غازی حەسەن
بانگەشەیەكی زۆری میدیایی لەبارەی كۆبوونەوەی باڵای نێوان سەرۆكی ئەمەریكا و سەرۆكی رووسیا كرا، چەندین لێكدانەوەی جیاوازمان گوێ لێبوو، كەچی دەركەوت كۆبوونەوەكە تەنیا بریتی بوو لە نمایشی چەند پەیامێك و ئاماژەیەكی سیاسی و دیپلۆماسی و شكاندنی بەستەڵەكی نێوان هەردوو وڵات و كردنەوەی دەرگا بۆ دانیشتنی دیكە.
گەڕانەوە بۆ مێژوو
ئەمە جاری یەكەم نییە كۆبوونەوەی ئەمەریكا و رووسیا ببێتە جێگەی بایەخی دنیا، چوونكە زۆر لایەن گریمانەی دەستپێكردنەوەی جەنگی ساردیان كردووە. لە مێژووی سیاسی هەندێك ڕووداوی دیكەی لەم جۆرە هەبووە. تیمی (دۆناڵد ترەمپ)ی سەرۆكی ئەمەریكا جەخت لە گرنگی گفتوگۆی ڕاستەوخۆی نێوان زلهێزەكان دەكەنەوە، هاوشێوەی لووتكەی یاڵتا، كە لە ساڵی 1945، لەلایەن (فرانكلین ڕۆزڤێڵت) ی سەرۆكی ئەمەریكا و (جۆزێف ستالین) ی سەرۆكی رووسیا و (وینستن چەرچڵ) ی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا بەڕێوەچوو، لە دای ئەوە بڕیاری داڕشتنەوەی نەخشەی ئەوروپایان دا. ئاماژە بە كۆبوونەوەی باڵای ساڵی 1986ی نێوان (ڕۆناڵد ڕیگان) ی سەرۆكی پێشووی ئەمەریكا و (میخائیل گۆرباچۆڤ) ی ڕێبەری سۆڤیەت لە ڕیكیاڤیك لە ئایسلەندا دەكرێت، هەرچەندە نەگەیشتنە ڕێككەوتنێكی هەمەلایەنە بۆ سنوورداركردنی چەكی ئەتۆمی بۆ هەردوولا، سەرەڕای دوژمنایەتی (ڕیگان) لەگەڵ بیروباوەڕی سۆڤیەت، بەڵام لە مامەڵەكردنی لەگەڵ (گۆرباچۆڤ) پراگماتیك بوو. شرۆڤەكاران كۆبوونەوە باڵاكەیان بە وەرچەرخانێكی گەورە لە شەڕی ساردی نێوان هەردوولا دانا..
جارێكی دیكە یەكەمین كۆبوونەوە
دیسان ناونرا كۆبوونەوەی یەكەم، چونكە ماوەیەكە گرژییەكی توند لەنێوان هەردوو وڵاتدا هەیە، هەرچەندە (ترەمپ) لە كاتی بانگەشەی هەڵبژاردن و دوای دەست بەكاربوونی ئاشكرا و ڕاشكاوانە (پوتن)ی بانگ كرد بۆ كۆبوونەوە و هەمیشە پەیوەندی كەسی خۆی لەگەڵ هاوتاكەی بە ئەرێنی و باش وەسف دەكرد، سەرباری گوشاری سیاسی و هەڕەشەی سزا و جوولاندنی كەشتی ئەتۆمی.. تاد.ئەمە جاری یەكەمە (ترەمپ) سەردانی ئالاسكا دەكات، هەرچەندە لە خوولی یەكەمیدا چەندین سەردانی بۆ ئێلمندۆرف- ریچاردسۆن كردووە. (جۆ بایدن و باراك ئۆباما)ش سەردانیان كردووە. لە ساڵی 2015 ئۆباما بووە یەكەم سەرۆكی ئەمەریكا لەكاتی گەشتەكەی پێی لەسەر جەمسەری باكوور دانابێت. سەرچاوە ئەمەریكییەكان ئاماژەیان بەوە كردووە ئەم بنكەیە گەورەترین بنكەیە لە ئالاسكا و زیاتر لە 32 هەزار كەسی تێدایە، كە نزیكەی لە سەدا 10ی دانیشتوانی ئەنكۆرەیجن. ئەمەریكا 158 ساڵ لەمەوبەر ئالاسكای لە ئیمپراتۆریەتی رووسیا كڕی. لەڕاستیدا دوورگەی دیۆمیدی بچووكی ئالاسكا كەمتر لە سێ میل لە دوورگەی دیۆمێدی گەورەی رووسیا لە گەرووی بێرینگەوە دوورە، ئەمەش نیشانی دەدات لەم شوێنەدا جوگرافیای نێوان ئەو دوو وڵاتە چەندە لێك نزیكە.هەروەها ئەو سەردانكەرانەی كە هەوڵ دەدەن بە ئۆتۆمبێل بگەنە بنكەكە، ئامۆژگاری دەكرێن كە ئامێری فریاگوزاری و خواردن و بەتانی و سووتەمەنی زیادە لەگەڵ خۆیان بهێنن، بە لەبەرچاوگرتنی دوورییەكی زۆر.
سیناریۆكانی پێش لووتكە
وەكو گوتمان گەلێك لێكدانەوە و شرۆڤە كرا، سەرۆكی ئەمەریكا هەندێك لێدوانی دا، كەچی سەرۆكی رووسیا بەدەگمەن لەم بارەوە ئاخاوتنی هەبوو. هەندێك سێ گریمانە و سیناریۆیان ئاماژە پێكردووە، وەكوو:
سیناریۆی یەكەم: ڕێككەوتنێكی یەكلاكەرەوە :لە گەشبینترین سیناریۆدا، شارەزایان دەڵێن ترەمپ دەتوانێت لەگەڵ پوتن ڕێك بكەوێت لەسەر چوارچێوەی ئاگربەست، كە پێدەچێت «گۆڕینەوە»ی خاك لەخۆبگرێت. ئامانجی (ترەمپ) بەخێرایی كۆتاییهێنانە بە شەڕەكە و (پوتن)یش كە ئێستا ڕووبەڕووی گوشاری ئابووری بووەتەوە بەهۆی سزاكان و زیانە سەربازییەكانەوە، ڕەنگە نەرمی بنوێنێت بۆ چارەسەری دیپلۆماسی.
سیناریۆی دووەم: رێككەوتن، بەڵام دەرگاكان كراوەن ڕەنگە ڕێبازی «گەڕان»ی (ترەمپ) ڕێككەوتنێكی دەستبەجێی لێ نەكەوێتەوە، ئەگەر (پوتن) ئەو دیدارەكان دەقۆزێتەوە بۆ كڕینی كات.
سیناریۆی سێیەم: داڕمانی گفتوگۆكان و پەرەسەندنی گرژییەكان.
بەپێی پێشبینییە گەشبینەكان، ئەگەر (پوتن) بانگەوازەكانی (ترەمپ) بۆ كۆتاییهێنان بە شەڕەكە ڕەت بكاتەوە، ڕەنگە بێزاری سەرهەڵبدات، ترەمپیش بە هەڕەشەی بەرزكردنەوەی سزاكان یان پێشكەشكردنی هاوكاری بە ئۆكراینا وەڵامی بداتەوە.
جەنگی ئۆكرەین و ناكۆكییەكان و چارەسەر
دوای كۆتاییهاتنی كۆبوونەوە مێژووییەكە (ڤڵادیمێر پوتن) ڕایگەیاند: گفتوگۆكان لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ هاوتا ئەمەریكیەكەی لە ئالاسكا بناغەی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ واشنتۆن دادەڕێژێت. ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی كۆبوونەوەكە لە كەشێكی گونجاو و ڕێزگرتنی یەكتر بەڕێوەچووە. نەیشاردەوە، كە لەم كۆبوونەوەیە بناغەی پەیوەندی ڕاستەوخۆی زۆر باشمان لەگەڵ ترەمپ بڕیار لێداوە و دەبێت سنووری دوژمنایەتی لەگەڵ ئەمەریكا تێپەڕێنین و باوەش بۆ دیالۆگ بكەینەوە. هەرچەندە پەیوەندییەكانی هەردوو لامان لەم دواییانە گەیشتووەتە نزمترین ئاست. بۆیە پێویستە ڕەوشی پەیوەندییەكان لەگەڵ ئەمەریكا باش بكەینەوە و هەنگاوی هاوبەش دەست پێبكەین، ئەوەشی نەشاردەوە «یەكلاییكردنەوەی كێشەی ئۆكرەین درێژخایەن دەبێت». ئەم دیدارە كێشەی بنەڕەتی جەنگی دژ بە ئۆكرەینە، سەرۆكی ئەمەریكا دەمێكە داوای كۆتاییهاتن و وەستانی جەنگەكە دەكات، بەڵام رووسیا وەكو هەمیشە ئەوە دەكات كە درێژە بە داگیركاری دەدات، سەرۆكی رووسیا گوتی: «دیدگای خۆمان لەبارەی قەیران لەگەڵ كیێڤ بۆ سەرۆكی ئەمەریكا ڕوونكردۆتەوە، لەگەڵ ترەمپ هاوڕام لەسەر پێویستی دەستەبەركردنی ئاسایشی ئۆكرەین. سەرۆكی ئەمەریكا خواستێكی ڕاستەقینەی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لەگەڵ كیێڤ هەیە. ئێمە لە دڵەوە لەگەڵ چارەسەرین، بەڵام نابێت ئۆكرەین و ئەوروپا ڕێگری لەو پێشكەوتنانە بكەن، كە لە ڕێگەی ئیستفزازی و پیلانگێڕییەوە بەدەستیان هاتووە».(دۆناڵد ترەمپ) كۆبوونەوەكەی «زۆر بەرهەمدار» وەسفكرد و ڕایگەیاند: «ئەمڕۆ لەگەڵ رووسیا پێشكەوتنێكی زۆرمان بەدەستهێناوە، پەیوەندیشم لەگەڵ پوتن هەمیشە باش بووە، هەروەها دەمانەوێت بەسەر ناكۆكییەكانمان لەگەڵ رووسیا سەركەوین و لە هەنووكە بەرەو چارەسەری زۆربەی كێشەكانین.
برایەكی خراپ
وێنەكانی بڵاوكراونەتەوە ئاماژەن بۆ هێز و پێگە و چۆنیەتی پێشوازیكردن و نمایشی كۆبوونە باڵاكە و ئەو ڕێوڕەسمەی بەڕێوە چوو. (ترەمپ) وەكوو هەمیشە دەستەكانی لەپێناو گەیاندنی هەندێك لە پەیامەكانی بەكار دەهێنێت و (پوتن)یش دەیەوێت بە قسەكانی پەیامی برایەتی و رێزگرتنی ئۆكرەینەكان بنێرێت. (پوتن) نەیشاردەوە كە شەڕی ئۆكرەین هەڕەشەیەكەی بنەڕەتییە دژی ئاسایشی نەتەوەییان، گوتیشی «رووسیا ئۆكراینییەكان بە نەتەوەیەكی برا دەزانێت و هەموو شتێك كە ڕوودەدات كارەساتە بۆ ئێمە، برینێكی ترسناكە». لە كردەوەدا ئەوەی لە ڕووداوە خوێناوییەكان دەبینرێت، نیشانی دەدات كە رووسیا براگەورەیەكی باش نییە و نیەتی لەگەڵ ئۆكرەین برایانە و دۆستانە نییە، ئەوەی لە جەنگ بەدەستی هێناوە بە موڵكی خۆی دەزانێت و لەگەڵ كۆبوونەوەی باڵاش، كەچی ئاگربەستی لەگەڵ نەتەوە براكەی ڕانەگەیاند.
پوتن یەكەم قسە دەكات
وەكو سەرچاوە ڕۆژنامەوانییەكانی ئەمەریكا ئاماژەیان پێكردووە، كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكە بە شێوەیەكی نائاسایی دەستی پێكرد و(پوتن) یەكەمجار قسەی كرد، ئەوەش شكاندنی شێواز و پرۆتۆكۆڵی دیپلۆماسییە. سەرۆكی رووسیا ستایشی تۆنی دانوستانەكانی كرد و سوپاسی (ترەمپ)ی كرد بۆ میوانداریكردنی كۆبوونەوە باڵاكە گوتی: دانوستانەكانمان لە كەشێكی بنیاتنەردا بەڕێوەچووە، كە ڕێز لە یەكتر گرتنی تێدا بوو، دڵنیام ئەم شێواز و میراتە یارمەتیدەرمان دەبێت بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی پەیوەندییە سوودبەخش و یەكسانەكان و هاوبەشەكانمان لە قۆناغی نوێ، تەنانەت لە سەختترین بارودۆخیشدا.»ئەمە نیشانەیەكی گرنگە بۆ سەرلەنوێ داڕشتنەوەی پەیوەندییەكان و تێكگەیشتن و دوورخستنەوەی جیهان لە جەنگی سارد و هەنگاونان بەرەو ڕێككەوتن لەسەر كێشە گەورەكان. (ترەمپ) دەیەوێت و جددیشە بۆ كۆتاییپێهێنانی جەنگ، (پوتن)یش پێویستی بە دەربازبوونە لە سزا ئابوورییەكان و بە فەرمیكردنی ئەو داگیركارییەی لە نێو خاكی ئۆكرەین كردوویەتی.
هیچ ڕێككەوتنێك نەكراوە
كۆبوونەوە باڵاكە لە بنكەی هاوبەشی ئێلمێندۆرف- ریچاردسۆن لە ئەنكۆرەیج بەڕێوەچوو، ئەمە بۆ (پوتن) یەكەم گەشتی بوو بۆ ئەمەریكا دوای دە ساڵ لە ناكۆكی و دابڕان. ڕێورەسمی كۆبوونەوەكە بە فڕینی فڕۆكەی جەنگی و ئاهەنگی فەرشی سوور و سواربوونی نائاسایی و هاوبەش لە لیمۆزینە زرێپۆشەكەی (ترەمپ) دەستی پێكرد. دانوستانەكان بەبێ ڕێككەوتن كۆتاییان هات، دوای دانیشتنێكی داخراو كە ماوەی دوو كاتژمێر و نیوی خایاند، ئەم ئەنجامە لە ڕاستیدا جیاوازییەكی زۆری لەگەڵ لێدوانەكانی (ترەمپ) لەپێش كۆبوونەوە باڵاكە هەیە، كە قسەی بۆ فۆكس نیوز كردبوو، گوتی: «دڵخۆش نابێت ئەگەر بەبێ رێككەوتن و ئاگربەست كۆتایی بێت». ئەمە لە كردەوەدا سەرەتایەكی دیپلۆماسی و سیاسی یەكجار گرنگە بۆ كەمكردنەوەی كێشەكان، هەرچەندە پەیوەندیی و قەیرانە نێودەوڵەتییەكان بە گشتی لەسەر بنەمای سازش بەڕێوە دەچن. سەرۆكی ئەمەریكا لە كۆتاییدا توانی لەگەڵ (پوتن) كۆ ببێتەوە و ئەو بەستەڵەكە مەترسیدارە بشكێنێت، كە هەبوو. رووسیاش زیرەكانە لەپێناو بەدەستخستنی پتری كات و درێژەدان بە جەنگی داگیركاری لە ئۆكرەین و گوشار خستنە سەر ئەوروپا، ئەم كۆبوونەوە بە گرنگ وەسف دەكات. ئەوان ئاماژەیان بە هیچ رێككەوتنێك نەكرد، بەڵام مەیلیان هەیە، جارێكی دیكە لە مۆسكۆ كۆببنەوە. كۆبوونەوەكە لە ئالاسكا كە پێشتر خاكی رووسیا بووە، مانا و ئاماژەی تایبەتی هەیە، وەكو چۆن نمایشی فڕۆكەی سەربازی و جەنگیش لە هەمان كاتدا ئاماژەیەكی گرنگە بۆ ڕووسەكان.









