خەبات: دانا بۆتانی:- ژیار ئیسماعیل حەوێز، هونەرمەندێکی چالاک و بوێرە لە شانۆی کوردیدا، لە خێزانێکی هونەریی لە دایک بووە، یەکەم کاری هونەری لە تەمەنی پێنج ساڵیدا بووە، پێیوایە هیچ کاتێک شانۆ ناچێتە متبوون و ئەوە شانۆکارەکانن لە حاڵەتی متبووندان.

*جوانترین رۆڵ کە بینیبێتت کام کارەی هونەریتە؟
بە شانازییەوە هەموو کارەکانی خۆم خۆشدەوێت، هەوڵمداوە باشترین نواندنیان تێدا بکەم، چونکە شانۆ لای من ژیانە، عیشقە، ژیان بە عیشقەوە جوانە، ئەویش هونەرە لای من، بەڵام ئەو رۆڵەی هەرگیز لە یادم ناچێتەوە کە بینیومە شانۆیی بووکە شووشەی ئیبسنە لە دەرهێنانی شوان حەمە سەعید بوو.

*پێوەرەکانی ژیار ئیسماعیل چین بۆ کارکردن؟
هەمیشە کە کارێک وەردەگرم و رۆڵێکم پێدەسپێردرێت بەجۆرێک لەگەڵ رۆڵەکەم دەژیم بیرم دەچێتەوە کە ژیارم، بەڵکو هەموو گیانم دەبێتە ئەو کارەکتەرە کە بۆم دیاری کراوە، بۆیە دەمەوێت هەمیشە داهێنان بکەم لە نواندنی رۆڵەکەمدا، بۆیە ئەو دەرهێنەرانەی داوای کارم لێدەکەن سەرەتا سەیری ئەزموونی کارکردنیان دەکەم و پاشان ده‌قه‌كه‌ و دواتر رۆڵ بینینەکە، ئەمەش بە حەقی خۆمی دەزانم وەک ئەکتەرێک بۆ ئەوەی بۆ هەمیشە لە رێگەی نواندنەوە لە زەینی بینەراندا بمێنمەوە.

* لە نێوان شانۆ و سینەمادا کامیان هەڵدەبژێریت؟
بێگومان شانۆ، چونکە شانۆ هونەرێکی زیندووە و راستەوخۆ بەر بینەرەکانت دەکەویت، ئەگەرچی شاشەی سینەما کارەکتەر زیاتر دەناسێنێت، بەڵام ئەوانەی یەکجار شانۆیان پێشکەش کردبێت لە سیحری عیشقی شانۆ دەرناچێت.

*لە ئێستادا خەریکی چیت؟
دوای بێدەنگییەکی زۆر لە ئێستادا لەگەڵ نووسەر و دەرهێنەر شوان کەریم بەشدارم لە شانۆگەریی باڵندەی کامەرانی، کە تێدا رۆڵی ژنێکی قارەمان دەبینم لە پێناو نیشتماندا قوربانیدەدات بەو هیوام کە بینیتان بە دڵتان بێت.