شەنگە هاوار كاكەیی
نیشتمان موڵکی هەموانە، موڵکی تاک بە تاکی کۆمەڵگایە، موڵکی چینی هەژار و دەوڵەمەند و کاسب و سەرمایەدارە، موڵکی ئافرەت و پیاو منداڵ و گەنج و پیرە ، لەو باوەڕەوە بەختەوەری تاک بەستراوەتە بە خاک. ئەگەر چاو بخشێنینە یاسا نێودەوڵەتییەکان دەربارەی وەرگرتنی مافی دەستەبەرکردنی ( جنسییە)تەجەنووس لە وڵاتانی ڕۆژاوا، کە بەپێی پڕەنسیپە یاساییە جیهانییەکان ڕێکخراوە، بەپێی ئەو یاسایە لە پاش تێپەربوونی چەند ساڵێک ماف دەبەخشرێتە ئەو پەنابەرانەی کە ڕوویان لەو وڵاتانە کردووە هەڵگری ڕەگەزنامەی ڕۆژاوایی بن، هەروەها بەهەمان شێوە ئەو مناڵانەی لەسەر خاکی ئەو وڵاتانە لە دایک ئەبن ڕاستەوخۆ ناسنامەی ئەو وڵاتەیان پێدەبەخشن کە وا باوانیان لێنیشتەجێن، لەم تێفکرینە دەگەینە ئەو باوەڕەی کە وا نیشتمان هەر نیشتمانێک یەکپۆشە و یەکڕەنگ و یەک بەرگی هەیە بۆ هەموان.
لەو بارەیەوە یەکێک لە بەرنامە و میتۆدە یاساییە سەرنجڕاکێشەکانی ئەو وڵاتانە بەدەر لە مافی نیشتەجێبوون (الإقامة )، وەکوو مافێکی بەخششدار (حق مکتسب )، دەستنیشانکردنی ڕۆژێکە بۆ بەڵێنی دووپاتبوونەوە ( قسم قانوني ) پێیان ڕادەگەیەندرێت و لە بەڵێنەکانیادا دووپاتدەکەنەوە کە خیانەت لە یاسا و ڕێسا و لە ئاووهەوا و خاکی ئەو وڵاتانە نەکەن کە وا مافی پەنابەراێتی و ڕەگەزنامەی پێبەخشیون، چوونکە لە مامەڵەکردن و هەڵسوکەوتی یاساییدا تاکی پەنابەر هیچ جیاوازییەکیان نییە لەگەڵ هاونیشتمانییەکی ڕۆژاوایی ڕەسەن، لەو ڕوانگەیەوە، ئەرکی سەرشانیانە بەوەفا و بەوەلا بمێنن بۆ ئەو نیشتمانە ڕۆژاواییەی کە وا ناسنامەی پێیان بەخشیوە، چوونکە لەڕووی هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی و مافی هاووڵاتیبوون یەکسانن.









