خەبات: سەید فاتیح بەرزنجی:- بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەكانی هەولێر لە سنوورێكی فراوانی هەیەولە 27 سەرۆكایەتی شارەوانی پێك دێت ولە ڕۆژ هەڵات لەشارۆچكەی كۆیە دەست پێدەكات ولە ڕۆژئاواش لە شارۆچكەی خەبات كۆتایی دێت و لە باكووریش لە سەرۆكایەتی شارەوانی هەریر دەست پێدەكات و لە باشووریش لە سەرۆكایەتی شارەوانی گوێڕ كۆتایی پێدێت و لە هەر سەرۆكایەتیەكی شارەوانی خزمەتگوزاری و ئاوەدانی دەگاتە ئەو شارەوانییە لە لێدوانێكدا بۆ ڕۆژنامەی خەبات ئەندازیار مەریوان حاكم هادی بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەكانی هەولێر ڕوونیكردەوە: سنووری بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەكانی هەولێر فراوانەو لە هەرشوێنێك كە ئاوەدانی تێدا بێت ئەوا پێویستی بە خزمەتگوزاری هەیەو لەڕێگەی سەرۆكایەتی هەر 27 شارەوانییەكان هەوڵدراوە خزمەتگوزاری بگاتە ئەو شارۆچكەو شارەدێیانەو كاری خزمەتگوزاری خاوێنكردنەوەی ئەو شوێنانە لەلایەن بە كۆمپانیاكانی خاوێنكردنەوە سپێدراوەو كاری چاككردنەوەی شەقامەكانیش بەوئامێرانە ئەنجام دەدرێت كە هەمانەو هەرچەندە ئەو ئامێرانە لەڕووی مۆدێلەوە كۆنن و كاری ڕۆژانەی پێ‌ ئەنجام دەدرێت دواتر دەربارەی ئیشوكارەكانی دیكەی خزمەتگوزاری ئەو بەڕێوەبەرایەتییە گشتییە سەردانیمان كردن.

ئەندازیار مەریوان حاكم هادی بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەكانی هەولێر دەربارەی گرنگترین كارو پڕۆژەكانیان لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەكانی هەولێر ڕوونیكردەوە: لەبەر ئەو قەیرانە داراییەی كە بەرۆكی هەرێمی كوردستانی گرتووە توانیومانە بەهەر شێوەیەك بێت خۆمان بگونجێنین و خزمەتگوزاریە سەرەتایییەكان بگەیەنینە ئەو شوێنانەی كە زۆر پێویست بووەو داواكاری هاووڵاتیانیش زۆر گرنگ بووەوكاریشمان بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاریەكان بە ئەنجامگەیاندووەو لە هەر گوندێك یاخود شارە دێیەك و شارۆچكەیەك ئەگەر داواكاری بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری هەبووبێت ئەوا بەپێی پێویست كارمان بۆ كردووەو لە سنووری هەر سەرۆكایەتی شارەوانیەك ئەگەر گلەیی و گازاندە هەبووبێت ئەوا بەدواداچوونمان بۆ كردوووەو هەموو كاتێك بەدەنگ داواكاری هاووڵاتیانی سنووری سەربە بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەكان هاتووین وگلەیی و گازاندەو داواكاریەنانمان لەڕێگەی قایمقامیەتیەكان و بەڕێوەبەری ناحیەكان یەكە كارگێڕیەكانەوە بەدەست دەگات و كاری جیدی لەسەر دەكەین و كردوومانە و هەرەوەها لەڕووی خزمەتگوزاریەوە سەرۆكایەتی شارەوانییەكان بەهەموو شێوەیەك هاوكارن لە دروستكردنی پەیوەندی ڕاستەوخۆ لە نێوان ئێمەو هاووڵاتیان ودەرخستەی پێویستیش ئامادە دەكرێت بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ شوێنەكان ولەڕووی كارگێڕییەوەش لەلایەن یەكە كارگێڕییەكانەوە سەرپەرشتی دەكرێت و هەموو ساڵێك بەپێی ئەو پلانەی كە پێی دەگوترێت پلانی پەرەپێدانی پەرەپێدانی پارێزگای هەولێر بەدڵنیاییەوە هەموو ساڵێك بەنزیكەی 60 هەتا 80 ملیار دینار زیاتر یاخود كەمتر بەپێی ساڵەكان گۆڕدراوەو تەرخانكراوە بە سنووری بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەكانی هەولێرو ئێمەیش بەپێی پێویست بەسەر سەرجەم سنووری سەرۆكایەتی شارەوانییەكان دابەشمان كردووەو لە هەندێ‌ شوێندا خزمەتگوزاری زۆری هەیەو لە هەندێ‌ شوێنیش خزمەتگوزاری كەمتری لێ‌ هەیە ئەویش بەپێی هەڵكەوتەی جوگرافی سەرۆكایەتی شارەوانییەكانە یاخود بەپێی ژمارەی دانیشتووانەو بەپێی ئەهمیەتی ئەو سەرۆكایەتی شارەوانیانە پلان دانراوە بۆ هەموو سەرۆكایەتی شارەوانییەكان و بە سوپاسەوە لە چوارچێوەی پلانی 2024و 2025 ژمارەیەكی یەكجار زۆری پڕۆژەی خزمەتگوزاری لەسنووری بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەكان كە بەنزیكەی 70 ملیار دینار دەخەمڵێندرێت لەلایەن پارێزگای هەولێرەوە ڕەزامەندی دراوەو هیوادارین كە زووترین كات ئەو پڕۆژانە بكەونە واری جێبەجێكردنەوە بەوە هەنگاوێكی گەورەی ئاوەدانی لەسەر دەستی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ هاووڵاتیان جێبەجێ‌ دەكرێت و زۆربەی هەرە زۆری ئەو پڕۆژانەی كە لە سەردەمی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەئەنجام گەیشتوون دەتوانم ناوی بنێم ژێرخان و پڕۆژەكان بریتی بووە لە پڕۆژەی گەورە وە ك دروستكردنی بەنداو و دروستكردنی جووت سایدی گشتی و دروستكردنی ڕێگا خێراكانی نێوان شارەكان وئەو پڕۆژانە كاردانەوەی زۆر باشی هەیە لەسەرهەموو شاروشارۆچكەكان و بەیەكەوە بەستانیان و هەر لەسنووری بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەكانی هەولێر تاوەكو ئێستا لەماوەی چەندین ساڵی ڕابردوودا گوژمەیەكی زۆر كراوەتە پڕۆژەی خزمەتگوزاری بەتایبەتی لەساڵانی 2024و 2025 بەنزیكەی 70 ملیار دینار پڕۆژەی خزمتگوزاری پێ‌ ئەنجامدراوەو لەلایەن پارێزگای هەولێرەوە بەڵێنی ئەوەمان پێدراوە كەلە ئایندەیەكی نزیكدا بكەونەواری جێبەجێكردنەوە بەرلەوەی بگەینە وەرزی بارانبارین.

دابەشكردنی زەوی
دواتر دەربارەی دابەشكردنی زەوی ئەندازیار مەریوان حاكم هادی بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەكانی هەولێر گوتی: دوای بڕیاری ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەساڵی ڕابردوو بڕیاری دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەكانی هەولێر هاوشێوەی هەموو سەرۆكایەتی شارەوانییەكانی دیكەو بەڕێوەبەرایەتیەكانی گشتی شارەوانی شارو ئیدارە سەربەخۆكانی كوردستان ئێمەش ڕاسپێدراین كە بە زووترین كات كارلەسەر ئەو بابەتە بكەین تاوەكو ئێستا نزیكەی 140 هەزار دۆنم بە درۆنی خۆمان ڕووپێوكاری بۆ كراوەلە18 سەرۆكایەتی شارەوانی زەوی ئامادەكراوە بەمەبەستی دابەشكردن و تاوەكو ئێستا نزیكەی 48هەزار فۆڕمی فەرمانبەران لەسنووری بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانی هەولێر لەئێستادا بوونیان هەیە لەدوای چێككردنەوەیان و دڵنیا بوونەوە لە ناوەكانیان بەمەبەستی سوودمەند بوون و سوودمەند نەبوونیان قۆناغ لەدوای قۆناغ تیرو پشكیان بۆ دەكرێت لەئێستادا لە پێنج سەرۆكایەتی شارەوانی لەسنووری بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەكانی هەولێرزۆر سوپاسی فەرمانبەرانی خۆمان دەكەین كەلەكاتی بەیانیان و شەواندا خەریكی كاربوون بۆ ڕاییكردنی مامەڵەی زەوییەكان و ئەنجامدانی تیرو پشكی زەویەكان و ڕۆڵی ئەو فەرمانبەرانە بەرز دەنرخێنین كە لەماوەی ساڵی ڕابردوودا شەوو ڕۆژدڵسۆزانە كاریان كرد و تا كاتژمێر نۆی شەو فەرمانبەران وەك یەك تیم كاریان كردووە و بەسەركەوتنی پڕۆسەی زەوی دابەشكردن لەسنووری پێنج سەرۆكایەتی شارەوانی نزیكەی 12 هەزار فەرمانبەر لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەكانی هەولێر زەویان بەسەردا دابەشكراوە، لە ماوەی یەك مانگ و نیوی كە لەبەر دەستماندایە مژدەیەكی دیكەی خۆشمان لەبەردەستدایە ئەویش هەریەكە لە سەرۆكایەتی شارەوانی بنەسڵاوەو دارەتوو كەسنەزان و ڕزگاری و پیرمام بە دڵنیاییەوە زەوی پێویستیان بۆ ئامادەكرێ، ئێمەش‌ بەمەستی دابەشكردن وەكو بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەكان بەدوای ئەو شوێنانەوەین كە زۆر نزیكن لە ئاوەدانی و گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆیان زۆر ئاسان دەبێت بۆ ئەوەی لە ئایندەیەكی نزیكدا وا لە فەرمانبەران بكەین كە وا سوود لەو زەویانە وەربگرن بەمەبەستی دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبوون بۆخۆیان و خانەوادەكانیان.

تاپۆكردنی زەوییەكان
دواتر دەربارەی ئەو زەویانەی كە فەرمانبەران وەریدەگرن دەكرێنە تاپۆ یاخود بەشێوەی كارت دەبێت ئەندازیار مەریوان حاكم هادی بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەكانی هەولێر گوتی: ئەو بابەتە پێویستی بە هەندێ‌ كات هەیە لەبەر ئەوەی ئەو بابەتە بابەتێكی هەمە لایەنەیە هەم بەڕێوەبەرایەتی هەمیش وەزارەتی شارەوانی ووەزارەتی دادو وەزارەتی كشتوكاڵ كار لەسەر ئەو بابەتە دەكەن و قۆناغ لەدوای قۆناغ بەرەو پێشەوە دەڕوات وبابەتەكە پێویستی بەكات هەیەوپێویستە زەویەكان كوژاندنەوەیان بۆ بكرێت و دوای كوژاندنەوەكانیان بۆ دەكرێ‌ پێویستە وەزارەتەكانی دارایی و وەزارەتی كشتوكاڵ ئەگەرگرێبەستی لەسەرە ئەوا گرێبەستەكانی لەسەر لابدات، ئەگەرتاپۆیە ئەوا پێویستە خاوەنەكانیان قەرەبوو بكرێنەوە دواترلە وەزارەتی دارایی ئەو زەویانە بەناوی وەزارەتی شارەوانی دەكرێ‌ ئینجا تەوحیدی ئەو زەویانە دەكرێت دوای ئەوەش جارێكی دیكە كاری زیاتری بۆ دەكرێ‌ ئینجا ئیفراز دەكرێ‌ ئەو بابەتە بابەتێكی ئاڵۆزەو لەهەمان كاتیش بابەتێكی یاساییەو پێویستە هەموو قۆناغەكان و هەموو وردەكاریە یاساییەكان تەواو بكرێن ودوای ئەوەش ئینجا زەویەكان دەكرێنە سەنەد یاخود وێنەی تۆمار، بۆیە لە ئێستادا پەنامان بردۆتەبەر ئەوەی كە لەقۆناغی یەكەم كارت بە فەرمانبەران بدەین بۆ ئەوەی دڵنیا بن لەوەرگرتنی زەویەكانیان و دڵنیا بن لە شوێنی ئەو زەویانەی كە بۆیان دەرچووە بە شێوەی تیروپشك دواتر هاوشان لەگەڵ ئەو پڕۆسەیە پڕۆسەی بەسەنەد كردنی زەویەكان بەردەوام دەبێت لەكارەكان وبۆ ئەو مەبەستەش یەكەیەك هەیە بەناوی یەكەی گۆڕینی كارت بۆ سەنەد لەناو وەزارەتی شارەوانی و لێرەوە زۆر سوپاسی خودی وەزیری شارەوانی دەكەین كە هاوكاری بەردەوامی ئەو لیژنەیەو هاوكاری تەواوی ئێمەش بووە لە سەرجەم پڕۆسەكەو دەستخۆشیش لەو یەكەیە دەكەین كە كارەكانی خۆیان بەڕێكوپێكی ئەنجامداوە لەگەڵ ئەوەش هەر ئەو یەكەیە لەماوەكانی ڕابردوودا زەحمەتی زۆریان كێشاو بەشێوەیەكی دڵسۆزانە نزیكەی 120 هەزار كارتیان گۆڕیوە بۆ سەنەد و دڵنیام قۆناغەكانی داهاتوو هەر هەمان ئەو یەكە ئەركی سپاردن و گۆڕینی ئەو كارتانە بۆ سەنەد لەئەستۆی خۆیان دەگرن و هەموو فەرمانبەرانیش دڵنیا دەكەینەوە كە لەماوەیەكی زۆر كورت و نزیكدا كارتەكانیش دەبن بە سەنەدو ڕاستەخۆ بەناوی فەرمانبەران دەكرێن.