خەبات: عەلی بانیشاری:- بەپێی پلانی بەڕێوەبەرایەتیی ئەندازەی هاتووچۆی هەرێمی كوردستان، تەواوی ئەو شەقامە نوێیانەی لە دەرەوەی شارەكان دروست دەكرێن هێڵكاریی هاتووچۆیان بۆ دەكرێت. بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتییەكە دەڵێت: ڕێكخستنەوەی شەقامەكان كاریگەریی هەبووە لەسەر كەمبوونەوەی قوربانیانی ڕووداوەكانی هاتووچۆ لە تەواوی ناوچەكان. ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات، هەر شەقامێك ماوەیەكی زۆر بەسەر قیرتاوكردنیدا تێپەڕبووبێت، هێڵكاریی بۆ ناكرێت.

دیلان عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری ئەندازەی هاتووچۆی هەرێمی كوردستان بە (خەبات)ـی ڕاگەیاند: هەر شەقامێك لە دەرەوەی شارەكان لەلایەن وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە یان شارەوانیی قیرتاو بكرێت تیمەكانیان هێڵكاریی بۆ دەكەن. گوتیشی: لە ساڵی 2025دا هەوڵیانداوە زیاتر ڕێگاوبانەكانی دەرەوە هێڵكارییان بۆ بكرێت، بەتایبەت ئەو شەقامانەی هێڵكار و ئینارەیان نییە یاخود كەمە. زیاتر گوتی: هەر شەقامێك ماوەیەكی زۆر بەسەر قیرتاوكردنیدا تێپەڕ بووبێت هێڵكاریی بۆ ناكرێت، چونكە چینی سەرەوە پاش چەند ساڵێك لە قیرتاوكردن نامێنێت، ئەوەش وادەكات بۆیاخەكە لەگەڵ قیرەكە بەباشی یەك نەگرێت، لەو حاڵەتدا هێكاریی سوودی نییە.

ئەندازیار دیلان عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوەشدا، بەپێی ئەو توانایەی لە بەردەستی تیمەكان بووە لە دەرەوەی شارەكان زۆربەی ڕێگاوبانە نوێیەكان هێلكارییان بۆ كراوە، جەختی لەوەشكردەوە، كەرەستە و ئامێری پێویستیان بۆ كاری هێڵكاریی لەبەردەستە و تیمی تایبەتیان بۆ ئەو مەبەستە دامەزراندووە و كارمەندەكانیان خولی ڕاهێنانیان بینیووە.

لەبارەی دانانی هێمای هاتووچۆ لە ڕێگاوبانەكانی دەرەوەی شار، بەڕێوەبەری ئەندازەی هاتووچۆی هەرێم دەڵێت: هێماكان دەبێت لەلایەن كۆمپانیای تایبەتمەندەوە دابینبكرێن، لەوانەیە سستییەك لەو كارە هەبێت، بەتایبەت لەو دۆخە داراییە كە لەم دواییە دروست بووە. دەشڵێت: لەئێستادا بەڕێوەبەرایەتیی ئەندازەی هاتووچۆ زیاتر كار لەسەر هێكاریی دەكات، بەڵام بەدڵنیاییەوە لە داهاتوویەكی نزیكدا هێمای هاتووچۆ لەو شەقامانە دادەنرێت كە تاوەكو ئێستا بێ هێمان.

ئەوەشی خستەڕوو، پلانی وەزارەتی ناوخۆ تەنیا ئەنجامدانی هێكاریی نییە بۆ شەقام و ڕێگاوبانەكان، بەڵكوو دانانی هێمای هاتووچۆ و كامێرایی تیژڕەویشە. لەبارەی كەمبوونەوەی قوربانیانی ڕووداوەكانی هاتووچۆ، ناوبراو گوتی: بەپێی ئەو داتایانەی لە بەردەستماندایە ڕووداوەكانی هاتووچۆ كەمیانكردووە، ئەوەش دوای ئەوە پلانە وردە دێت كە وەزارەتی ناوخۆ بۆ ڕێكخستنەوەی شەقامەكان و پاراستنی گیانی شۆفێران و سەرنشینان گرتوویەتەبەر.

دیلان عەبدوڵڵا باسی لەوەشكرد، ماوەی دوو ساڵە بەچڕی كاری هێڵكاریی بۆ ڕێگاوبانەكان ئەنجام دەدەن، ئەوەش كاریگەریی هەبووە لەسەر ڕێكخستنەوەی شەقامەكان و كەمبوونەوەی جەنجاڵی. وەكو ئەو دەڵێت: هێڵكاریی وادەكات شوفێر پابەندی یاساكانی هاتووچۆ بێت و بەنێو هێڵەكاندا بڕۆات، بەدڵنیاییەوە ئەوەش كاریگەریی دەبێت لەسەر كەمبوونەوەی ڕووداوەكانی هاتووچۆ.

بەڕێوەبەری ئەندازەی هاتووچۆی هەرێمی كوردستان ئەوەشی گوت: لە ساڵی 2022ـەوە هێڵكاری شەقامەكان لە كۆمپانیا وەرگیراوەتەوە و دراوەتە بەشەكانی ئەندازەی هاتووچۆ. بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتییەكە، لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان هەشت تیمی تایبەت بە هێڵكاریی لە بەشەكانی ئەندازەی هاتووچۆ هەن لەگەڵ 100 كارمەندی گرێبەست كە ئەركیان بۆیاخكردن و ئەنجامدانی هێڵكارییە بۆ شەقام و ڕێگاوبانەكان.