگای دۆزینەوەی چارەسەری سیاسیەوە هەتا دامەزراندنی دامەزراوە دیموكراتیەكان، ئەم پارتە ڕۆڵی سەرەكی گێڕاوە
لە ڕاپەڕینەوە بۆ پێشكەوتن
ئەمڕۆ، دوای نزیكەی 64 ساڵ لەو شۆڕشە مەزنە، كوردستان گۆڕانكاری گەورەی بەسەردا هاتووە. ئەوەی وەك: ئاوات و ئامانجەكانی دەستی پێكردبوو، ئەمڕۆ بووەتە ڕاستی.
لە بواری سیاسیدا… هەرێمی كوردستان وەك قەوارەیەكی فیدراڵی لە ناو عێراقدا، ئەو خۆشییەی بەدەستهێناوە كە پێشتر تەنها وەك خەون سەیردەكرا. پەرلەمانی كوردستان، حكوومەتی هەرێم، و دامەزراوە سەربەخۆكان، هەموو ئەوانە بەڵگەن لەسەر ئەوەی خەبات و قوربانیدانەكانی پێشتر بە ئەنجامیان گەیاندووە.
پارتی دیموكراتی كوردستان بە ڕابەرایەتی سەرۆك مەسعود بارزانی، وەك میراتگری بیركردنەوەی بارزانیی نەمر، ڕۆڵی سەرەكی لە دامەزراندنی دامەزراوە دیموكراتییەكان و پاراستنی بەدەستهێنانە سیاسییەكان گێڕاوە.
بواری ئابوریدا… كوردستان ئەمڕۆ وەك یەكێك لە باشترین هەرێمەكانی ناوچەكە دادەنرێت. كاری گەشەپێدان و ئاوەدانكردنەوە لە هەموو بوارەكاندا بەردەوامە. نەوت و گاز و سامانە سروشتیەكان بۆ خزمەتی گەلی كوردستان بەكارهێنراون. پارتی دیموكراتی كوردستان بە سیاسەتە ئابورییەكانی، بناغەیەكی قایمی داناوە بۆ گەشەپێدانی ئابووری كوردستان.
لە بواری پەروەردەدا… زمانی كوردی ئەمڕۆ زمانی فەرمی یەكەمی هەرێمە. لە قوتابخانەكانەوە هەتا زانكۆكان، نەوەی تازە بە زمانی دایك پەروەردە دەكرێت و فێری زانست دەبێت. ئەمەش یەكێكە لە گرنگترین بەدەستهاتووەكانی خەباتی پارتی دیموكراتی كوردستان.
لە بواری كلتوری و میدیایدا… كەناڵە تەلەڤزیۆنیەكان، ڕۆژنامەكان، كۆمپانیا فیلمسازیەكان، و بەرهەمهێنەرانی موزیك و هونەر، هەموو ئەوانە گەشەیان كردووە و كلتووری كوردی بە شێوەیەكی بێ وێنە پەرەی پێدراوە. وێنەی ئەمڕۆ
ئەگەر بارزانیی نەمر ئەمڕۆ لە ناومان بووایە، بە دڵنیاییەوە شانازی بە وەوە دەكرد كە كوردستان چۆن گۆڕاوە. شارە ئاوە دانەكان، ڕێگا ئاسفاڵتكراوەكان، نەخۆشخانە نوێكان، فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی، زانكۆ جیهانییەكان، و گرنگتر لە هەموو، ئەوەی كە منداڵانی كورد بە ئازادی و شانازییەوە دەڵێن: (كوردم).
ئەو پیاوە مەزنە كە تەنها بە هێز و چەك باوەڕی نەبوو، بەڵكو بە هێزی دیپلۆماسی و دانیشتن و ڕاگەیاندنیش باوەڕی هەبوو، پارتی دیموكراتی كوردستان وەك پارتێك كە بارزانیی نەمر دامەزرێنەری بوو، لە هەمان ڕێچكەدا بەردەوامە لە خزمەتكردنی گەلی كوردستان و پاراستنی بەرژەوەندیەكانی. دەبێت جیلی تازە لەم قۆناغەدا ئەوەیان لەبیرنەچێت كە ئەم هەموو بەدەستهێنانانە بە خۆڕایی بەدەست نەهاتوون. لە پشتی هەر درەوشانەوە یەك و هەر بەرەوپێشچوونێك، خوێن و فرمێسكی قارەمانانی ئەم نەتەوەیە هەیە. نەوەکانی ئێمە ئەركی گەورەی لەسەرە: ئەوەی بەدەستهێناوە بیپارێزێت و زیاتری لەسەر زیاد بكات.
لە كۆتایدا سەری ڕێزو وەفا دادەنەوێنین بۆ گیانی پیرۆزی هەموو ئەو قارەمانانەی كە لە ڕێگای ئازادی كوردستاندا گیانیان لە دەست داوە. لە سەرووی هەمویانەوە بارزانیی نەمرو كاكە ئیدریسی هەردەم لەیاد، با یادیان لەناومان بێت و با ئەو ڕۆح و ئیرادەیەی كە ئەوان بۆمانیان جێهێشتووە، بەردەوام بین لەسەری، كوردستان هەر بە زیندووی دەمێنێتەوە!.
* بەرپرسی لقی21