د.عومەر نورەدینی
بۆئەوەی پرنسیپ و باوەڕی سیاسی کاریگەری لەسەر بوون و ژیانی نەتەوە و گەل و کەسەکان دەرکەوێ دەبێ بخرێتە واری کارپێکردن ، لەمەدا ڕێبازی بارزانی و پارتی خاوەن خەسڵەتی خۆیانن و هەمیشە پەیوەندی نێوان پرنسیپ و کردەوەیان لێکگرێداوە ، لەپێناو نیشتیمان و گەلی کوردستان پەروەریدا سەدەیەک زیاترە سەرقافڵەی بزافی ڕزگاریخوازی دەکەن و بەردەوامن ، لەناو ئەو بزافەدا کاراکتەرێکی سەرەکی هەیە کە لە سەرخستنی ڕێبازەکە و هەڵکشانی بەرە و دوندی سەرکەوتن ڕۆڵی سەرەکی و مێژوویی و داستانخوڵقێنی بینیوە ئەویش (پێشمەرگە)یە ئەو ناوەکەی کە هەمیشە سەرۆک بارزانی شانازی پێوەدەکات و بەپیرۆز وەسفی دەکات!
خەبات و خوێنی پێشمەرگە وجودی ئێمەی وەک نەتەوە و گەل پاراست ، پێشمەرگە بەگژ داگیرکەرانی نیشتیمان دا چۆووە ،بەردی بناغەی قەوارەی سیاسی سەربەخۆی بۆ داناین، لەهەموو شۆڕشەکانی ئازادیدا ، لەڕاپەڕین دا ، لە داستانەکانی بەرگری لە نیشتیمان و قەوارەی سیاسی و دەستوری هەرێمی کوردستان لەدژی داعش پێشمەرگەڕەمزی ئازایەتی و قارەمانیەتی و شکۆمەندی بووە.
لێرەوەیە پێشمەرگە وەک جەنگاوەری ئازادی و نموونەیەکی دەگمەن لە ئازایەتی و گیانبازی و قوربانیدان دەبێ وەک توخمێک لەتوخمەکانی ناسنامەی سەربەخۆی کورد هەژمار بکرێ، لەخۆوە نیە کە هێژا مسعود بارزانی ناوی پێشمەرگەی پێ لەسەرۆک خۆشتر ومانادارترە! ئاخر هەر بەڕاستیش هەم بارزانی نەمر و هەم جەنانی سەرۆک مسعود بارزانی پێش ئەوەی سەرۆک بووبن پێشمەرگە بوون ، پێشمەرگە سەلمێنەری ئەو ڕاستیەیە کوردیش نەتەوەیە دەبێ سەربەخۆ و ئازاد و شکۆمەندانە لەژێر سایەی قەوارەی سیاسی تایبەت بەخۆی بژی.
ئەم وجودە ڕەمزی و معنویەی پێشمەرگە هەر لەسەر ئاستی ناوخۆی گەلی کوردستان نەماوەتەوە بگرە بەشێوەیەک لەشێوەکان بەجیهانی بووە،لەوکاتەوەپێشمەرگە لەبەرەی هاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتی دژی داعش کە لەساڵی(٢٠١٤) پێکهات بوو بەسەرەڕمی هێزی سەربازی هاوپەیمانان و لە شکاندنی تەلیسمی داعش دا ڕۆڵی گەورەی بینی ، وەک چەمک و زاراوە چووە ناو ئەدەبیاتی سیاسی و سەربازی و بەرەنگاری جیهانیەوە ، بەشێوەیەک لای کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ڕای گشتی دنیا ناسرا کە ناوی پێشمەرگە یەکسان بوو بەناوی گەلی کوردستان و بەرجەستەکەری دۆزە ڕەواکەی.
لەم بارەوە چیرۆکێکی مانادار هەیە زۆر جاری تریش گێڕاومەتەوە ، ساڵی (٢٠١٥) کە داعش ئەوەندە بەهێز بوو خەلافەتی ڕاگەیاندبوو ، بەسەفەرێکی زانستی لەئەڵمانیابووم ، لەشاری فرانك بۆرگ دەمان ویست لەهۆتێلەوە بچین بۆ وێستگەی شەمەندهفێر ، سواری تاکسیەک بووین سەیاقەکەی ژن بوو ، بەدەم ڕێوە ئێمە لەناوخۆماندا بەکوردی قسەمان دەکرد ، سایهقەکە لە قسەکردنی ئێمە تێ نەدەگەیی ، پرسی زمانی ئێوەچیە و ئێوەکێن ؟ پێمان گوت ئێمە کوردین . کە ئەمەی بیست سوکە ئیستۆپێکی کرد و سەیارەکەی هێواش کردوە و سەری بۆلای ئێمە وەرسوڕاند و چاوی زەق کردن و بەدەنگێکی کەمێک بەرز وتی : واو پێشمەرغە ! کە وای وت هەستێکی سەیر سەرتاپای هەست و هۆش و جەستەی داگرتم هەستێک وەسف کردنی زەحمەتە..بەڵام هەرگیز ئەوەم لەبیر ناچێتەوە کەکاتێک ئەوژنە ئەڵمانیە بەوشێوە و بەسەرسامیەوە ناوی پێشمەرگەی هێنا بەشێوەیەک هەستم بەوجودی خۆم کرد پێشتر وێنە نەبوو وجودێک کە پڕ بوو لە شکۆمەندی .. شکۆمەندیەک کە تیری لەدڵی دڕندەی خۆبەکەم زانینی ناو ناخم دا و کوشتی.
هەرئەوکاتیش بۆم دەرکەوت ئیتر پێشمەرگە هەر لەناوخۆ گوزارشت لە وجود و شکۆمەندی ئێمەناکات بەڵکو وا لەدەرهوەش بۆتەئەو ڕەمزەی کە بوونمان دەسەلمێنێ، ئەوەتا ئەو سەرۆکەی کە لەسەر ڕێبازی بارزانی هەمیشە پێشمەرگەی ڕێگای ڕزگاری و ئازادی گەل و نیشتیمان بووە لە فەڕەنسای شۆڕش و ئازادی و دیموکراسی بەشداربوو لەڕێوڕەسمێکی تایبەت کە تیایدا میدالیای پێشمەرگە بە بەرۆکی پاریسی بوکی ئەرووپادا هەڵواسرا و ناوی پێشمەرگە لەیەکێک لە ڕێڕەوەکانی نزیک ڕووباری سین نرا ، جەنابی سەرۆک بارزانی کە لەڕێوڕەسمەکەدا بەشداربوو ئەوڕۆژەی بە ڕۆژێکی مێژوویی وەسف کرد ، لێرەشەوە وێستگەیەکی تر لە بەردەوامیەتی ڕەوتی خەباتی پڕ لەشکۆی پێشمەرگە دەست پێدەکات و دەبێ لێکۆڵینەوەی لەسەر بکەین ، دەکرێ لەژێر ناونیشانێکدا پوختەی بکەین ئەویش ڕۆڵی پێشمەرگەیە لە بەنێودەوڵەتی کردنی دۆزی کورد.
بۆئەوەی پێشمەرگە لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە وەک سیمبولێکی خاوەن هێزی معنوی بۆ ناسنامەی کورد و ئامانجی ڕزگاری و شکۆمەندی بمێنێتەوە و بەردەوام بێت ، زۆر گرنگە ستراتیژیەتیکی نیشتیمانیمان هەبێ بۆ پەروەردەکردنی هێزی پێشمەرگە لەڕووی بەهاوڕەفتار و باوەڕ و توانا و لێهاتوویی سەربازی و هونەری شەڕکردن و بەرەنگاری.