خەبات: عەلی بانیشاری:- قۆناغی دووەمی نۆژەنكردنەوەی خانووی مەلای گەورەی كۆیە بەباشی بەڕێوەدەچێت و لە ئێستادا بە تێكڕا زیاتر لە 50%ـی كارەكانی نۆژەنكردنەوەی خانووە كەلەپوورییەكە تەواو بووە. مێژووی دروستكردنی خانووەكە دەگەڕێتەوە بۆ نیووەی دووەمی سەدەی 19 و بە دیاریكراوی سەردەمی مەلای عەبدوڵڵای جەلیلزادە كە دەكاتە باوكی مەلای گەورەی كۆیە. ئەندامێكی لیژنەی نۆژەنكردنەوەی خانووەكە كە قسەی بۆ (خەبات) كردووە دەڵێت: قۆناغی دووەمی نۆژەنكردنەوەی خانووی مەلای گەورە فراوانترە لە قۆناغی یەكەم و چەندین بڕگە لەخۆدەگرێت.
بەپێی وتەی بنەماڵەی مەلای گەورەی كۆیە، هەریەكە لە مەلای گەورە و مەسعود محەمەد لەو خانووە لە دایكبوون كە ئێستا نۆژەندەكرێتەوە. هێمن نوعمان، شوێنەوارناس لە فەرمانگەی شوێنەوار و كەلەپووری كۆیە و ئەندامی لیژنەی نۆژەنكردنەوەی خانووی مەلای گەورە بە (خەبات)ـی گوت: قۆناغی دووەمی نۆژەنكردنەوەی خانووی مەلای گەورە چەند بڕگەیەك لەخۆدەگرێت لەوانە: چاككردنەوەی تێكڕای سەقفی خانووەكە، چاككردنەوەی درزی نێو دیوارەكان، نقاریكردن، كەفماڵكردن و سپیكاریكردنی خانووەكە، جگە لەوانەش هەر لەو قۆناغەدا خزمەتگوزاری ئاو و ئاوەڕۆ و كارەبا بۆ خانووەكە دابیندەكرێت.
لە ساڵی 2021-2022 ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا ساڵانە 900 ملیار دینار بۆ نۆژەنكردنەوە و پەرەپێدانی كەرتی شوێنەوار و كەلەپوور لە هەرێمی كوردستان تەرخان بكرێت، نۆژەنكردنەوەی خانووی مەلای گەورەی كۆیەش هەر لەو چوارچێوەیەدا و لەسەر بودجەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتووگوزار، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەوار و كەلەپوور جێبەجێ دەكرێت.
بەوتەی هێمن نوعمان، پاش تەواوبوونی كارەكانی نۆژەنكردنەوەی خانووی مەلای گەورە، فەرمانگەی شوێنەوار و كەلەپووری كۆیە پلانی هەیە چەند ژوورێك لە خانووەكە بكاتە مۆزەخانەیەك بۆ دەستنووس و كتێبەكانی هەریەكە لە مەلای گەورە و مەسعود محەمەد، هەروەها بەشێكی دیكەی بكاتە سەنتەرێكی كەلتووری یان توێژینەوەی مێژوویی، ئەدەبی، ئاینی هەر بابەتێك كە خزمەت بكات بە بواری گەشتووگوزار و كەلتوور و ئەدەب لە قەزای كۆیە.
لە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆیە چەند پڕۆژەیەكی فریاگوزایی شوێنەواری ئەنجامدراون لەوانە ( لادانی مەترسییەكان لەسەر ڕێگای هاووڵاتیان لەو كۆڵانانەی كە خانووە كەلەپوورییەكانی لێیە. كەفماڵكردن و چاككردنەوە و دروستكردنی ئاوەڕۆی باخچە و قشڵەی كۆیە. پڕۆژەی بە دیكۆمێنتكردنی بینا كەلەپوورییەكانی شارەكە. نۆژەنكردنەوەی خانووی مەلای گەورە).
ئەو ئەندامەی لیژنەی نۆژەنكردنەوەی خانووی مەلای گەورە دەڵێت: زۆر شوێن لە كۆیە هەن بەلامانەوە گرنگە نۆژەنبكرێنەوە. لەوانە: خانی مەحموود ئاغا كە تاكە خانە وەكو كاروانسەرا لە هەرێمی كوردستان مابێتەوە و پلانە سەرەكییەی دەستكاری نەكرابێت. دەشڵێت: دۆخی خانەكە زۆر خراپە و خەونی من ئەوەیە نۆژەنی بكەینەوە و بیپارێزین. لەو بارەیەوە زیاتر گوتی: لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی و گەشتووگوزار و ڕێكخراوە بیانی و ناوخۆییەكان و هەروەها كونسوڵخانەكان لەسەرهێڵین و هەوڵی تەواو دەدەین بۆ ئەوەی خانەكە نۆژەن بكەینەوە.
هێمن نوعمان ئەوەشی گوت: ئەگەر لە قۆناغی ئێستادا بەهۆی قەیرانی دارایییەوە ناتوانرێت خانی مەحموود ئاغا نۆژەنبكرێتەوە، چەندین خانووی دیكەی كەلەپووری لە كۆیە هەن پێویستیان بە فریاگوزایی خێرا هەیە بۆ نۆژەنكردنەوە و پاراستنیان لە ڕووخان و لەناوچوون، سەبارەت بە دۆخی بینا كەلەپوورییەكانی قەزای كۆیە، ناوبراو گوتی: نزیكەی 65%ـی بینا و خاڵە كەلەپوورییەكان مەترسی ڕووخانیان لەسەرە و ئەگەری تێكچوونی بەش و نەخش و نیگارەكانیان هەیە، ئەوەی دیكەی كە دەمێنێتەوە و بەشێكی كەمە بەتایبەت خانووە كەلەپوورییەكان دۆخیان باشە.
بەپێی ئاماری فەرمانگەی شوێنەوار و كەلەپووری كۆیە، لە سەنتەری شاری كۆیە 85 خاڵی كەلەپووری هەیە كە خۆیان دەبیننەوە لە مزگەوت، مەزارگە، كڵێسا، چوارتاق، بینای بازرگانیی، شوێنی نیشتەجێبوون. هێمن نوعمان دەڵێت: تەواوی ئەو خاڵە كەلەپوورییانە پێویستیان بە نۆژەنكردنەوە و چاودێریكردن هەیە، وێڕایی ئەوەی پێگە شوێنەوارییەكانی نێو سەنتەری قەزاكەش پێویستە نۆژەنكردن بكرێنەوە و گرنگی تایبەتیان پێبدرێت، پڕۆژەی نۆژەنكردنەوەی خانووی مەلای گەورەی كۆیە لەلایەن لیژنەیەكی هاوبەشی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەوار و كەلەپوور و فەرمانگەی شوێنەوار و كەلەپووری كۆیە سەرپەرشتی دەكرێت.










