سهرهتا وتار شەڕی ناوخۆ و نەمانی متمانە و ڕێگای داهاتووی ئاشتی
هەورامان عەلی تۆفیق
شەڕی ناوخۆ و کاریگەرییەکانی لەسەر کۆمەڵگا یەکێکە لە مەترسیدارترین جۆرەکانی ململانێ کاتێک چینەکانی کۆمەڵگه ڕووبەڕووی یەک دەبنەوە ، تەنها لە وێرانکاری وماڵوێرانی تێکدانی ژێرخانیدا سنووردار نابێت ، بەڵکو درێژدەبێتەوە بۆ چاندنی دووبەرەکی و ڕق و کینە لە نێوان ئەندامانی یەک نەتەوە و یەک زمان و یەک کلتووردا .
هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵگه و داڕمانی پەیوەندییەکانی ، دراوسێیەتی و دەگۆڕێت بۆ دوژمنایەتی، دۆستایەتی دەگۆڕێت بۆ ڕکابەری و پەیوەندیی ناوچەگەری و خێڵەکی بەهێزتر دەبێت و لە پەیوەندیی نەتەوەیی و خۆشەویستی نیشتمان وخاک کەم دەکاتەوە .
شەڕ دەبێتە هۆکاری داڕمانی ئابووری و بناغەکانی تێکدەدات ، کارگەکان دادەخرێن و بازاردەوەستێ ، کشتوکاڵ پشتگوێ دەخرێت و بێکاری و هەژاری فراوانتر دەبێت ، لە ئەنجامدا کۆچی نێوخۆیی و دەرەکی بەرفراوان دەبێت ، ئاوارەبوون و ناسەقامگیری و ترس و توندوتیژی زۆرێک لە خێزانەکان ناچار دەکەن ماڵ و خاکەکانیان بەجێبهێڵن .
کاریگەریە دەروونیەکانی بۆ نەوەکانی داهاتوو لە سنوورەکانی شەڕدا ناوەستێت، بەڵکو دەچێتە نێو ڕۆحی مرۆڤەکانەوە و کاریگەری بۆ هەمیشە دەبێت ، ئەو منداڵانەی لە کەشێکی شەڕدا گەورە دەبن، بە خەمێکی دەروونی قووڵەوە گەورە دەبن، و مەترسی لەسەر داهاتووی هەموو کۆمەڵگه دروست دەکەن ، وەک بەشێکی ئەو نەوەی ئەمڕۆ لە جنێو و سوکایەتی و گاڵتەپێکردن و سڕینەوەی هەموو شتێک و خۆش نەویستنی نیشتمان هیچی دی نازانێ و هیچ بەهاو پرەنسیپێکی بەلاوە گرنگ نییە .
لاوازبوونی متمانە بە دامەزراوە دەوڵەتییەکان ، شەڕی ناوخۆ متمانەی خەڵک بە یاسا و دامەزراوەکانی دەوڵەت تێکدەدات و دەرگه بەڕووی ئاژاوەگێڕی و توندڕەوی و توندوتیژی بەردەوامدا دەکاتەوە ، کەواتە شەڕی ناوخۆ شەڕی نێوان نەیارانی ئاسایی نییە ؛ خوێنبەربوونێکی ناوخۆییە کە مەترسی لەسەر خودی نەتەوەکە دروست دەکات ، کاریگەرییە قووڵەکانی تەنانەت دوای وەستانی فیشەکەکان بەردەوامن و کۆمەڵگهکان ساڵانێکیان دەوێت بۆ چاکبوونەوە ، کورد یەکێکە لەو نەتەوانەی تائێستا لە ئاسەوارەکانی شەری ناوخۆ ڕزگاری نەبووە ، بۆیە دیالۆگ و دادپەروەری و ئاشتەوایی تاکە ڕێگایه بۆ دوورکەوتنەوە لەم وێرانکارییە ناوخۆییە دەمێنێتەوە ، پێویستە کۆمەڵگه بەشێک بێت لەو پڕۆسەیە .
ئێمەی کورد مێژوویەکی تاڵمان لەو جۆرە شەڕانە هەیە و هەمیشە کاریگەری خراپی لەسەر دۆزی ڕەوای گەلەکەمان هەبووە ، زیاتر لە ٣٢ ساڵ لەمەوبەر یادەوەری شەڕی براکوژی و بێگومان گەڕانەوە بۆ ناوەڕاستی شەشتەکان و دواتر ساڵانی هەشتاکان ، هەموو پێکەوە ڕۆژانێکی سەخت و دژواربوون لە مێژووی کوردا ، ساڵانێک کورد بۆخۆیی لەژێر زەبرو زۆرو دڕندەیی دوژمنەکانیدا بوو ، لەو لاشەوە شەڕی خوێناوی برا لەگەڵ برا بەردەوامی هەبوو .
گەر بمانەوێ ئەو مێژووە دووبارە نەبێتەوە و هەموو پێکەوە بەشێک بین لە ئەنجام گەیاندنی ئەو پرۆسەیە پێویستیمان بە بنیاتنانی دامەزراوەی شەرعی کە ئاسایش و دادپەروەری و هەلی کار دابین بکات بە جۆرێک متمانە دروست بکاتەوە.
کەمکردنەوەی ڕۆڵی ئەوانەی کار لەسەر هاندان دەکەن بۆ توندوتیژی لە ڕێگەی گەشەپێدانێکی گشتگیرەوە لە خۆشگوزەرانی ئابووری کە مەترسی شەڕی ناوخۆ و گێژاوەکانی کەمدەکاتەوە ، دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی سیاسی وسەربازی و ئابووری بە شێوەیەکی تۆکمەو باش ، بەجۆرێک کاریگەری خراپ و نەگەتیڤی لە بوونی ڕکابەری و جیاوازی بیروڕا و ناکۆکیەکان نەبێت و دەستوور لەو نێوەندە بڕیاردەرو باڵادەستی هەمووان .
بەشداریکردنی جددی ژنان و گەنجان لە دانوستان و داڕشتنی سیاسەتدا ، بەشداری ژنان پەیوەستە بە ئاشتییەکی بەردەوامترەوە ، پەروەردە بۆ هاوڵاتیبوون و خۆڕاگری لە بەرامبەر توندڕەوی لە قوتابخانەکان و میدیاکان ، دوو ڕۆڵی زۆر گرنگ و کاریگەر و هەستیارن .
چۆن ئاسەوارەکانی شەڕی ناوخۆ بسرینەوە لەبری “سڕینەوەی” مێژوو ، بوونی چەک لە دەست دامەزراوە فەرمیە حکومیەکاندا و یەکگرتنەوە لەگەڵ بەرنامە پیشەیی و دەروونییەکان و پشتیوانییەکانی کۆمەڵگا بۆ ئەم هەنگاوە ، دادپەروەری هاوسەنگ وڕابردوویەکی بیرکراوە لە دادگاییکردن و لێبوردن و ئەو پێشێلکاریانەی ڕوویانداوە ، نزیک بوونەوە و مەیلدان بە باشترکردنی مافەکانی مرۆڤ و دیموکراسی ، ئەویش لە چوارچێوەیەکی دیاریکراودا بەتایبەت بۆ کۆمەڵگایەکی وەک کورد کە هێشتا خاوەن دەوڵەت نییە و کێشەکانی لەگەڵ وڵاتانی تێدابەشکراوە زۆرن و زۆر جار ئەو دیموکراتیەتە کاریگەری نەگەتیڤی بۆ سەر پڕۆسە نەتەوەییەکان دەبێت ، ئەوەی گرنگە دەنگدان و هەڵبژاردەنەکان وەک خۆیان قبوڵبکرێن و خەڵک دووربکەوێتەوە لەو فکرە ئایدیۆلۆژیە تەقلیدیەی کە پێشتر بڕوای پێی هەبووە و تەنها لەسەر بنەمای ڕق و کینەو ئاسەوارەکانی دووبەرەکی بنیادنراوە ، بەڵکو لەسەر بنەمای کارو خزمەت و پڕۆژەو خۆشگوزەرانی و دونیابینی ئەو لایەنەی لەو چوارچێوەدا کاردەکات و دەیەوێ سیاسەتی خۆیی بەرجەستە بکات بۆ خزمەتی خەڵک .
داماڵینی ناکۆکییەکان لە فکرو هزردا بەجۆرێک وەک مرۆڤ یەکتر قبوڵبکەین و نیەتی خراپ بەرامبەر بەیەکتر بوونی نەبێت و ئەو متمانەیە لە چوارچێوەی نیشتمان و نەتەوەدا جێ پێیی خۆیبکاتەوە ، دامەزراوەکانی دەوڵەت دامەزراندنی کارمەندەکانی لەسەر بنەمای لێهاتوویی بێت ، و لامەرکەزی کارگێڕی لە شوێنی پێویستدا بە شێوەیەکی لۆژیکی پشتگیری بکرێت و لەگەڵ هاوبەشکردنی دەسەڵاتدا ڕێکخرا بێت ، مانەوەی یادەوەریەکان بە شێوەیکی بەرپرسیارانە و ئاشتەوایانە ، بەڵگەنامەکردنی پێشێلکارییەکان و یادگارییەکان کە یادی قوربانییەکان دەکەنەوە و گێڕانەوەیەکی نیشتمانی گشتگیر بنیات بنرێت و لەگەڵیدا ڕابردوو نەسڕێتەوە.