سهرهتا وتار گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکانی ئێزدیان جینۆسایدێکی دیکەیە، پێویستە رێگری لێ بکرێت
د.محهمهد خدر مهولود
ماوەیەکی زۆرە وەزیری وەزارەتی کۆچ وکۆچبەران، کە لە پشکی ڕەیان کلدانی و بزوتنەوەی بابلۆنە، بە ئاشکرا و بەبێ منەتی و راستەوخۆ دژایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات. جۆری دژایەتی کردنەکەی لە بڕینی هاریکارییەکان بۆ پەنابەرانی نێو کەمپەکان دەستی پێکرد تا دوا بریاری ئەو چەند رۆژەی دوایی بەداخستنی یەکجارەکی مەلەفی ئاوارە ئێزدییەکان. وەزارەتی کۆچ وکۆچبەرانی عێراقی، تا ئێستا بە ئەرکی پێویستی خۆی بەرامبەر بە ئاوارەکانی نێو کەمپەکانی کوردستان بەتایبەتیش ئاوارە ئێزدییەکان هەڵنەستاوە وهیچ رۆژێک لە رۆژان ڕۆڵی نەبووە لە ئاساییکردنەوەی باردۆخی شەنگال تا رێگا خۆشکەر بێ بۆگەڕانەوەی خەڵکەکە بۆسەر زێدی خۆیان. ئەوانە هەمووی بەڵگەی حاشا هەڵنەگرن و حکوومەتی بەغدای محمد شیاع سودانی ئەو راستیانەی لا ڕوونە وخۆی لێ بێدەنگ کردووە. لەکاتێکدا هەر خۆی لایەنێکی ڕێککەوتنی هەولێروبەغدایە لە پرسی ئاسایکردنەوەی دۆخی شنگال وگەڕانەوەی ئاوارەکان. کەچی لە حەقیقەتدا بەغدا بەهیچ جۆرێ رێگری لە بڕیارەکانی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراقی (ئیڤان فایەق) و لیژنەی ئیغاسەی سەر بە پارتەکەی ڕەیان کلدانی نەکردووە و ناکات. لە کاتێکدا ئەو وەزارەتە مەبەستیەتی لە رێگای ئەو لیژنەی باڵای ئیغاسەوە؛ دۆسیەی ئاوارەکان دابخات و ناچاریان بکات لە دەرەوەی زێدی خۆیان نیشەجێ بکرێن و نەگەڕێنەوە زێدی خۆیان بەتایبەتی ئاوارە ئێزدی و مەسیحییەکان. هەڵبەتە وەزارەتی ناوبراو لەم کارەیدا نیازی گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکەی هەیە و بۆ ئەو مەبەستەیش لە باگڕاوند و ژێراوژێرلە نێو ژووری کۆبووبوونە حزبییەکانی دژ بە هەرێمی کوردستان و بەرنامە سیاسییەکەی نەخشەی بۆکێشراوە.
بارودۆخی نائاسایی شنگال هۆکارێکی سەرەکییە بۆ نەگەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ سەرماڵ و زێدی باوباپرانیان ودڵنیا نەبوون لە پارێزگاری کردن لە سەروماڵ و کەڕامەتیان یەکێکە لەهۆکاری هەرە سەرەکییانەی نەگەڕانەوەیان و مانەوەیان بەو دەردەسەرییەی نێو کەمپەکان و حکوومەتی عێراق هیچ ئەوەی لەبەر چاونییە کە ئەو 600 هەزارئاوارەی نێو ئەو 18 کەمپەی دەڤەری پارێزگای دهۆک چۆن دەژین و بۆ ناگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان ..؟ بەڵکو بێ دەنگبوونی لەم بریارەی دوایی وەزارەتی کۆچبەران، جۆرێک لە ڕەزامەندی لێ دەبینرێیت و بۆلاوازکردنی هەرێمی کوردستان و رازیکردنی لایەنە شیعەکان.
ئەوەی راستیییەکی ڕەهای بینراوە گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکانی ئێزیدیاتی جۆرێکی دیکەی جینۆسایدکردنە دوای جینۆسایدی ساڵی 2014 و دوای 11ساڵ جۆرێکە لە بەرنامەی درێژەدان بە جینۆسایدی ئێزیدیەکان و کارەساتێکی تری پلان بۆ دارێژراوە بە هێشتنەوەی ئەو 600 هەزار کەسە. ئێستا شنگال بەئاسانی کەوتۆتە بەردەم تەشەیع و دیمۆگرافیای ناوچەکە گۆڕانی بەسەر دادێ و ژمارەی دانیشتوانی کورد لەو ناوچانە کورت دێنێ وبە تەعریب و تەشەیع بوونی شنگال پرۆسەی جینۆسایدی مرۆڤ و دابرینی جوگرافیای ناوچەکە دەبێتە دیفاکتۆ.
بۆ رێگریکردن لەم پرسە، پێویستە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە هیچ جۆرێ نەچێتە ژێر باری ئەو بڕیارە و داوای ڕاگرتن وجێ بەجێ نەکردنی بکات و سەرباری قەرەبووکردنەوەی ئاوارەکانیش. هەروا پێویستە حکوومەتی هەرێم نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان هان بدا تا ڕۆڵی کارایان لەم پرسەدا هەبێ بۆ چارەسەرکردنی پرسی شنگال؛ بە گوێرەی رێکەوتنی هەولێرو بەغدا ، بەغدا ناچار بە پێگیریکردنی ڕێکەوتن بکەن.