محەمەد سەعید کوردە
چەندە هەست بە ئاسوودەیی دەکەین کاتێ شمشاڵە حەزینەکەی قالە مەڕە لە گوێچکەماندا دەزرنگێتەوە و جۆرێک لە ئاسوودەیی بە ڕۆحمان دەبەخشێ و دەمانباتەوە نێو دنیایەکی خەیاڵی و فرە لە فانتازیا…
ئەگەرچی 16 بەهارە مامە قاڵە بەجێی هێشتووین و شمشاڵەکەشی خامۆش بوە و هیچ ئاوازێکی لێوە نایە، بەڵام کەسایەتی و نەغمە بەسۆزەکەی هەموو کات زیندووە و هەمیشە لە گوێچکە و دڵ و ویژدانمان بە نەمری دەمێننەوە و هەرگیز کۆن نابێ…
هونەرمەندی شمشاڵژەن قالە مەڕە ناوی تەواوی قادر عەبدوڵڵا زادە یە و لە ڕۆژی ٢٣ی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٢٥ لە گوندی کولیجە سەر بە بۆکان ھاتە دنیاوە لەبەر ئەوەی مێرد منداڵێکی زۆر ئارام بووە نازناوی قالەمەڕەی پێبەخشراوە …
قالە مەڕە لە ساڵانی پەنجاکان و ساڵانی دواتر لە ناوەندەکانی ڕادیۆ و تەلەفیزیۆنی کرماشان و سنە و تاران و مەھاباد و ورمێ بە نەغمەی سحراوی شمشاڵەکەی چەندین پارچە موزیکی جوان و ڕەسەنی پێشکەش کرد و ھونەری موزیکی کوردی ھێنایە گۆڕەپانی ھونەرییەوە کە خەڵکی بەدڵ خۆشیان بوێت و لەگەڵ ئاوازەکانیدا ئاوێتە بن …
قالە مەڕە لە منداڵیدا شوان بووە و بە ڕێکەوت دەستی پێکردووە بە ژەنینی شمشاڵ کەی باسی لەوە کردوە کە منداڵییەکەی چەند سەخت و دژوار بووە،
دواتر بۆ ماوەی چەندین ساڵ لەگەڵ ھونەرمەندی گۆرانیبێژی بەتوانای کورد حەسەن زیرەک ھاوکاری ھونەری کرد و لە پێشکەش کردنی گۆرانییەکانیدا بە ئامێری شمشاڵ یارمەتی دەدا.
قالەمەڕە تەواوی ژیانی بە برسێتی و چارەڕشی گوزەراندوە و لە ناوەڕاستی ساڵی چلەکانەوە پەیوەندی بە کۆماری مەھابادەوە گرتووە و دۆستایەتییەکی نزیکیشی لە گەڵ ھەژار و ھێمن موکریانی دا ھەبووە، هەر لە دوای لەسێدارەدرانی قازی محەممەدی سەرۆک کۆمار، قاچاغ دەبێ و ھانا دەباتە بەر ئەشکەوتی گوڵاڵە و ماڵی عەباس ئاغای سەرکەپکان و ئەحمەد ئاغای کۆیە و ساڵانی ١٩٦٧–١٩٦٨ بووەتە ھاوڕێی مەلا ئاوارە و مەلا مەحموودی زەنگەنە و سلێمانی موعینی.
ھونەرمەند قالەمەڕە ھەمیشە لە خەباتی کوردایەتیدا بەشداری کردووە و ھاوڕێ و ھاوشانی تێکۆشەران بووە، تا سەردەمی شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی 1979 بە نھێنی لەگەڵ جووڵانەوەی کورد دا بوە…
قالەمەڕە خاوەنی چەندین بەرھەمی پڕبایەخ و بەھێز و جوانە کە ھەموویان مۆرکی تایبەتی ئەو ھونەرمەندەیان پێوە دیارە و ناسنامەی ھونەری موزیکی دەوڵەمەندی کوردین و بۆ ھەمیشە دەمێننەوە. بابەتی زۆربەی بەرھەمەکانی حەماسی و مێژوویی و عاشقانەیە و وەبیرھێنەرەوەی سیمای گوند و شارەکان و سروشتی جوانی کوردستانن و ھەر کامە و بە جۆرێک مێژووی نەتەوەی کورد دەگێڕنەوەو لە دەزگا جۆراوجۆرەکاندا زۆر بە جوانی پێشکەشی کردوون.
لە زۆربەی ھەرە زۆری ڕێوڕەسمی ساڵوەگەری کارەساتی کیمیابارانی ھەڵەبجە لە زانکۆکانی جۆراوجۆری وڵاتی ئێران ئامادە بووە و بە دەنگی بەسۆز و سحراوی شمشاڵەکەی کۆڕەکەی ڕازاندووەتەوە.
قالەمەڕە لە ماوەی ساڵانی کار و خزمەتی ھونەری خۆیدا لە زۆربەی فیستیڤاڵە گرینگەکانی بواری ھونەری موزیک لە وڵاتی ئێران لەوانە فیستیڤاڵی موزیکی فەجر لە تاران، فیستیڤاڵی موزیکی ناوچەکانی ئێران لە کرمان و لە بۆنە و فیستیڤاڵەکانی سنە و
کرماشان و ئیلام و ورمێ و مەھاباد و سەقز و بۆکان و لە شارەکانی ھەولێر و سلێمانی لە ھەرێمی کوردستان بەشداری کردووە و چەندین خەڵات و شانازی گەورەی بە دەستھێناوە. ھەروەھا لە زۆربەی ئەو فیستیڤاڵانە تابلۆی سوپاس و ڕێزلێنانی پێ بەخشراوە.
گرینگی شمشاڵەکەی قالەمەڕە لە ئاستێک دایە کە پسپۆڕان و شارەزایانی بواری مۆسیقا نەتەنیا نەیانتوانیوە خۆ لە ھونەرەکەی لادەن بەڵکو وەک بلیمەتێک باسی قالەمەڕه‌ دەکەن ئەوەتا مامۆستا ئەنوەر قەرەداخی موزیکژەن سەبارەت بە قالەمەڕە دەڵێ: پەنجەکانی مامەقالە پەنجەیەکی کورتی ڕەسەن، پەنجەیەکە کەوا ئێمە کەم کەس ھەیە بەم شێوازە بتوانین دەستی بۆ درێژ بکەین زۆر پێویستە ئێمە بەو پەڕی ڕێزەوە بەو پەڕی گەورەیییەوە بڕوانینە مامە قالە تەجرەبەی ژیانی ئەو بکەینە نووسراوێک لە کتێبەکاندا بڵاوی بکەینەوە، نەوەکانی داھاتوومان دەیان ماجستەرنامە و دکتۆرا نامەی لە سەری بنووسن.
بەداخەوە ئەو شمشاڵ ژەنە ناودارە لە ڕۆژی ٢١ی ئایاری ساڵی ٢٠٠٩ لە تەمەنی ٨٤ ساڵیدا بەھۆی نەخۆشییەکی درێژخایەن لە ماڵی خۆی کۆچی دوایی کرد، بەڵام ڕۆژی دواتر لە ٢٢ ی ئایاری ساڵی ٢٠٠٩ بە بەشداری ھەزاران کەس لە گەلی بۆکان و شارەکانی دیکەی ڕۆژھەڵاتی کوردستان تەرمی پیرۆزی بەپێی وەسێتی خۆی لە داوێنی ناڵەشکێنە لە پەنای گۆڕی ھونەرمەندی مەزن حەسەن زیرەک ئەسپاردەی خاک کرا.