دیمانە – هاوار مورتكەیی
نینۆ لیپارتیا كچە كاراتێی جۆرجیایە و ئەگەرچی هێشتا لە تەمەنێكی سەرەتاییدایە، بەڵام خاوەنی چەندین دەستكەوتە لە سەر ئاستی جۆرجیا و ئەورووپا، نینۆ كە یاری بۆ یانەی پۆتی كاراتێ دەكات، خاوەنی پشتینی شینە و لە دیمانەیەكدا بۆ لاپەڕەی وەرزشی ڕۆژنامەی خەبات، تیشك دەخاتە سەر چیرۆكی چۆنێتی هەڵبژاردنی وەرزشی كاراتێ و ئەو دەستكەوتانەی لەو بوارەدا بەدەستی هێناون.
نینۆ لیپارتیا كە تەمەنی تەنها 13 ساڵە و لە شارۆچكەی پۆتی لە جۆرجیا لەدایك بووە، چیرۆكی چوونە نێو ئەو یارییە دەگێڕێتەوە و دەڵێت: ئێمە لە خانەوادەیەكی وەرزشدۆست پەروەردە بووین، هەموو ئەندامانی خێزانەكەمان یاریی شەتڕەنج دەكەن، ئەمە خولیایەكە بە باپیرانمانەوە بۆمان ماوەتەوە، بەڵام من لەپاڵ شەتڕەنج، حەزم لە یاریی كاراتێ كرد، هەمووان پێیان وابوو ناتوانم لەم یارییەدا سەركەوتوو بم، چونكە من جەستەیەكی لاوازم هەبوو، بەڵام لەگەڵ ئەو ناڕەزایەتییانە، هەر سوور بووم لەوەی خۆم فێرە كاراتێ بكەم، ئەوەبوو لەتەمەنی 6 ساڵییەوە دەستم پێكرد و سەرەتا لە بنكەیەكی فێربوون، خۆم فێر كرد.
دواتر ئەو كچە كاراتێیەی جۆرجیا گوتی: دوای ئەوەی فێری كاراتێ بووم، ماڵەوە تەواو پشتگیرییان كردم، ئەوەبوو پەیوەندیم بە یانەی پۆتی كاراتێ دۆ كرد و بەشداری پاڵەوانێتییەكانم كرد لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە، خۆشبەختانە تا ڕادەیەك تیایاندا سەركەوتوو بووم، لەسەر ئاستی شارەكەی خۆم توانیم پلەی یەكەم بەدەست بهێنم، دواتر نوێنەرایەتی جۆرجیام كرد لە پاڵەوانێتی ئەورووپا و خۆشبەختانە توانیم پلەی دووەم و بۆ ساڵی دواتر پلەی یەكەم بەدەست بهێنم، ئەمە بۆمن پاڵنەرێكی بەهێز بوو كە زیاتر ڕاهێنان بكەم و برەو بەخۆم بدەم.
ئەوكچە جۆرجییە باس لە ئارەزوویەكانی بۆ ئەو یارییە دەكات و دەڵێ: كاراتێ بۆ ئێمەی ئافرەت زۆر پێویستە و جیا لەهەموو ئامانجەكانی، ئەو ترسە سادەیە لە ناخی ئافرەتاندا دەڕەوێنیتەوە، چونكە ئافرەت كاتێك فێرە كاراتێ دەبێت، دەتوانێت لە هەر كارێكی نەخوازراودا بەرگری لە خۆی بكات، ئەمە جیا لەوەی جەستەت زۆر بەهێز و تەندرووست دەكات، ئێمە ڕۆژانە یەك كاتژمێر ڕاهێنان دەكەین و لەگەڵ ڕاهێنانەكانیش، ڕاهێنەرەكەمان هەندێ یاری ڕووبەڕووبوونەوه‌مان پێدەكات.
لە كۆتاییدا نینۆ لیپارتیای جۆرجی گوتی: حەز دەکەم وەک پێشتر چەندین جار نوێنەرایەتی جۆرجیا بکەم لە دەرەوەی وڵات، بۆ ئەمەش ئەندامانی خێزانەکەم و هاوڕێكانم، پشتگیریم دەکەن، بە هاوکاری ئەوانە کە ئەوەندە سەرکەوتن بەدەست دەهێنم، هەروەها شانازی بەدەسكەوتەكانم وەك پاڵەوانی ئەورووپام لە کاتا، هەروەها دووەمی پاڵەوانی ئەورووپام لە کومیتێ، پاڵەوانی ئۆراسیام لە هەردوو فیلمی کاتا و کومیتێ، زۆر پاڵەوانێتی دیكەی نێودەوڵەتیم بردووەتەوە لە ئەرمینیا و تبلیسی.