خەبات: رەنجبەر بەرزنجی:- بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری مین هەولێر بەردەوامە لە پاککردنەوەی کێڵگە مینڕێژکراوەکان و لەناوبردنی مین و تەقەمەنی و پاشماوە جەنگییەکان، بە پێی ئامارێک لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ لە سنووری پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران (399424) مەتر دووجا زەوی لە مین و تەقەمەنی پاککراوەتەوە، لە میانەی چەند پرسیارێکی خەباتدا عەلی عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری گشتی کاروباری مینی هەولێر وێڕای خستنەڕووی چالاکییەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان، ڕایگەیاند: بەداخەوە لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا نۆ هاووڵاتی لە سنووری پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بوونەتە قوربانیی ڕووداوەکانی مین و تەقەمەنی.
بەرهەمی تیمەکانی مینلابەر و تیمی لەناوبردنی تەقەمەنی نەتەقاوە
سەرەتا لەبارەی بەرهەمی تیمەکانی مینلابەری و لەناوبردنی تەقەمەنی نەتەقیوو عەلی عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری گشتی کاروباری مینی هەولێر گوتی: لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ لە لایەن تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری مینی هەولیر توانراوە 962 مینی دژەکەسی لەناوببردرێت، ئەمە جگە لە لەناوبردنی دوو مینی دژە تانک و لەناوبردنی 22760 دانە پاشماوەی تەقەمەنی جەنگی و بۆمبێکی چێنراو.
ژمارەی کێڵگەمینی پاککراوەکان
هەروەها لە بارەی ژمارە و ڕووبەری ئەو کێڵگە مینانەی لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا پاککراونەتەوە، بەرێوەبەری گشتی کاروباری مینی هەولێر وتی، تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری مینی هەولێر بەردەوامن لە پاککردنەوەی کێڵگەمینرێژکراوەکان و ڕادەستکردنەوەیان بە خاوەنەکانیان، لەو ڕاستایەدا بە شێوەیەکی گشتی لە لایەن تیمەکانمانەوە لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا (399424) مەتر دووجا، زەوی لە مین و تەقەمەنی پاککراوەتەوە و لە ئەنجامی کاری رۆژانەی تیمەکانی مینلابەریشمان لە ئێستادا ژمارەیەکی زۆر مین و پاشماوەی تەقەمەنی جەنگی دۆزراونەتەوە وکۆکراونەتەوە، بەڵام لە ئێستادا لەناونەبراون ئەمەش بەهۆی وەرزی هاوین و زۆربوونی پوش وپەڵاش و مەترسی ئاگرکەوتنەوە.
ئاماری قوربانیانی مین
ئەگەرچی بەردەوام لە لایەن بەرێوەبەرایەتی گشتی کاروباری مینی هەولێر بە چەندین شێوازی جیاواز هاووڵاتیان لە مەترسی ناوچە مینرێژکراوەکان ئاگادار دەکرێنەوە کەچی بەداخەوە ساڵانە ژمارەیەک لە هاونیشتمانیان بەهۆی ڕووداوەکانی مین و تەقەمەنییەوە دەبنە قوربانی لەو راستایەدا بەرێوەبەری گشتی کاروباری مینی هەولێر ڕایگەیاند، لە سەرەتای ئەمساڵەوە نۆ هاووڵاتی لە سنووری پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بوونەتە قوربانی ڕووداوەکانی مین وتەقەمەنی کە لەو ڕێژەیەدا پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە و چوار کەسیش بریندار بوونە، لە ماوەی ڕابردوودا تیمەکانی هوشیارکردنەوە لە بەریوەبەرایەتی گشتی کاروباری مینی هەولێر سەردانی 59 گوندیان کردووە کە هەڕەشە و مەترسی مین و تەقەمەنیان لەسەرە و پەیام و رێنمایی تایبەتی خۆپارێزیان بە دانیشتووانی ئەم گوندانە گەیاندووە، کە لە ئەنجامی سەردانی ئەم تیمانەی هوشیارکردنەوە نزیکەی 4336 هاونیشتیمانی لە پیاو و ژن و منداڵ سوودمەندبوونە بە پێدانی رێنمایی و پەیامی هۆشیارکردنەوە، لە لایەکی دیکەوە هەر لە لایەن تیمەکانی بەرێوەبەرایەتی گشتی کاروباری مینی هەولێر نزیکەی 3500 دانە هۆکاری هۆشیارکردنەوەی جۆراوجۆر بەسەر هاونیشتیمانیان دابەش کراون و دوو تابلۆی گەورەی هۆشیاریش لە شوێنە گشتییەکان دانراون و 63 پۆستەر و لافیتەی هۆشیارکردنەوەی دیکەش لە شوێنە گشتییەکان و شوێنە گەشتیارییەکان و شوێنەکانی نزیک لە ناوچە مەترسیدارەکان بە مین و تەقەمەنی بڵاوکراونەتەوە و هەڵواسراون.
