حەمە ئەحمەد جاف
لەرۆژی 23 ئایاری ئەوساڵ، (دە) ساڵ بەسەر كۆچ و ماڵئاوایی نووسەرو شاعیری ناداری كورد مامۆستا (كەریم شارەزا) تێپەڕدەبێت. مامۆستا كەریم شارەزا نووسەرو شاعیرو وەرگێڕو پەروەردەكاری دیار‌و گەورەی كوردستان بوو، نزیكەی 60 ساڵی تەمەنی بەخزمەتكردنی ژانرە جیا جیاكانی زمان و ئەدەب و كەلتوور‌و پرۆسەی وەرگێڕان و پەروەردەی وڵاتەكەی بەخشی .
مامۆستا كەریم ناوی تەواوی (كەریم كوڕی مستەفا ئاغا كوڕی حەمە ئاغای حەوێزی)یە و بە نازناوی (كەریم شارەزا) بابەت و شیعرەكانی بڵاوكردۆتەوە. هاوكات ئەو نازناوەشی لە زیرەكیی و شارەزایی لە زمان و ژانرە ئەدەبیەكان پێدراوە، مامۆستا كەریمی گەورە نووسەر و شاعیر لە رۆژی 4ی ئازاری 1928لەشاری كۆیەی مەڵبەندی رۆشنبیری ‌و هونەر لەدایكبووە. مامۆستا لەشاری كۆیە‌و بەغدا خوێندویەتی‌و ساڵی 1950 بەمامۆستا دامەزراوە‌و لەو بوارەدا وەك مامۆستا‌و بەڕێوەبەرێكی زیرەك ‌و بەتوانا لەلایەك‌و وەك دانەری پڕۆگرامی خوێندنی قۆناغەكانی سەرەتایی‌و ناوەندی‌و ئامادەیی لەلایەكی ترەوە،خزمەتی زۆری بە بوارەكانی پەروەردە‌و زمانی شیرینی كوردی‌و نەوەكانی كوردستان كردووە.
كەریم شارەزا هەر لەسەرەتای ژیانی گەنجیەتیدا لە ناوەڕاستی ساڵانی پەنجاكانی سەدەی رابردوو، خولیای ئەدەب ‌و نووسین دەبێ‌‌و وەك نووسەر‌و شاعیر‌و پەروەردەكار و لێكۆڵەر‌و وەرگێڕ خزمەتێكی زۆر و بەرچاو بەكاروانی ئەدەب و زمانی شیرینی كوردی ‌و نووسینی سروود و مارش و شیعری نەتەوەیی و كوردستانیی دەكات ‌و هاوكات مامۆستا لەبەر زیرەك‌و شارەزایی خۆی بەگەنجینەی زمان وزانیاری و رۆشنبیریی ناوبانگی دەركردووە.
لەسەرەتای دامەزراندنی یەكێتیی نووسەرانی كورد بووە بەئەندامی ئەو رێكخراوە‌و دوو خول بەسەرۆكی لقی هەولێری یەكێتیی نووسەران هەڵبژێردراوە‌و خزمەتی زۆری بەنووسەران و بەو رێكخراوە كردووە. مامۆستا شارەزا ئەندامی كۆڕی زانیاری كورد‌و ئەكادیمیای كوردستان بووە‌و شوێن پەنجەی لەخزمەتكردنی ئەو دوو دەزگایەدا دیارە.
مامۆستا كەریم پسپۆڕو شارەزای زمان و ڕێنووس و بۆماوەیەكی زۆریش ئەندامی كارای دەستەی نووسەرانی پاشكۆی (ئەدەب و هونەر) ی رۆژنامەی برایەتی و خەبات بووە
مامۆستای گەورە نووسەرو شاعیر لەسەرەتای دامەزراندنی پەرلەمانی كوردستانەوە تا ساڵی 2013 وەك وەرگێڕێكی شارەزا‌و بەئەزموون یاسا‌و بڕیارەكانی پەرلەمانی لە عەرەبییەوە بۆ كوردی بەزمانێكی پارا‌و وەرگێڕاوە.
مامۆستا شارەزا خاوەنی بەرهەمێكی زۆری چاپكراوە كە خۆی لە 16 كتێبی بەنرخ‌و دانسقەدا دەبینێتەوە‌و چەند بەرهەمێكی دەستنوس‌و چاپنەكراویشی هەیە هەروەها خاوەنی بەدەیان مارش و سروودە كە لەلایەن هونەرمەندانەوە دەگوترێنەوە. ئەمە جگە لە دەیان شیعرو سروودی لە كتێبی قوتابخانەكاندا تۆماركراون و دەخوێندرێن،كە گرنگترینیان شیعری (نەورۆز)ـە.
نەورۆزە مەستم بە نەغمەی بولبول
مەستم بە عەتری بنەوشەو سومبول
مەخابن ئەم مامۆستاو پەروەردەكار وقەڵەمە بەبڕشت و مەزنەی كوردستان، لە رۆژی 23ی ئایاری 2015 لەتەمەنی 87 ساڵیدا لەشاری هەولێر كۆچی دوایی كرد‌و چووە ریزی سەروەرانی قەڵەمە جوان و بەبڕشتەكانی نیشتمانەوە، لە سەرخواستی خانەوادەكەی تەرمەكەی برایەوە بۆ زێدی خۆی و لە گۆڕستانی دەروێش خدری شاری كۆیە بەخاك سپێردرا.
– سەبارەت بە هەواڵی مەرگ و ماڵئاوایی مامۆستا كەریم شارەزاش، شێخ ئیسماعیل بەرزنجی، نووسەرو شاعیر لە لێدوانێكدا بۆ كەناڵی رووداو گوتی : مامۆستا كەریم شارەزا بەسەردا كەوتبوو و ئازار بە سەری گەیشتبووە بۆیە لەماوەدی دوو مانگی رابردوو لەسەر جێگا بوو و بەرەبەیانی 23ی ئایاری 2015 لە نێو ماڵەكەی خۆیدا كۆچی دواییكردو بۆ دوایینجار ماڵئاوایی لە دنیای زمان و ئەدەب و رۆشنبیری كوردی كرد و جێیهێشتین و تەرمی پیرۆزی لە سەرخواستی خانەوادەكەی لە شاری كۆیەی زێدی بەخاكی دایك سپێردرا
مامۆستا كەریم شارەزای مەزن هەمیشە دەیگوت : حەزدەكەم بەر لەوەی بمرم دەوڵەتێكی كوردی سەربەخۆ ببینم .
درود و سڵاو بۆ گیانی پاك‌و پیرۆز رۆحی سپی فریشتەیی مامۆستا كەریم شارەزای گەورە نووسەر‌و شاعیرو پەروەردەكاری ناودار‌و گەنجینەی زمان و زانیاری و ئەدەب و رۆشنبیریی گشتیی.
شایانی باسە دوای ماڵئاوایی و كۆچی دواییكردنی مامۆستا شارەزای مەزن،
لە ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە2/12/2021 لقی هەولێری یەكێیتی نووسەرانی كورد
ڕێوڕەسمێكی شایستەی بۆ ناساندن و بڵاوكردنەوەی كتێبی (بیرەوەرییەكانی كاروانی ژیانی مامۆستا كەریم شارەزا) سازكرد.
ئەو كتێبە. تێكڕای (بیرەوەرییەكانی كاروانی ژیانی مامۆستا شارەزا)ی تێدا بڵاوكراوەتەوە.
* * *
مامۆستا كەریم شارەزا لەساڵی 1957ی زایینی لە شاری كۆیە شیعری (ئەی دڵەی زامدار) دەنووسێت و دواتر ئەو شیعرە شاكارەی مامۆستا لەلایەن مامۆستای ئاوازو موزیكژەنی كورد (زاهیر كۆیی) لە ناوەڕاستی شەستەكاندا ئاوازی بۆ دادەنێت دەیكاتە گۆرانی و دەیداتە گۆرانیبێژی خوالێخۆشبوو(عەدنان جەمال) تا لە رادیۆ و تەلفزیۆنی بەغدا تۆماری بكات، بەڵام مەخابن لەوێ شیعرەكەی لێدەگۆڕن، خۆشبەختانە جارێكی تر هەمان ئەو شیعرەی (مامۆستا كەریم شارەزا) لە ناوەڕاستی نەوەتەكان، لە لایەن كچە گۆرانیبێژی دەنگخۆشی شاری كۆیە (شنۆ ئیبڕاهیم) و تیپی مۆسیقای باواجی كۆیە دووبارە بۆ تەلەفزیۆن تۆماردەكرێت.
ئەی دڵەی زامدار
ئەی دڵەی زامدار، ئەی دڵەی زامدار
ئارامت ببێ، بەسیە گریە و زار
بەس هەڵبكێشە، ئاهی ئاگرین
بەس هەڵبڕێژە، فرمێسكی خوێنین
چونكە بێ سوودە، ناڵین و هاوار
بەرامبەر یاسا و، هێزی كردگار
بە ئاخ و ئۆف و، حاڵ پەرێشانی
نادۆزرێتەوە، رێی كامەرانی…
تا هێزت نەبێ، قەت نابی رزگار
لە جەور و جەفای، چەرخی رۆژگار
فرمێسكی خەم و پەژارە بسڕە
بەرگی ئازار و، مەینەتی بدڕە
زام و برینت بە مەرهەمی ژین
تیمار كە و، دەسكە بە هەوڵ و كۆشین
بە هێز و رەنج و، تینی تێكۆشان
نامێنێ كەند و، كۆسپی رێی ژیان
بچوك و گەورە و، بێ دەس و دەسدار
ئەژین پێكەوە، شاد و بەختیار
* * *
مامۆستا كەریم شارەزا، لەوشاكارە شیعرە یدا بیرو هزرو ئایدیایەكی پڕئەندێشەی قووڵ و فەلسەفەیەكی توند لەسەر ژیان و گوزەرانی پڕگریان و شینو ئازاری مرۆڤی كورد دروستدەكات هاوكات ناڵە و هەواری مرۆڤ، و هێزی پێویست بۆ ڕزگاربوون لە ژێرباری زەبرو نەهامەتی و سەختییەكانی رۆژگارو چەوسانەوەی چەرخی گەردوونی بەدكارو نالەبار نمایشدەكات.
مامۆستا لە و شیعرەدا تەئكید لەسەر ئەوە دەكات كە ناڵە و گریان بێسوودن ئەگەر مرۆڤ هێزی پێویستی بۆ گۆڕانكاری نەبێت. هەرچەندە خەم و ئازار بەشێكی ژیانن، بەڵام بە بێ هێز و تێكۆشان، ڕزگاربوون كەڵكی ئەوتۆی نامێنێت
شیعرەكە بانگەشەی ئەوە دەكات كە تەنیا بە هێزو رەنج و پاڵنەر (وەك ئەوەی لە هێزی گەلدا دەبینرێت) دەتوانرێت ڕێی ژیان كراوە بێت. ئەمەش بە توندی لە هێزی گەل و خەباتدا دەردەكەوێت
لە كۆتایی شیعرەكەدا، مامۆستاشارەزا بانگەواز بۆ یەكگرتنەوە و ژیانێكی شاد و بەختیار دەكات، گوتنی ئەو شیعرەش وەك گۆرانی لەلایەن (عەدنان جەمال و شنۆ ئیبڕاهیم)، هاوكات ئەمەش كاریگەری شیعرەكەی زیاتر كردووە و پەیامەكەی باشتر گەیاندووە.
مامۆستا شارەزای نەمر لە شیعرێكی دیكەیدا بەناوی (هێزی گەل ) ئەگەرچی شیعری «هێزی گەل» جیاوازترە لە زۆرلە شیعرەكانی، بەڵام هەمان پەیامی شیعری ( ئەی دڵەی زامدار) ی هەیە كە تێێدا هێزی خەبات و ڕاپەڕین وەك بوركانێكی ئاگرین كە دەتوانێت ڕژێمی ستەمكار بشكێنێت و ڕێگای ئازادی بدۆزێتەوە و دەرگای بەختەوەری و كامەرانی بۆ گەلە ستەمدیدەكی بكاتەوە. ئەمەش بە هاوشێوەی (هێزی گەل) لە «ئەی دڵەی زامدار»دا دەردەكەوێت.
هێزی گـەل
هێزی گەل، هێزی خەبات و راپەڕین
هەر وەكو بوركانی گەرمی ئاگرین
كەوتە كڵپە داری ژینی دوژمنی
كرد بە زوخاڵ، هەر لە پۆپەی تا بنی
كەوتە گڕ، سووتاندنی گیانی خوێنمژی
بۆ ئەوەی میللەت بە سەر بەستی بـــژی
مەشخەڵی ئازادی هەڵكرد بۆ جیهان
بۆ گەلان رۆشن بێ، تاكو رێی ژیــــان
قەف قەفی كۆت و كەلەپچەی رۆڵەكەی
تێكشكاند، بۆی سەند لە زۆردار تۆڵەكەی
عەرشی دامەزراوی سەر لاشەی بەشەر
هەڵتەكێنرا، زوو كــــرا ژێــرە و زەبـــەر!
رەو ڕەوەی مێژوو بەرەوپێش بێ گومان
هەر ئەسووڕێ، هەر ئەسووڕێ بێ وچان
* * *
لە كۆتایی ئەو شیعرەشدا كەریم شارەزای مەزن، سەرنج و تەماشاو تێڕامانێكی قووڵی ژیانی مرۆڤ و پێویستی بە (هێز و یەكبوونی گەل) پێشكەشدەكات. شیعرەكە تایبەتە بەوەی كە نەك تەنیا خەم و ناڵەی بێدەرەتانی گەل دەردەخات، بەڵكو ڕێگایەك بۆ ڕزگاربوونیش دەبینێتەوە.
وەك شاعیر پێماندەڵێت:
تا هێزت نەبێ، قەت نابی رزگار
لە جەور و جەفای چەرخی ڕۆژگار
هەڵبەتا ئەم پەیامە تا ئەمڕۆش كاریگەری خۆی هەیە و دەتوانرێت بۆ هەموو كەسێك كە لە ژێر گوشار و زوڵم و ستەمدایە، بەكاربهێنرێت و بكرێتە مەڕجەع . واتە ئەم شیعرە تایبەتمەندییەكی نایابی لە خۆگرتووە، چونكە تەنیا خەم و ئازار ناخاتە ڕوو، بەڵكو ڕێگایەكی ڕزگاربوونیش پلەسەر تەختی شانۆی ژیاندا نمایشدەكات،كە ئەویش هێز و یەكگرتنەوەیە. وەك لەو دێڕەیدا پێماندەڵێت:
بە هێز و رەنج و تینی تێكۆشان
نامێنێ كەند و كۆسپی رێی ژیان
ئەم بەیتە كلیلی شیعرەكەیە: واتە نابێ مرۆڤ هەر تەنیا شین و زارو ناڵە بكات، بەڵكو بە تێكۆشان وخەباتكردن ڕێی ئازادی و رزگاری خۆی بدۆزێتەوە. ئەمەش ئەو پەیامەیە كە شارەزا بۆ گەلی كورد و هەموو مرۆڤەكانی تر بۆ جیهانی دەگوازێتەوە.
– مامۆستا كەریم لە شیعری نەورۆزدا پێماندەڵێت : نەورۆزە و مەستم بە عەتری وەنەوشەو سومبول و شاد بە هاژەی ڕووباری بەفرین و سووربە شڵپەی شەپۆلی زیوین، لە هەر چوارلاوە ئاوازی هەنگی زێڕینی سەر گوڵ سروشتی خۆشی ئەخاتەناو دڵ و هاوكات شمشاڵی شوان و باڕەی كار ژۆڵان و جریوە و جوكەی بە سۆزی مەلان بەرە و گوێچكەی دڵ دێن لە دۆڵ و دەشت، خۆش وەك ئاوازی مۆسیقای بەهەشت، دەدەن بە گوێی سرووشتدا، لە كۆتایی شاكارە سروودی نەورۆز دا شاعیر دەڵێت:
لە هەر لا ئەمڕۆ مەستە بە شادی
مەستەبە خۆشیی ڕۆژی ئازادی
ڕۆژی پچڕانی زنجیری ژیان،
جەژنی نەورۆزی كوردو كوردستان
نەورۆز
نەورۆزە مەستم بە نەغمەی بولبول
مەستم بە عەتری بنەوشەو سومبول
شادم بە هاژەی ڕووباری بەفرین
سوورم بە شڵپەی شەپۆلی زیوین
ئاوازی هەنگی زێرینی سەر گوڵ
سروشتی خۆشی ئەخاتەناو دڵ
شمشاڵی شوان و باڕەی كار ژۆڵان
جریوە و جوكەی بە سۆزی مەلان
بەرە و گوێچكەی دڵ دێن لە دۆڵ و دەشت
خۆش وەك ئاوازی مۆسیقای بەهەشت
لە هەر لا ئەمرۆ مەستە بە شادی
مەستەبە خۆشیی ڕۆژی ئازادی
ڕۆژی پچڕانی زنجیری ژیان،
جەژنی نەورۆزی كوردو كوردستان
كۆیە 1958
* * *
– شاعیر لە شیعرێكی دیكەدا بەناوی (باوەڕناكەم) كە دەڵێت:
ئەگەر بڵێن
باوەڕ دەكەی ئینسانی كورد
رۆژێك دابێ و
دروست بكا مانگی دەسكرد
لە نێوانی ئەستێرەكانی ئاسمانا
بێ و، بچێ و، بنیات بنێ
شەقام و پرد
بفڕێ بە ناو
گوڵزارەكانی گەردوونا
بچنێ بۆمان
غونچەی هەزاران بیری ورد
دەڵێم : راستە، باوەڕ دەكەم
كورد زیندووە و، باوەڕم كرد
بەڵام هەرگیز
باوەڕ ناكەم
ئەگەر بڵێن
خۆشەویستی
كوردستانت
لە دڵدا مرد
هەولێر – 1972
* * *
ئەم شیعرە بەرگرییەكی زۆر هێمن و ئارامە بەڵام لە بنچینەدا توندە لە بەرامبەر نەهێشتنی حەزو خۆشەویستی نەتەوەییی كورد. شارەزا لە دوو بەشدا باوەڕ و باوەڕنەبوونی خۆی دەردەخات، یەكەم باوەڕی شاعیر بە توانای خەڵكی كورد دەردەخات، ئەو توانایەی كە مانگی دەستكرد دروست بكەن، شەقام و پرد لە ئاسمان بنیات بنێن، و غونچەی بیر لە گەردوون بچێنن. ئەمە ئاماژەیە بە ڕۆحی نەمر و ئەندێشەی بێسنووری كورد كە تەنانەت مەحاڵیش ناتوانێ ڕێگری لێبكات. كە دەڵێ كورد زیندووەو باوەڕمكرد
دەردەكەوێت بۆ ئەوەی نەمریی نەتەوەی كورد بسەلمێنێت.
لەبەشی دووەمدا ولە بەرامبەردا، شاعیر بێ باوەڕی خۆی بۆ «مردنی خۆشەویستی كوردستان لە دڵدا» دەربڕیوە. ئەمە ئەو خاڵەیە كە شیعر تیایداچاوهەڵدێنێ:
– مرۆڤ دەتوانێت ئاسمان بگرێت، بەڵام ناتوانێت خۆشەویستی نەتەوەیی بكوژێت. مردنی ئەم خۆشەویستیە گەورەترە لە هەموو مەحاڵێكی فیزیكی
شیعرەكە دوو بەشی هەیە (باوەڕو باوەڕنەبوون) كە یەكتری ڕووناك دەكەنەوە.
ئەم شیعرە لە ساڵانی كۆماری كوردستان و شۆڕشی ئەیلوولدا نووسراوە، كە بیرۆكەی نەتەوەیی لە كوردستان بەهێز بوو. بۆیە خۆشەویستی كوردستان لەو سەردەمەدا پەیامێكی ڕاستەوخۆی سیاسییشە .
ئەم شیعرە سەركەشییەكی شاعیرانەیە بۆ ناو ڕۆحی كورد، كە لە نێوان مەحاڵ و ژیاندا دەجوڵێت. شارەزا دەڵێت: كورد دەتوانێت ئاسمان بشكێنێت، بەڵام ناتوانێت خۆشەویستی كوردستان لە دڵی مندا بكوژێت ! ئەمەش خۆی لە خۆیدا پەیامی نەمریی شیعرەكەیەتی.
* * *
– شاعیر لە سروودی ( لە خەو راپەڕە) كە جوانترین و بە سۆزترین ئاوازی ماڕشی لە لایەن هونەرمەندی گەلەكەمان ــ خودا لێیخۆشبێت (مامۆستا باكوری) بۆ داندراوە و دەگوترێت.
لە خەو راپەڕە، هەستە بەیانە
كاتی هۆشیاریی و، هەوڵی ژیانە
خۆر شەبەقی دا بە رەنگی پاكی
تاریكی بەزاند، بە هۆی رووناكی
به تۆپی شادی رما خەمناكی
تەمبەڵی و سستی كەوتنە هیلاكی
لە خەو راپەڕە، هەستە بەیانە
كاتی هۆشیاریی و، هەوڵی ژیانە
تەیری بەندكراو بە تاریكی شەو
رزگارن لە چنگ كۆتی سەختی خەو
پەرتی ئاسمان و زەمینن بە ڕەو
بۆ ئەوەی بژین، ژیانێكی نەو
لە خەو راپەڕە، هەستە بەیانە
كاتی هۆشیاریی و هەوڵی ژیانە
كۆیە 1956
* * *

ئەو سروودە بانگەوازێكی هاندەرە بۆ ڕاپەڕین لە ناكۆكی و تاریكی و گرتنەبەری ڕۆژی نوێ بە هۆشیاری و هەوڵی بەردەوامی جەماوەر. شارەزا لەم سروودەدا چەند خاڵی گرنگی ئایدیایی و نەتەوەیی دەخاتە ڕوو لەوانە
ڕزگاربوون لە تاریكی
تاریكی بەزاند بە هۆی ڕووناكی
– ئەمە ئاماژەیە بە شكستپێهێنانی نادادپەروەری و ستەم و زۆر بە هۆی بیرۆكەی نوێ و شۆڕشگێڕانە مامۆستا كەریم پێشبینینی ئایندەیەكی ڕەسەن و ئازاد دەكات بۆ نەوەی نوێی كورد.
سروودەكە ڕیتمێكی بڵندی هۆشیاركرنەوە و هاندەری تێداهەیە كە گونجاوە بۆ خوێندنەوەی بەهێز و گرووپی، وەك سروودی شۆڕشگێڕانە!!
شارەزا لەم سروودەدا پەیامیئازادی و نەتەوەیی و ئومێد دەگەیەنێت، كە دەڵێت:
كاتی هۆشیاریی و هەوڵی ژیانە! ئەمە بانگەوازێكی ڕاستەوخۆیە بۆ گەلەكەی كە لە خەوێكی قوڵی نەتەوەیی هۆشیاربێتەوە!!
سروودەكە لە ساڵی ١٩٥٦ نووسراوە، كە سەردەمێكی گرنگی مێژووی كورد بوو. لەو كاتەدا ڕەوەندی ڕزگاریخوازی و هەستانەوە بەهێز بوو، و ئەم سروودە وەك هاندەرێك بۆ ڕاپەڕین كاردەكات.
(سروودی لە خەو راپەڕە) تایبەتمەندییەكی هونەری و ڕەوشتیی هەیە و وەك بانگەوازێكی نەمر بۆ ئازادی و ڕاپەڕین دەمێنێتەوە. ئەم سروودە نیشانەیەكی ترە لە توانای شاعیر و ریتمی شیعرییەت.
سەرچاوەكان
– دیوانی شارەزا / چاپی یەكەم 2016
– بیرەوەرییەكانی مامۆستا كەریم شارەزا
– كۆیە و شاعیرانی – بەرگی یەكەم، لێكۆڵینەوەی ئەدەبی- بەغدا1961
– ماڵپەڕی كوردیپیدیا
– كتێبی (خۆم و ئەستێرە گەشەكان) ئامادەكردنی: نەجمەدین عەزیز سمایل – بەرگی یەكەم – هەولێر 2022