باڵوێزخانەی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لە بەغدا، لەبارەی رووداوەكانی سلێمانی هاتە دەنگ و رای گەیاند كە ئەوان توندوتیژی رەت دەكەنەوە و داوای دان بەخۆداگرتنی كرد.
لە تویتێكدا كە پێگەی فەرمیی باڵوێزخانەی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لە بەغدا، لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (X) بڵاوی كردووەتەوە، نوێنەرایەتیی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لە نزیكەوە چاودێریی بارودۆخی سلێمانی دەكات.
هەروەك جەختی لەوە كردوەتەوە كە ”هەر كارێكی توندوتیژی رەت دەكەینەوە كە هەڕەشە لە سەلامەتیی گشتی و سەقامگیری بكات.“
هاوكات باڵویزخانەی ئەمریكا داوای لە هەموو لایەنەكان كردووە، دان بە خۆیاندا بگرن.
ئەمە لە كاتێكدایە كە نیوەشەوی رابردوو هێزێكی زۆری ئەمنیی یەكێتی بە چەكی قورس و تانك و زرێپۆشەوە هەڵیانكوتایە سەر هۆتێل لالەزار و پاش شەڕ و پێكدادان و كوژرانی حەوت كەس لە هەردوولا و برینداربوونی ٣٥ كەسی دیكە، لاهوور جەنگی و ئاسۆ و پۆڵادی برای دەستگیر كران.