لە چوارچێوەی ئامادەکارییە بەردەوامەکان بۆ دەستپێکردنی خولی دووەمی خولی پاڵەوانانی یانەکانی کەنداو بۆ وەرزی 2025- 2026، شاندێکی فەرمی یەکێتی تۆپی پێی جامی کەنداوی عەرەبی، سەردانی شاری زاخۆ دەکات، لەوێ لەلایەن یانەی زاخۆ نوێنەری عێراق لە پاڵەوانێتییەکەدا پێشوازییان لێدەکرێت، شاندەکە بە سەرۆکایەتی جاسم ئەلرومەیحی ئەمینداری گشتی دەبێت، بەرنامەی سەردانەکە، گەشتی مەیدانی یاریگای نێودەوڵەتی زاخۆ و دامەزراوەکانی یانەکە لەخۆدەگرێت، هەروەها کۆبوونەوە لەگەڵ کارگێڕی یانەکە و لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر لایەنە ڕێکخراوەییەکان.
لەمبارەیەوە ئەلڕومەیحی دەڵێت: بەشداری یانە عێراقییەکان ڕەهەندێکی تەکنیکی و هاندەرانی بەهێز بۆ پاڵەوانێتییەکە زیاد دەکات، و چاوەڕێی چاپێکی پیشەگەرانەتر و کێبڕکێکارانەتر دەکەین، لەلایەكی دیكەوە فیدراسیۆنی تۆپی پێی جامی کەنداوی عەرەبی ڕایگەیاند، تیروپشکی خولی پاڵەوانانی یانەکانی کەنداو ڕۆژی دووشەممە 11ی ئابی 2025، کاتژمێر 12:00ی پاشنیوەڕۆ بەکاتی دۆحە، لە ڕێگەی زوومەوە ئەنجام دەدرێت، بەڕێوەبەری تەکنیکی یان کارگێڕی هەر یانەیەکی بەشداربوو، یان نوێنەرەکانیان بانگهێشت کراون بۆ ئامادەبوون لە کۆبوونەوەی بەرایی و ڕێوڕەسمی تیروپشک، پاڵەوانێتییەکەش لە 16ی ئەیلولی 2025، تا 14ی نیسانی 2026، بە بەشداریی گرووپێکی هەڵبژێردراوی یانەکانی کەنداو، لە چاپێکی ئومێدبەخشدا بەڕێوەدەچێت.