شۆڕشی ئەیلوول.. وەرچەرخانێکی مێژوویییه‌

236

دژوار فایه‌ق
شۆڕشی ئەیلوولی نیشتمانی وەرچەرخانێکی مێژووییە لە بزووتنەوەی کوردایەتی، شۆڕشی هەموو خەڵکی کوردستانە لەپێناو خاک و ئازادی، ئەم شۆڕشە شۆڕشێکی ڕەوایە بۆ بەرگریکردن لە مێژوو و بوونی کورد و خاکی کوردستان، لەکاتێکدا هەڵگیرسا کە حکوومەتی عه‌بدوالکه‌ریم قاسم بەڵێنەکانی خۆی جێبەجێ نەکرد و هێرشی کردە سەر کوردستان، حکوومەتەکانی دوای ئەویش عه‌بدوالسه‌لام عارف و عه‌بدوالڕه‌حمان عارف، ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن به‌کر و سه‌ددام حوسێن بەهەمان شێوە و بە دڕندانە لە هێرشکردنە سەر کوردستان بەردەوامبوون، هەر هەموشیان چارەسەری ئاشتییانەیان ڕەت دەکردەوە کە لاواز دەبوون پەنایان بۆ گفتوگۆ دەبرد، بەڵام کاتێک کە بەهێز دەبوونەوە دووبارە شەڕیان دەست پێدەکردەوە تا وای لێهات ساڵی ١٩٧٥ لەبری ئەوەی ڕێککەوتن لەگەڵ سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان بکرێت بە سەرۆکایەتیی بارزانیی نەمر، خیانەتیان کرد و سەوداکاریان کرد بەرانبەر بە ئێران و ڕێککەوتنی جەزائیر لە ٦/٣/١٩٧٥ نیوەی شه‌تولعه‌ره‌بیان دایە ئێران، هەر ئەمەش بووە هۆکاری هەڵگیرسانی جەنگی 8 ساڵەی نێوان عێراق و ئێران و لە ئاکامی هەره‌سهێنانی ئابووریی عێراق شەڕی کوێتیشی لێکەوتەوە، چونکە سەرکردایەتیی سیاسیی حزبی بەعسی دیکتاتۆری شیکردنەوە و خوێندنەوەی هەڵەی کرد بۆ بارودۆخی عێراق و ناوچەکە.
ڕژێمی دیکتاتۆری عێراق خوێندنەوەیەکی وردی بۆ شۆڕشی مه‌زنی ئەیلوول كرد، دیراسەتی خاڵە بەهێز و لاوازەکانی کرد، خاڵە بەهێزەکانی دەستنیشان کرد بەم شێوەی خوارەوە:
١- ڕۆڵ و کارێزمای بارزانیی نەمر کە جێگه‌ی متمانەی هەموو خەڵکی کوردستان بوو و سەنگی تایبەتی هەبوو لە ناوچەکە و پەیوەندیی نێودەوڵەتیی بەهێزی هەبوو.
٢- بەهێزی سەرکردایەتیی سیاسی و لەشکری شۆڕش.
٣- ئازایەتی پێشمەرگە و پشتیوانی جەماوەر.
٤- پەیوەندیی بەهێزی شوڕشی ئەیلوول لەگەڵ یەکێتیی سۆڤیەت و پارەتە کۆمۆنیستەکان لە ئەورووپا.
٥- پەیوەندیی بەهێزی شوڕش لەگەڵ ئێران کە دۆستی ئەمه‌ریکا بوو ئەو کاتە.
ڕژێمی دیکتاتۆری بەعس پلانێکی ترسناکی دانا بەم شێوەیەی لای خوارەوە:
١- هەوڵی تیرۆرکردنی بارزانیی نەمر لە ڕێگه‌ی ناردنی ژمارەیەک بە ناو پیاوانی ئایینی.
٢- هەوڵی تیرۆرکردنی سەرکردەی مەزن (ئیدریس بارزانی).
٣- هەوڵی تیرۆرکردنی سەرکردەو فەرماندەکانی پیشمەرگە یان ناچارکردنی هەندێکیان بە هاوکاریکردن لەگەڵیاندا.
٤- هەوڵی تێکدانی پەیوەندیی نێوان یەکێتیی سۆڤیەت و شۆڕش و بارزانیی نەمر لە ڕێگه‌ی بەستنی ڕێکەوتنی ستراتیژی ساڵی ١٩٧٢ ، مسۆگەرکردنی هاوکاری و پڕچەککردنی سوپای عێراق .
٥- بابەتی پەیوەندیی نێوان شۆڕش و بارزانی و ئێران هێشتەوە بۆ دواساتەکان کە بینی چارەسەری سەربازی کێشەی کورد سەرکەوتوو نابێت و سوپای عێراق بارودۆخی زۆر خراپە و بەرگەی زەربە کوشندەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان ناگرێت، بەناوەندگیری ئەمه‌ریکا و جەزائیر لەگەڵ ئێران ئاشتبوونەوە و خاک و ئاوی عێراقیان دایە ئێران بەرانبەر بەوەی ئێران هاوکاری شۆڕشی ئەیلوول نەکات و سنوورەکان دابخات.
شۆڕشی ئەیلوول شکستی نەخوارد لە بەرەکانی شەڕ، بەڵکوو بە پلانێکی خیانەتکاری تووشی نسکۆ هات.
من لەسەرەوە ئاماژەم پێدا، عێراق خوێندنەوەی هەڵەی هەبوو بۆ بارودۆخەکە، هەر ئەمەش دووچاری شەڕی کرد لە شەڕی ئێران و کوێت و شەڕی هاوپەیمانان لە ١٩٩١ و ئابلووقەی ئابووری کە عێراقی وێران کرد و شەڕی هاوپەیمانان لە ٢٠٠٣ تا ڕووخانی ڕژێم و ئازادیی عێراق.
لە بەرانبەر ئەمەدا، چونکە شۆڕشی ئەیلوول ڕەوا بوو شۆڕشی گەلێکی دێرین و زیندوو بوو، دوای نسکۆی ساڵی ١٩٧٥ ، بە فەرمانی بارزانیی نەمر، پارتی دیموکراتی کوردستان خۆی ڕێکخستەوە لە ماوەیەکی کورتدا شۆڕش دەستیپێکردەوە، ناویان نا شۆڕشی گوڵانی پێشکەوتووخواز لە ساڵی ١٩٧٦ وەکوو درێژەپێدەری شۆڕشی مه‌زنی ئەیلوول، ئاکامەکانیش ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ بوو کە حکوومەت و پەرلەمانی کوردستانی لێهاتەکایەوە و ئازادیی عێراق بوو لە ساڵی ٢٠٠٣ کە عێراقی فیدڕاڵی و دەستووری لێهاتەکایەوە کە برێکی هەرە زۆر مافەکانی کوردستان چووە نێو دەستووری عێراقەوە و سەرانی ڕژێمیش بە جەزای دادپەروەرانەی خۆیان گەشتن و لەسێدارەدران و سوپای عێراق و حزبی بەعس و دەزگه‌ ئەمنییەکان هەڵوەشانەوە و لە ئەنجامی ئەو هەڵە ستراتیژییەی ڕژێمە یەک لە دوا یەکەکانی عێراق کردیان لە ساڵی ١٩٥٨ تا ٢٠٠٣.