سهرهتا وتار یاسای حەشدی شەعبی پێچەوانەی بنەماكانی دیموكراسییە
سەدیق سەعید ڕواندزی
یەكێك لە بنەما هەرە دیارەكانی سیستەمی دیموكراسی، كاركردنی دامەزراوەیی و جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكانە لە یەكتری، بە جۆرێك ئەرك و ڕۆڵ و دەسەڵاتیان، لە ڕووی سیاسی و یاساییەوە تێكەڵ نەكرێت. بێگومان ڕاستە گەل لە ڕێی پرۆسەی هەڵبژاردنەوە، نوێنەرایەتی خۆی دیاری دەكات و بنەماكانی حوكمڕانیەتییەكی دیموكراسی دەچەسپێنێت ، بەڵام كورتكردنەوەی خودی دیموكراسییەت وەك سیستەم تەنها لە هەڵبژاردن، هەڵەیەكی سیاسی گەورەیە و بەردەوام ئەو هەڵەیە، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی عەرەبی و عێراق بە تایبەتی، دووبارە دەكرێتەوە. دیموكراسییەت، كۆمەڵێك میكانیزمی سیاسی و دامەزراوەیی و كارگێڕیی لە خۆ دەگرێت و هەڵبژاردن و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، بەشێكی كەمن لە پرۆسەی بە دیموكراسیبوونی هەر وڵاتێك، چونكە زۆرجار هەڵبژاردن لە بری ئەوەی ببێتە هۆی گۆڕانكاریی ڕیشەیی لە دەسەڵاتدا، بە پێچەوانەوە ڕەوایەتی بە دەسەڵاتی پێشوو دەداتەوە، دیموكراسییەت، هەر تەنها سەركەوتنی زۆرینە نییە، بەڵكو لەوە گرنگتر، زامنی كەمینە و دەستەبەركردنی هەموو ئەو مافە نەتەوەیی و ئیتنیكییە جیاوازانەیە، كە لە وڵاتدا هەن.
لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسەوە لە عێراقدا، هەر چوارساڵ جارێك هەڵبژاردن دەكرێت و حكومەتێكی تازە پێكدەهێنرێت، كەچی هەمان ئەو كێشانەی بەغدا لەگەڵ هەرێم هەیەتی، وەكو خۆیان دەمێننەوە و بگرە قووڵتریش دەبنەوە، ئەمەش لە سۆنگەی ئەوەی كە هەڵبژاردن، ڕووخسارەكان دەگۆڕێت، بەڵام ئەقڵیەتە سیاسییەكە، كە بارگاوییە بە شۆفێنیزمی نەتەوەیی، وەك خۆی دەهێڵێتەوە، كە ئەویش بڕوا نەبوونە بە بوونی جیاوازی نەتەوەیی و فرە ناسنامەیی لە وڵاتدا. هەر بۆیە دەبینین، تا دێت مەیلی سیاسی دەسەڵاتدارانی عێراق، زۆرتر بەرەو ئاراستەی ناوەندگەراییە، كە ئەمەش پێچەوانەی جەوهەری دیموكراسییەتە، كە جەخت لە دابەشكردنی دەسەڵاتەكان و شۆڕكردنەوەیان و بۆ خوارەوە دەكاتەوە، چونكە هەموو دەسەڵاتێكی ناوەندی، ئەگەری بە دیكتاتۆربوونی هەیە، بە تایبەتیش لە وڵاتێكی وەكو عێراقدا، كە بە درێژایی مێژووی دروستبوونی، وڵاتێك بووە، بچووكترین بنەمای كولتووری دیموكراسییانەی تێدا نەبووە، بەڵكو وڵاتێك بووە، شوناسێكی عەسكەرتاری هەبووە، كودەتا یەك لەدوای یەكەكانیشی دەرخەری ئەو ڕاستییەن. لە وڵاتە دیموكراسییەكاندا، سوپا شوناسێكی نیشتمای هەیە و هێزێكی سەربازی ڕێكخراوەو سەروەری وڵات دەپارێزێت و لە دەرەوەی ئەو هێزە، بوار بە هێزی دیكەی سەربازی نادرێت، كەچی عێراق، كە گوایا لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسەوە، بە ئاراستەی عراقێكی نوێ هەنگاوی ناوە، دەیەوێت لە ڕێگەی پەرلەمانەوە، ڕووێكی یاسایی بە هێزێكی وەك حەشدی شەعبی بدات، كە هێزێكی میلیشییایە و لە سەر بنەمای مەزهەبگەرایی دروست بووە و شوناسێكی مەزهەبی هەیە، ئەمەش پێچەوانەی ئەو بنەما دیموكراسییانەن، كە دەبێ لە هەر وڵاتێكی دیموكراسی بوونی هەبێت، حەشد، هێزێكی سەربازی ناڕێكخراوە، لە هەڵومەرجێك دامەزرا، كە شەڕی داعش بوونی هەبوو، ئیدی هیچ بیانووێكی سیاسی و سەربازی بۆ مانەوەی نەماوە.
زەقكردنەوەی ئەو هێزە هاوتەریب لەگەڵ سوپای عێراق، گەرچی ئەویش فۆڕمێكی تەواو نیشتمانی نییە، دەلالەت لە هەبوونی دەسەڵاتی سێبەر، یان دەوڵەتی قووڵ لەو وڵاتە دەكات. بەو مانایەی لە ڕواڵەتدا دەوڵەت دامەزراوەی یاسایی و جێبەجێكردنی هەیە، بەڵام لە ناوەڕۆكدا دەسەڵاتێكی دیكە وەك تارمایی بە سەریەوەیە لە بنەڕەتدا ئەوەی حوكم دەكات، دەسەڵاتە سێبەرەكەیە وەك ئەوەی ئێستا لە پرسی حەشد و شیعە دەیبینین. بێگومان لە عێراقدا، هیچ پرسێك تەنانەت بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمیشەوە، بە بێ گەنگەشە و ڕەزامەندی چوارچێوەی هەمەهەنگی شیعەكان بڕیاری لە سەر نادرێت.
واتا چوارچێوەی هەمەهەنگی، دەوڵەت و حوكمەتی عێراق ئاراستە دەكات و سەرۆك وەزیران، دەبێ گوێڕایەڵی فەرمانەكانی ئەوان بێت. ئەمەش پێچەوانەی نەریتە كارپێكراوەكانی سیستەمی دیموكراسییە، كە تەنها گەل بە نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی خۆی دەزانێت و دەسەڵاتەكان، دەبێ سەربەخۆ و جیاكراوە بن لە كاركردن. بۆیە هەوڵدان بۆ بە یاساییكردنی هێزێكی میلیشیایی وەك حەشد، پێشهاتێكی سیاسی مەترسیدارە و سەرەنجام مەترسی گەورەی لە ڕووی پێكدادانی مەزهەبی و شەری تایفگەرایی لێ دەكەوێتەوە، ئەمە وێرای ئەوەی كە ئەو هێزە شوناسێكی مەزهەبی هەیە، ئەمەش هیچ گومانی تێدا نییە، ڕەنگە لە ئایندەدا، هەوڵی لە بۆتەدانی گشت پێكهاتە مەزهەبی و نەتەوەییەكان بدات. بۆیە كورد و سوننە، بە هیچ شێوەیەك نابێ ڕێگە بە تێپەڕاندنی پڕۆژە یاسای بە فەرمیكردن و بە ناو یاساییكردنی حەشد بدەن.