میدیای بێلایەن و ماسکی لایەنداریی!

202

سەدیق سەعید ڕواندزی
گەرچی لە هەرێمی کوردستاندا، دەیان و سەدان دەزگای میدیایی و ماڵپەڕ و سەکۆی بڵاوکردنەوەی هەواڵ و ڕووداو هەن و لەژێر ناوی بێلایەنی و سەربەخۆیی و ئیتیکیتی کاری ڕۆژنامەوانی، گوایە؟! کاری ڕۆژنامەنووسی دەکەن و ڕووماڵی هەواڵ و ڕووداوەکان دەکەن، بەڵام گەر لەسەر گوتاری کارکردن و شێوەی مامەڵەکردن لەگەڵ ڕووداو و هەواڵەکانیان بووەستین، تێدەگەین کە نەک سەربەخۆ و پیشەمەند نین، بگرە زۆر بەڕوونی لەژێر کاریگەریی ئایدیای سیاسیی حزبێک دانە، یان دەکەونە سەنگەری هێزێکی دیکە، کەچی چەواشەکارانە و فریودەرانە، لافی ئەوە لێ دەدەن، کە بە بێلایەنییەوە کار دەکەن، بەڵام هەرخۆیان ئەو ماسکەی ڕووی ڕاستەقینەی ئەوانی شاردووەتەوە، لە میانەی کارکردنیان، لا دەبەن و ماهییەتی ڕاستەقینەیان دەردەکەوێت.

چەند ڕۆژێک لەمەوبەر، یادی جینۆسایدکردنی بارزانییەکان کرایەوە، کە یەکێکی ترە لە زنجیرەی ئەو کارەسات و تراژیدیایانەی بە دەستی ڕژێمی شۆڤێنیی بەعس و سەددامی دیکتاتۆر، چل و دوو ساڵ لەمەوبەر، هاوشێوەی ئەنفال و هەڵەبجە، بە سەر گەلی کورددا هاتوون و بارزانییەکانیش، بەداخەوە وەک هەر ڕۆڵەیەکی دیکەی ئەم نەتەوەیە، جینۆسایدکران. ئەم یادکردنەوەیە، لە بەشێک لەو میدیا و ماڵپەڕانەی کە گوایا سەربەخۆن و ئیتیکییانە کار دەکەن، هیچ گرنگییەکی پێ نەدرا، ئەمەش لە سۆنگەی ئەوەی کە ئەمانە بارزانین، ئیدی بارزانی و سەرۆکی حکوومەتیش، هەر بارزانین، کەواتە نابێ ئەم یادکردنەوەیە گرنگی پێ بدرێت! چونکە دەچێتە خزمەت پارتییەوە وەک حزبێک! ئەمە ئەوپەڕی هەستنەکردن بە بەرپرسیارێتی بەرانبەر گەلی کورد و خەڵکی کوردستان و دووربوون لە گیانی کوردستانی، هاوسۆزیی مرۆیی و نەتەوەییانەیە. چونکە دواجار ئەوانە بەرلەوەی کورد و بارزانی بن، مرۆڤن، یەکێک لە خەسڵەتە هەرە جوانەکانی مرۆڤیش، کە مرۆڤبوونی دەسەلمێنێت، ئەو هاوسۆزیی و پەرۆشییەیە، کە بۆ هاونەتەوەکەی هەیەتی.

ئەم میدیا بەناو بێلایەنانە، کاتێ هەواڵێکی لەو شێوەیە، ڕووماڵ ناکەن و یادی کارەساتێکی لەو شێوەیەش بە وتارێک و شیکارییەک و هاوسۆزییەک ناکەنەوە، بێگومان نە بێلایەنن، نە سەربەخۆ، بەڵکوو زۆر بە ڕوونی ناسنامەی فریودەرانەی خۆیان دەردەخەن و گوزارشت لە لایەنداریی خۆیان دەکەن، چونکە میدیای سەربەخۆ و پیشەیی، بە یەک مەودا لە نێوان هەموان دەوەستێت و تەنێ ئیتیکی کاری پیشەییانە ڕەچاو دەکات و شوناسی سیاسی و ئایدۆلۆژی، بۆ ئەو جێی بایەخ نین، چونکە ئەو میدیایەکی حزبی و لایەندار نییە، لەو سۆنگەیەوە ڕەخنەیەکی لەو شێوەیە ئاراستەی میدیایەکی حزبی ناکرێت، کە خۆی بە نەیاری پارتی دەزانێت، گەرچی ئەوانیش دەبێت وەک ڕووداوێکی تراژیدی ڕووماڵی ئەو یادکردنەوەیە بکەن، بەڵام ڕەخنە ئاراستەی ماڵپەڕێکی بەناو بێلایەن دەکرێت، کە گوایا سەربەخۆ و پیشەیی و ئیتیکییانە کاری ڕۆژنامەوانی دەکات. سەیر و نیگەرانی لەوەدایە، هەمان ئەو بەناو بێلایەنانە، چرکە بە چرکە، لەگەڵ ڕووداوەکانی غەززە دەڕۆن و ڕووماڵی دۆخی ئەو شارە دەکەن، کە هەموومان دەزانین لە سایەی توندڕۆیی ئیسلامی سیاسی و تیرۆریستیی حەماسەوە، ڕووبەڕووی ئەو دۆخە بۆتەوە.

برسیبوونی خەڵکی غەززە دەرەنجامی گەردەلوولی بەناو ئەقسایە، مەگەر بەرلەو ڕووداوە دۆخی غەززە بەو شێوەیە بوو؟ بێگومان کەس لاری لەوە نییە مرۆڤ هاوسۆزی مرۆیی فەلەستینییەکان بێت، چونکە ئەوانیش مرۆڤن و مافی ژیانیان هەیە، بەڵام گرنگیدان بە غەززە و خۆبواردن لە یادکردنەوەی کارەساتی بارزانییەکان، بێباکی و هەستنەکردنە بە بەرپرسیارێتیی میدیایی و نەتەوەیی و خۆ بواردنە لە تاوانێکی شۆڤێنییانەی ڕژێمی بەعس، هاوشێوەی هەموو تاوانەکانی دیکەی وەک هەڵەبجە و ئەنفالی گەرمیان و کوردستان بەگشتی. میدیای بێلایەن، دەبێ بە یەک ئاراستە و مەودا، مامەڵە لەگەڵ ڕووداو و ڕووماڵی هەواڵ بکات و لەو نێوەندەشدا، پرسە نەتەوەیی و سیاسییەکانی نەتەوەکەی خۆی و کۆمەڵگەکەی خۆی، بۆ ئەو لە پێشینە دەبن، نەک شەڕی حەماس و ئیسرائیل، چونکە سەرچاوەی جیهانیی دیکە هەن، خەڵکی غەززە ،سێ هەڵبژاردنی یەک لەدوای یەک، بە دەنگەکانیان ڕەوایەتییان بە حەماس دا تاکوو حوکمڕانییەتییان بکات. لایەنێکی سیاسی کاتێ شانازی بەوە دەکات کە یانزە دەفتەری بۆ خەڵکی غەزە ناردووە، بەڵام یادێکی کارەساتی ئەنفال و جینۆسایدی میللەتەکەی خۆی لە میدیاکانی خۆی ناکاتەوە.

دەبێ لەو ڕاستییەش ئاگادار بێت، کە باجی ئەم خۆبواردنەی دەدات و خەڵکی نیشتمانپەروەری کوردستان لەوە وشیارترە دەنگی پێ بدات! بەدەر لە ڕەهەندی مرۆیی و هاوسۆزیی کورد بۆ غەززە. ئەو دەمەی کورد ئەنفال دەکرا، بارزانییەکان زیندەبەچاڵ دەکران، عەجاج لە نوگرە سەلمان شکۆی مرۆڤی کوردی دەشکاند، کەس و لایەنێک نەبوو تەنانەت بە هاودەنگیش سۆزی خەڵکی کوردستان بکێشێت، مەگەر ئێمەش مرۆڤ نەبووین؟ کێ ئەوەندەی ئێمە بە دەستی دوژمنانی برسی کراوە؟ ئەم دوو فاقییە لەو میدیایانەی کە گوایە بێلایەن و سەربەخۆن، وێڕای ئەوەی متمانەیان لەنێو خەڵکی ناهێڵێت، هاوکات پێناسەی ئەوانیش دەکات و بە ڕوونی لایەندارییان دەردەخات، نەک بێلایەنییان.