ئازاردانی گەلی کوردستان بەردەوامە..!

114

عەمەر هەرگوشی
هەموومان دەزانین کە پاش ئەو هەوڵ و تەقلایانەی لای حکوومەتی هەرێم و دۆستانی گەلەکەمان بۆ چارەسەرکردنی پرسی مووچە؛ کە مافێکی دەستووری و یاسایی و سەرەتایی خەڵکی کوردستانە، هێشتا دەسەڵاتدارانی عێراق بەپێی (رێنماییەکانی حەشد) ئامادە نین مامەڵە لەگەڵ خواست و داخوازییەکانی کوردستان بکەن و پشتیان لە خواست و مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان کردووە و تەنانەت هێرش و هەڕەشەکانی سەر خەڵکی سڤیل و کەرتی وزەی هەرێمی کوردستانیان فەرامۆش و پشتگوێ خستووە.

هوشیار زێباری ئەندامی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی پارتی لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ کەناڵی سومەرییە دەڵێت: “بە ناو دەزانین ئەوانەی درۆنیان ئاراستەی هەولێر کردووە و حکوومەتمان ئاگادار کردووەتەوە، بەڵام دەسەڵاتدارانی عێراق بە ئەرکی خۆیان هەڵناسن” حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پرسی مووچە؛ هەموو بەهانەکانی حکوومەتی عێراقیان بڕیوە ،بەڵام هەر مووچە نانێرن، هەست بە هەبوونی نییەت خراپی دەکەین، کە پێدەچێت سەرەڕای نییەتپاکیی حکوومەتی هەرێم و گەلی کوردستان بەرانبەر بە بەغدا، هێشتا گرفتەکان بەرەو ئاڵۆزی دەچن و مافی ساکاری مووچەش بۆ خەڵکی کوردستان بە ڕەوا نابینن.

ئەم کات بە فیڕۆدان و ئەم بێنەوبەردە لەگەڵ بەغدا بەڕاستی مووچەخۆران و تەواوی خەڵکی کوردستانی هەراسان کردووە. پێویستە بە کوردی و کرمانجی تێبگەین کە ئەوان تا پێیان بکرێ سەری ئێمە دێشێنن و گرفتمان بۆ دروست دەکەن، ئێمە دەبێ تێبگەین کە ئاو بەم چەشنە لە دوو خاکەناسکەمان نایێت و ئەو ڕێککەوتن و زەردەخەنانەی دەسەڵاتی بەغدا بەرانبەر خەڵکی هەرێمی کوردستان نمایشن و گوایا کاری بێئەنجام بە بەرهەمدار پێشان بدەن. بەڵام لە دوای هەر ڕێککەوتن و تەوقەیەکی گەرم ئەوەی لە پشتی پەردەیە ئاشکرا دەبێت و ئاماژە بە نییەتی ناڕاستی دەسەڵاتداران دەکرێ بەرانبەر بە خەڵکی کوردستان و حکوومەتی هەرێم، خوا بکا فتنەیەکی گەورەتریان لەژێر سەرەوە نەبێت.

خەمی گەورەی ئێمە ئەوەیە کە پارتی بە تاقی تەنێ ئەرکی بەرگری لە خواست و مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان و مووچەخۆرانی گرتووەتە ئەستۆ و سرەوتنی نییە کە قوتی خەڵکی کوردستان لە دەمی ناحەزانی گەلەکەمان دەربێنێ و بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی بگەڕێنێتەوە. بەڵام داخی گرانم تەنیا پارتی دەکەوێتە بەر هێرشی ناڕەوا و هەندێک کەس ولایەن تەنیا بۆ خزمەتی بێگانە و بەرژەوەندیی بەرتەسکی خۆیان، پارتی تاوانبار دەکەن بە دواکەوتنی مووچە، بە قسە و بە بەڵگە و بە کردەوە ئەوان هاوکارن لەگەڵ ناحەزان و بیانوو دەدەنە دەست ناحەزان بۆ نەناردنی مووچە، تەنانەت خانمێک (گوایە)؟! کوردە لەسەر تەلەڤزیون بە ڤیدیۆی بەردەست دەڵێت: “ناردنی مووچە لە بەرژەوندیی ئێمە نییە”. من واتێگەیشتووم کە ئەو خەڵکانەی بە ناوی ئۆپۆزسیۆنی کورد خۆیان وێنا دەکەن، بە جددی ڕاوێژی بەغدا دەکەن کە مووچە نەنێرن، چونکە بێجگە لەمە ئەوان ناتوانن هیچ کێشەیەکی دیکە بۆ هەرێم دروست بکەن بۆئەوەی نانی حەرامی خۆیانی پێ بخۆن.