نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق، هۆشداریی لەسەر بڵاوبوونەوەی گەندەڵی فراوان لە عێراق دەدات.

ئەمڕۆ شەممە 30/8/2025، د. محەمەد ئەلحەسان، نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق، لە كۆنگرەی نەهێشتنی گەندەڵی لە زانكۆی (وارس ئەلئەنبیا)، لە وتارێكیدا هۆشداریی لە بڵاوبوونەوەی گەندەڵی لە عێراق و نەبوونی لێپرسینەوە لەو بارەیەوە دا.

د. ئەلحەسان، ڕایگەیاند: دژایەتیی گەندەڵی، ئەرك و بەرپرسیاریەتییەكی ئایینی و ئاكارییە، كۆمەڵگە گەندەڵەكان، هیچ پێگەیەكیان بۆ نامێنێتەوە.

ئاماژەی بەوەش كرد، كە ترس لە بڵاوبوونەوەی گەندەڵی لە عێراق هەیە، نەك تەنیا گەندەڵیی سیاسی، بەڵكوو بە واتە فراوانەكەی گەندەڵی دارایی و ئاكاری و دادوەرییش.

بە پێویستیشی دەزانێ، كە پێوەرەكانی دەستپاكی و سەربەخۆیی دادگە و شەفافیەتی باشتر بكرێ و گەندەڵان لێپرسینەوەیان لەگەڵ بكرێ.