قایمقامی قوشتەپە رای دەگەیەنێت، كارەبای قوشتەپەش كرایە 24 سەعاتی و ئێستە هاووڵاتییان سوودی لێ وەردەگرن، هەر تێبینییەكیشیان هەبێت دەتوانن پێوەندی بكەن.
ئەمڕۆ شەممه 30ـی ئاب، بژار خدر قایمقامی قوشتەپە، بە “وشە”ـی راگەیاند، كارەبای قوشتەپەش هاوشێوەی هەولێر كرایە 24 سەعاتی.
زیاتر گوتی، پێویستە هاووڵاتییانی سنووری قەزای قوشتەپە و گوندنشینانی سنوورەكە، بزانن كە پڕۆژەی ڕووناكی كارەبایی 24 سەعاتی لە قەزای قوشتەپە و گوندەكانی دەوروبەری، كەوتە بواری جێبەجێكردن.
باسی لەوەش كرد، هاووڵاتییان و هاوبەشانی كارەبا دەتوانن لە هەركاتێكدا پێوەندی بە فەرمانگەی كارەبای قوشتەپە بكەن بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی كارەبا.
پڕۆژەی ڕووناكی، پڕۆژەیەكی نیشتمانیی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە كە ئامانجی سەرەكیی، بریتییە لە دابینكردنی كارەبای 24 سەعاتی بۆ تەواوی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان. ئێستە زیاتر لە 50٪ی هاووڵاتییان هەرێمی كوردستان سوودمەندن لە كارەبای بەردەوامی نیشتمانیی پڕۆژەی ڕووناكی.
بەپێی دواین ئاماری وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان، سوودمەندانی كارەبای 24 سەعاتی نزیكە لە چوار ملیۆن هاووڵاتی، ئەوەیش دەكاتە زیاتر لە 50%ـی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی پڕۆژەی نیشتمانی ڕووناكی.