خەبات: عامر فەرحان:- کشتوکاڵ ئەو پیشە دێرینەیە لە قۆناغەکانی ڕابردوو تا ئێستا مرۆڤ بۆ دابینکردنی خۆراکی ڕۆژانەی پشتی پێبەستووە، بەڵام لە قۆناغی ئێستاماندا گۆڕانکارییەكی بەرچاو و پیشكەوتوو لە باخداری و کشتوکاڵدا ڕوویداوە، ئەویش بەهۆی بوونی ئامێری پێشکەوتووی کشتووکاڵیی، لە گوندی تەپەتۆڵەکەی پارێزگای هەڵەبجە گەنجێک توانیویەتی بە بەرهەمی ناوازەو سرووشتی ببێت بە جوتیارێکی نموونەیی و داواش لە گەنجان دەکات بۆ پتەوکردنی ژێرخانی ئابووریمان کاری کشتوکاڵی ئەنجام بدەن.
کەیوان فەریق جووتیارێكی نموونەیییە و توانیویەتی بە بەرهەمی دەگمەن و تەواو سرووشتییەوە، ببێت بە جوتیارێکی نموونەیی، ئەو داواش لە گەنجان دەکات بۆ پتەوکردنی ژێرخانی ئابووری کاری کشتوکاڵی ئەنجام بدەن و هێندە وابەستەی كەرتی گشتی نەبن و خۆیان ببنە خاوەنی پیشە و سەرچاوەی داهاتی خۆیان، ئەم جووتیارە نموونەییە لە لێدوانێکی تایبەتدا بە خەباتی ڕاگەیاند: کاری جووتیاری پیشەی باوك و باپیرانمە، كە بۆم ماوەتەوە، من ئێستا لە 14 دۆنم زەویدا کاری کشتوکاڵی دەکەم بەجۆرێک شەش دۆنم زەویم کردووە بە باخ و هەشت دۆنم زەویشیم تایبەت کردووە بەچاندنی بەرهەمە وەرزییەکان.
كەیوان فەریق گوتیشی: هەموو جۆرە میوەو سەوزەو بەرهەمێکی کشتوکاڵی بەرهەم دەهێنم، جیاواز لە جووتیارەکانی دیكە بەهیچ جۆرێک مادەی کیمیایی بۆ پێگەیاندنی بەرهەمەکانم بەکارناهێنم، بەتەواوی و بەڕێژەی %100 بەرهەمەکانم سرووشتییە، گوتیشی: من لە باخەکەمدا بەجۆرێک کەشوهەواکەم گونجاندووە لە ئێستادا جۆرێک لە هەنارم پێگەشتووە، کە وەرزی پێگەشتنی هەنار كاتی ماوە، بەڵام بەشێوازی تایبەت و تەکنیکی جیاوازی کشتوکاڵی دەتوانیت زۆر داهێنان لە کەرتی کشتوکاڵدا بکەیت.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: ئەگەر لایەنە پەیوەندیدارەکان هاوکاریم بکەن دەتوانم لەهەر چوار وەرزی ساڵدا بەسەدان تۆن بەرهەمی کشتوکاڵی بەهەموو جۆرەکانییەوە هەناردەی دەرەوەی هەرێمی کوردستان بکەم، وەک براندێکی کوردستانی بینێرم بۆ هەموو وڵاتان، کەیوان فەریق جووتیاری نموونەی ئەوەشی بۆ خەبات ڕوونکردەوە: خاکی ناوچەکەمان و کوردستان بەگشتی، زۆر لەبارە بۆ کاری کشتوکاڵی، بۆیە داواکارم خەڵک و جووتیاران بەتایبەتی گەنجان کاری کشتوکاڵ بكەن، چونکە وێڕای سوودی ئابووری تاکەکەسی، دەبێتە ژێرخانێکی گرنگی ئابووری بۆ وڵاتەکەشمان، ئێستا لە دەشتی شارەزوور ژمارەیەکی زۆری گەنجان سەرقاڵی کاری کشتوکاڵی و باخدارین، ئەوە جێگەی دڵخۆشییە و هیوادارم بتوانن سوود لە ئەزموونی کەسانی زیرەک لە بوارەکەدا وەربگرن، تا ساڵانە هەزاران تۆن بەرهەم بچننەوە بۆ ئەوەی پێداویستی ناوخۆ پڕبکاتەوەو پاشان هەناردەی وڵاتان بکرێت.
ڕوونیشی کردەوە: ئێستا پێشکەوتنی زۆر لە کەرتی کشتوکاڵیدا ڕوویداوە بەهۆی بوونی ئامێری پێشکەوتووی کشتوکاڵی، زۆر جار بەرهەمەکان لە ئاستی پێداویستی ناوخۆ زیاترن، ئەمەش وا دەکات نرخیان لە بازاڕەکاندا دابەزێت، بۆیە لەرێگەی خەباتەوە داوا لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم هاوکارمان بێت لەم ڕووەوە، ئەوەیش بە دابینکردی ساردکەرەوەی پێویست تا بەرهەمەکانی تێداهەڵبگیرێت، بەم شێوەیە بە درێژایی ساڵ پێویستمان بە هاوردەکردنی هیچ بەرهەمێکی کشتوکاڵیی لە دەرەوەی هەرێمی كوردستان نابێت، ئەو کاتە دەتوانین خۆمان بەرهەمە کشتوکاڵییەکانمان هەناردەی دەرەوە بکەین، ئەوەش زۆر گرنگە چونکە لە کۆمەڵگایەکی هاوردەکارەوە دەبین بەکۆمەڵگایەکی بەرهەمهێن و هەناردەکار.