سەرۆک بارزانی، لە توولەڕێیەکانی شاخەوە بۆ گۆڕەپانەکانی ئەوروپا

127

چیا هەرکی*
کردنەوەی (ڕێڕەوی پێشمەرگە) لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا و بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی، ڕووداوێکی ڕاگوزەر و سادە نییە، بەڵکوو وەرچەخانێکی دیکەیە لە پەیوەندیی نێوان کوردستان و فەڕەنسا، هەروەها هەڵگری واتا و بەهاگەلی سیاسیی گرنگە، کە دەکرێ کورد لە داهاتوو و لەسەر ئاستی دنیادا بە ئاراستەی قووڵکردنەوەی دیپلۆماسیەت و پتەوترکردنی پەیوەندییەکانی، وەبەرهێنانی تێدا بکات.

ئەم دیارییەی فەڕەنسا، وەک ئەوەی ڕێزگرتنە لە سەنگ و قورسایی پێشمەرگە، هاوکات پووچەڵکردنەوەی خەونی هەموو ئەوانەشە کە ڕۆژگارێک و ئێستاشی لەگەڵدا بێت، خەونیان بە هەڵوەشاندنەوەی ئەو هێزە نیشتمانییەی کورد دەبینی. هێزێک کە هێمای زیاتر لە سەت ساڵ بەرەنگاربوونەوەی جەور و ستەمە و لە دوای هاتنی داعشیش و ئەو ڕۆڵەی لە تێکشکاندنی ئەو هێزە تیرۆریست و تاریکپەرستەدا بینی، بووە سیمبولی هێزی داکۆکیکار لە ئازادی و جێی شانازیی هەموو جیهان.

سەرۆک بارزانی کە بە جلی پێشمەرگایەتییەوە ئامادەی ڕێوڕەسمی کردنەوەی ڕێڕەوەکە بوو، بە زمانی جەستەیەوە دیار بوو کە چەندە دڵخۆش بوو بە بەرزڕاگرتنی ناو و مێژوو و دەسکەوت و شانازییەکانی پێشمەرگە، بەوەی وەک نموونەی بەرزی گیانفیدایی، بووە پاسپۆرتی کورد و لەناو دڵی ئەوڕوپادا بووە بەشێک لە یادەوەریی ئەوڕوپییەکان.

سەرۆک بارزانی کە بەردەوام جەخت لەسەر شانازیکردنی بە ژیانی پێشمەرگایەتی دەکاتەوە و تا ئەمڕۆش هەر بەو گیانی ورەبەرزی و وڵاتپارێزیی و خۆنەچەمێنیی پێشمەرگانەوە، لە بۆنە و چالاکی و سەکۆ نێوخۆیی و هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکاندا دەردەکەوێت، دووبارە هێزی باوەڕ و وزەی متمانە و شانازیی بەخۆوەکردن بە یەک بە یەکی پێشمەرگەکانی کوردستان دەبەخشێت.

ڕاستییەکەی، تەنها و هەر ئەوی پێشمەرگە، کە لە ڕۆژگارە سەختەکانی شۆڕش و خەباتدا و لە سەنگەرەکانی بەرگری و چەپەرەکانی نووسینەوەی داستانی ئازایەتیدا، لەو واتا و بەها بەرزەی پێشمەرگایەتی دەگات، کە بە کۆڵەپشتی ئامانجی ئازادیی کورد و ڕزگاریی کوردستان، بە توولەڕێکانی تێکۆشانی پڕ کەندولەند و هەوراز و لێژی و سەختی و ئەستەمدا، کاروانی کوردبوون و ئازادیخوازیان گەیاندە ئەمڕۆ، بەوەی زایەڵەی ناوی پیرۆزی پێشمەرگە هەر لە شاخ و شار و شەقامەکانی کوردستان نا، بەڵکوو لەناو گۆڕەپان و سەکۆ و شەقامە سەرەکییەکانی ئەوڕووپا و جیهان بزرنگێتەوە.

* ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی