خەبات: وریشە عومەر:- خانمە هونەرمەندی نێو بواری نواندن سومەیە خەلیل، کارەکتەرێکی دیاری نێو کارە هونەرییەکانە، دەربارەی بواری نواندن و درامییەکان قسەی بۆ خەبات کرد و وەڵامی پرسیارەکانی بەم شێوەیە دایەوە.

چۆن ئاشنای كاری نواندن بوویت؟
بەردەوام حەزم لە بواری نواندن کردووە، هەمیشە حەزمکردووە ئەوکاتانە دەربکەوم بتوانم سوودێک بە هونەر و کۆمەڵگەکەم بگەیەنم، سوپاس بۆخوا ئێستا لەگەڵ نووسەر و دەرهێنەر کاک ئاکو ڕەش کاردەکەم هەست دەکەم شوێنی خۆم دۆزیوەتەوە، چونکە ئەو دەرهێنەرە سەرجەم کارەکانی لەپێناو کۆمەڵگە و هۆشیار کردنەوەی خێزاندایە.

دەتەوێت لەڕێی نواندنەوە چ پەیامێك بگەیەنیت؟
زۆر کێشە لە کۆمەڵگە هەیە ئەگەر زوو کۆنتروڵ نەکرێت کۆمەڵگە بەرەو هەڵدێر دەبات. هەمیشە ویستوومە کارێک بکەم سوودی بۆ کۆمەڵگەکەم هەبێت.

هۆكار چییە بینەری ئێستا لە درامای كوردی تۆراوە؟
بە ڕاستی فیلمەکانی ئێستا لە ناوەڕۆک لاوازن، بودجەی تەواویان نییە تا ئەو پێداویستیانەی دەیانەوێت دەستەبەری بکەن، هەندێ دەرهێنەریش هەستی قوڵ بەکار ناهێنێت تا ئەکتەر بەجوانی ڕۆڵی خۆی بنوێنێت.

بەچی دڵ خۆشیت؟
تەنیا بەیارمەتیدانی خەڵک و دڵخۆشکردنی چواردەورم دڵخۆش دەبم.