ئەمڕۆ هەینی 8ی ئابی 2025، نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، “کابینەی ئەمنیی حکومەتی وڵاتەکەی پلانی نەتانیاهۆی بۆ دەستبەسەرداگرتنی تەواوەتی غەززە قبووڵ کردووە، هەروەها لە ماوەی دەستبەسەرداگرتنەکە، ئیسرائیل یارمەتیی مرۆیی بۆ خەڵکی دەرەوەی ناوچەی شەڕ دابین دەکات”.
زۆرینەی ئەندامانی کابینەکە لە دوای کۆبوونەوەیەکی 10 کاتژمێری لەسەر پێنج مەرج رێککەوتوون بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ لەگەڵ حەماس ئەوانیش بریتین لە:
1- چەکدانانی حەماس.
2- گەڕانەوەی 50 بارمتەی وڵاتەکە، لەنێویاندا 20 بارمتەی زیندوو.
3- چەكداماڵین لە تەواوی کەرتی غەززە.
4- ئاسایشی ئیسرائیل دەستبەسەر کەرتی غەززەدا دەگرێت.
5- حکومەتێکی مەدەنی لە کەرتی غەززە پێکبهێندرێت، نە لەدەست حەماس بێت، نە حکومەتی فەلەستین.
ئاماژە بەوەشدراوە، سوپای ئیسرائیل لەئێستادا لە %75ی غەززەی کۆنترۆڵ کردووە، هەروەها زۆربەی ئۆپەراسیۆنەکانی لە خاڵە جێگیرەکانی کەرتی غەززەوە یان لە پێگەکانی لە سەر سنوورەوە ئەنجام دەدرێت.