خهبات: پەری محهمەد:- ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای یاسای بودجە، مافێکی دەستوورییه، دەبووایه مووچەی مانگی شەش و ئەوانەی دواتر لە کاتی خۆی بنێردرایه، بەڵام حكوومەتی فیدراڵی عێراق هەمیشە سەقفی داواکارییەکانی بەرز دەکاتەوە و بەبێ هیچ هۆکارێکی یاسایی مووچەی فهرمانبهران نانێرێت. ناوبراو دەشڵێت: هیوامان هەیە کە هەفتەی داهاتوو، ئەگەر حكوومەتی عێراق بیانووی نوێ پێشکەش نەکات، مووچەی مانگی شەش بنێرن.
شێروان دووبەردانی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تایبەت بە ڕۆژنامەی خەبات ڕایگەیاند: هەفتەی داهاتوو مووچەی مانگی شەش بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەگات، ئەمە لە کاتێکدا کە ئەمساڵ بڕیاربوو هەموو مووچەکان لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا دابەش بکرێت، چوونکه حكوومەتی هەرێمی كوردستان پابەند بووه بە هەموو ڕێکكەوتن و مەرجەکان کە لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵی عێراق کراوە، بۆیه هیوامان وایه کە هەفتەی داهاتوو مووچەی مانگی شەش بێت، ئەگەر حكوومەتی فیدراڵی بیانووی نوێ پێشکەش نەکات.
دووبهردانی ئهوهشی گوت «وەکوو دەزانین شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای بودجە و یاسا، مافێکی دەستوورییە، دەبووایه لە دوای مانگی پێنج، مووچەی مانگی شەش و ئەوانەی دواتر له کاتی خۆی دابەش بکرێت. چوونکه هەموو کارەکان لە لایەن حكوومەتی هەرێمەوە تەواو کرابوون، بەڵام حكوومەتی فیدراڵی عێراق هەمیشە سەقفی داواکارییەکانی بەرز دەکاتەوە و بەبێ هیچ هۆکارێکی یاسایی مووچە نانێرێت، ئەم تاخیر کردنهش تەنها بۆ ئەوەیه قەیرانی دارایی لە هەرێمی كوردستان دروست بكهن، هەروەها هەوڵێکە بۆ نائومێدکردنی خەڵکی هەرێمی كوردستان لە حكوومهتی ههرێم.
شێروان دووبەردانی ئەوەشی خستە ڕوو: خەڵکی هەرێمی کوردستان باش دەزانن کە بەغدا، بەهۆی کۆمەڵێک بیانوو ناتوانێت مووچەی مووچەخۆران لە کاتی خۆی بنێرێت، ئەمەش نیشانەی ئەوەیه کە حكوومەتی فیدراڵی پابەند نەبووه بە ڕێکكەوتنهکان و جێگهی متمانه نییە، بۆیە دەبێت ئێمە و خەڵک بە هۆشیاری زیاتر ڕووبەڕووی ئەو دۆخە ببینەوە، بە تایبەتی كه لە ئێستادا لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق نزیک دەبینەوە و لە ڕێگەی دەنگدانەوە بتوانین دەنگی خۆمان یەک بخەین، هەوڵبدهین بۆ پاراستنی مافە نیشتمانییەکانمان لە عێراق.