خه‌بات: وریشە عومەر:- نووسەر و دەرهێنەر ئومێد کەمال، له‌بارەی نوێترین کاری شانۆگەرییان قسەی بۆ خەبات کرد و گوتی: شانۆگەریی (بەرد) نوێترین بەرهەمی تیپی شانۆیی پیرەمەگروونە کە له دیداری شانۆ، له شاری ڕانیە نمایشمان کرد.

ئومێد کەمال گوتیشی: شانۆگەریی بەرد، شانۆییەکە باس لە کوشتن و تاوان دەکات لە ژێر کاریگەریی ماددە هۆشبەرەکان و زوڵم و نەمانی بەهای خۆشەویستی و ڕێز کە لای ئێمە جووڵاندنی ئەم بابەتانە گرنگە. لە هەمانکات پیشاندانی لایەنە خراپەکانی و کاریگەری لەسەر ئەو کەسانەی تووشی دەبن. گوتیشی ئێمە ساڵانە وەک تیپەکەمان بەرهەمێکی شانۆیی یان دوو بەرهەم نمایش دەکەین. زیاتر کارەکانمان باس لە ڕووداوە ئانیەکان دەکات و پەیامێکی پەروەردەیی و مرۆڤایەتی هەیە.

ئەمەش یەکێکە لەو کارانەمان کە دوای ئەوەی لە شاری ڕانیە نمایشمان کرد، لە هۆڵی قوتابخانەی سارۆ لە ناحیەی پیرەمەگروون، شانۆگەرییەکەمان نمایش كرد. ئەگەر بارودۆخی ماددی یارمەتیدەر بێت و سپۆسنەرمان هەبێت لە شارەکانی دیکەیش نمایشی دەکەینەوە، شانۆیی بەرد، لە نووسین و دەرهێنانی ئومێد کەمال، ی. دەرهێنەر فەرەیدوون بەکر، لە نواندنی: گیڤارا جەبار، بێگەرد حەمە سلیم، هاوکار کەمال.